ئارین رۆژهەڵات
٢٥ی تشرینی دووەم ساڵی ١٩٦٠ سێ خوشک، بەنێوەکانی پاتێریا و مینروا و ماریا، لە وڵاتی دۆمینیکن، بە هۆی بەشداری کردن لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ترۆخیو بە ناحەق کوژران. ئەو ڕۆژەیان لە ساڵی ١٩٩٩ وەک ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ یادی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە و یەک ڕیزی ژنان بەنێو کرد. بەڵام پێش ئەو ڕۆژەی ئەو سێ خوشکە بکوژرێن و دوای ئەویش تا ڕۆژی ئەمڕۆ ژن دەبێتە قوربانی.
ئەوەی وەک پیاویش بە گوتن باسی ئازادی ژن دەکا، ژن کوژتر لەوانی دیکەیە و هەموو ڕۆژێک ژن لەبواری جستەیی و باوەڕی و ڕۆحیشەوە دەکوژرێ.
بۆ نمونە هەردەم زیندوو ژینا ئەمینی، بە دەستی کۆماری ئیسلامی بوە قوربانی، بەڵام کەسایەتی ژینا حەوت هەزار ساڵ پێش بە دەستی زێهنیەتی پیاوسالاری کوژرابوو. لە و شۆڕشە هەرکەس لەسەر شەقام دروشمی ژن-ژیان-ئازادی لە سەر زار بوو، بەڵام قەت هیچ پیاوێک جارێک نەیگوت با شەڕ لە دژی کەسایەتی و زێهنیەتی قەبە بوونی پیاو و پارادایمی نیۆتۆنی خۆم پێش خەم. یانی لێرەدا پێویست بە شۆڕشێکی زێهنیی و تێکۆشانێکی بەرفراوانتر لە دژی ئەو ئەقڵیەتە بە ئاشکرا دەبیندرێ.
تەنیا ژن بە خۆ بەڕێکخستن بوونی خۆی و یەک ڕیزی ویەکدەنگی دەتوانێ ئازادی خۆی بەدەست بێنێ، بۆیە پشت بەستن بەپیاو، بۆخۆی مەزنترین کۆیلایەتیەو بە دڵنیایەوە ڕێگری لە ئازادی ژن دەکا.
زۆر پێش کوشتنی ئەو سێ خوشکە، لە زاگرۆس وەک وڵاتی یەکەمین پێشەنگایەتی ژن و یەکەمین شوێنی سەرکوتی ژن ( شوێنی پیرۆزی و شوێنی نەفرەتە)، ژن بە جەستەو بە کەسایەتی کوژرا. لە چیرۆکی ئینوومائێلیشەوە تا کوشتن شلێر مەریوانی و ژینا سەقزی و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ، ژن دەبێتە قوربانی زێهنیەتی پیاوسالاری. هاوکات ژنانی کوردیش ئەمڕۆکە حەماسەی وەک سەرکەوتنی کۆبانی دەخوڵقێنن و بەرخۆدانی هەرێمی پاراستنی میدیا بە پێشەنگایەتی پاژک(پارت ژنی ئازادی کوردستان) دەبێتە دەلاقەی ڕووناکی و هیوا بۆ هەموو جیهان. یانی زاگرۆس دوالیزمی پیرۆزی و نەفرەتە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەرشیف و یادگای مێژووییمان، زۆر شوێنی دیکە وەک دۆمینیکین ئەو مژارە بەجیهانی دەکەن.
زۆر پێش مێژووی ئەو سێ خوشکە کەسایەتی ژن کوژراوەو دەکوژرێ؛
لە یەکەم بە لاڕێداچوونی مێژووی مرۆڤایەتی لە حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستاوە، هێرش بۆ سەر ژن دەستی پێ کردوە. زێهنیەتێکی مەترسیدار پێشکەوتوە و مرۆڤایەتی گەیاندۆتە قەیرانی ئەمڕۆ، لە ئاستی جیهانی دا کە لە کوشتنی ژن(تیامات) بە دەستی پیاو (ماردوک)، ئینانا بە دەستی ئەنکی، مانا بە دەستی باڵ، هەروەها زیۆس کە دایکی خۆی دەکوژێ و دەیان متیۆلۆژی دیکە دەست پێ دەکا، ئەوەش نیشاندەری هێرشی مەزنە لە سەر کەسایەتی و جەستەی ژن نیشان دەدا. هەروەها لە قۆناخی دەرکەوتنی ئاینی یەک خودایش، جەستەی ژن لە چاڵ نرا و ئەو هێرشە تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە.
هەموو ئەو چیرۆکانە نیشان دەدا کە پێشەنگایەتی و بەڕێوەبەری لە کۆمەڵگە لە دەستی ژن دا بوە، بۆ دەرخستنی بەڕێوەبەری لە دەستیان، ئەو پرۆسەیە پێکهاتوە و چینایەتی(سوبژە،ئۆبژە) سەردەستی و ژێردەستی- کەڵەکە کردنی دەسەڵات و ناوەند کردنی پیاو و ئەقڵیەتی بێ ویژدانی و بێ ئەخلاقی لە مرۆڤ دا ئاوا بێ.
کولتوری “خواوەند” لە ناو دەبەن جێگەی بە “خودا” پڕ دەکەنەوە (پێشەنگایەتی ژن دەبێتە دەسەڵاتی پیاو یا زێهنیەتی دوگماتیست)؛
کولتوری دایکانە (وەک دایکێک کە هەموو ژیانی خۆی فیدای مناڵەکانی دەکا) یا کولتوری کشتوکاڵ باسی نەریتی فیدایی بوون دەکا. لێرەدا شێوازی ژیان و پارادایمی کوانتۆمیکی دایکانە، یا لە خۆبردوویی بوونی دایک دەخرێتە بەرچاو. بە زمانێکی سادە پێشەنگ بوون بە کلتوری دایک لە ئاستی ماڵباتێک یا وڵاتێک دا کە بەڕێوەبەرایەتی لە ئەستۆی دایە بە و میتۆلۆژیانە هەوڵدان بۆ نۆڕمالیزە کردنی کوشتنی کەسایەتی و جەستەی ژن کراوەو هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ لە سەر ناوی ناموس بە ڕوانگەیەکی جنسیەتی سەیر دەکردرێ و دەیکوژن.
مێژووی کوشتنی کەسایەتی و جەستەی ژن، مێژوویەکی ئاوا دوورو درێژی هەیە. بۆیە لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٠ ەوە دەستی پێ نەکردوە، دوای شەهادەتی ئەوانیش کۆتایی پێ نەهاتوە. ڕۆژی ئەمڕۆ لە کوردستان و سەراسەری جیهان بە جەستەیی و بە کەسایەتی ژن دەکوژن، گۆڕستانی بێکەسان لە سلێمانی نمونەیەکی زۆر زەقە. بۆیە لەو ڕۆژەدا دەتوانین زیاتر لە هەر کاتێک بانگ بۆ تێکۆشان لە دژی توندوتیژی ژنان بکەین، سۆزی خۆمان بۆ ئازادی و یەک ڕیزی ڕابگەێنین.
ساڵڕۆژی شەهادەتی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە، بەڕێزداریەوە وەبیردێنمەوە و پەیمانی خۆمان بۆ تێکۆشان لە دژی سیستەمی پیاوسالار دووپات دەکەینەوە. بانگ لە هەر ژنێک دەکەم خۆی بەڕێکخستن بکا و بۆ ئازادی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە گۆڕەپانی تێکۆشان حازر بێ.