د. كامەران مەنتك
خەریكە گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە شێوازی شەڕەكان و ئەو چەكانەی بەكاردەهێنرێن دێتە ئارا، دەتوانین بڵێین لە دوای شەڕی غەزەو هاتنە ناوەوەی حیزبوالله ی لوبنان بەیەكدادانە راستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، قۆناغێكی تر و شێوازێكی تر لەشەڕ دەستیپێكردووە، كە فاكتەری جوگرافی رۆڵی تیادا كەمتر بووەتەوە، بۆ نمونە ئیسرائیل و ئێران لە دووری سەدان كیلۆمەتر ناوە ناوە لەرێگەی رۆكێت و درۆنەوە پەلاماری یەكتر دەدەن، هەرچەندە ئەم پەلامارانە زیاتر دەكەوێتە چوارچێوەی سیاسەتی سەنگراندنەوەو نمایشكردنی پێشبڕكێی چەك، بەڵام ئەوەشی خستە روو، كە لەمەودوا شەڕەكان زۆر جیاوازتر دەبن، روسیا لە ئۆكرانیا هەرچەندە لە سەرەتادا سوپای جولاندو بەشێوازی شەڕی تەقلیدی دەستیپێكرد، بەڵام ئێستا ئەویش خەریكە دەچێتە چوارچێوەی ئەو شێوازە نوێیەو زیاتر پشت بەهێزی رۆكێت و چەكە دوورهاوێژەكانی تر دەبەستێت و ناوە ناوەش هەڕەشەی چەكی ئەتۆمی دەكات.
سیمای سەرەكی ئەو شەڕە نوێیە ئەوەیە، كە سوپاكان راستەوخۆ ناچنە ناوشەڕەوەو گۆڕەپانێكی شەڕ لەنێوان هێزەكاندا نییە بۆئەوەی رووبەڕوو لەسەری بجەنگن و بەیەكدا بدەن، وەكو شەڕەكانی رابردوو، بەڵكو خودی وڵاتەكان خۆیان دەبنە گۆڕەپانی شەڕ، كە ئەمە مەترسی شەڕەكان زیاتر دەكات، هەرچەندە لایەنە شەڕكەرەكان لەرێگەی شەڕی بە وەكالەتەوە هەوڵدەدەن گۆڕەپانی شەڕەكە لەخۆیان دوور بكەونەوە، بەڵام لەكۆتایدا بەهۆی پێشكەوتنی چەكەوە، شەڕ دەچێتە ناو ماڵی ئەوانیشەوە، بۆ نمونە ئێران شەڕەكەی لەگەڵ ئیسرائیل لە یەمەن و لوبنان و ئێراق دەكات، ئێستاش هەوڵدەدات ئێراق زیاتر لەشەڕەكە بئاڵێنێت، بۆئەوەی وڵاتەكەی خۆی لەشەڕی راستەوخۆ دوور بكاتەوە، بەڵام لە دواجاردا بینیمان، كە رۆكێتەكانی ئیسرائیل چۆن شوێنە هەستیارەكانی ناو خاكی ئەو وڵاتەیان كردە ئامانج، بە هەمان شێوە ناتۆو ئەمریكا هەوڵدەدەن شەڕەكانیان لەگەڵ روسیا لەسەر خاكی ئۆكرانیا بكەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەبەردەوامبوونی شەڕەكە خودی ئەوروپاش دەكاتە یەكێك لەگۆڕەپانەكانی شەڕو ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت دەبێت چاوەڕوانی رۆكێتەكانی روسیا بكەین، كە شوێنە ستراتیژییەكانی وڵاتانی ئەوروپا دەپێكن، بە پلەی یەكەمیش لە قۆناغی ئایندەدا وڵاتانی باڵكان و ئەوروپای رۆژهەڵات دەبێت.
ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو شەڕە نوێیانە دەبینین لێدانەكان زۆر بەخێرایی دەبێت و دواتر دەوەستێت، دەربارەی ئەو شوێنانەش بە ئامانج دەگیرێن، زانیاری زۆر كەم بڵاودەكرێتەوەو تا رادەیەكی زۆر بە نهێنی لە نێوان لایەنە شەڕكەرەكاندا دەمێنێتەوە، وەك لەیەكدانە ئاسمانییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هاوكات لەشەڕی ئیسرائیل و حیزب والله شدا، ئەنجامی شەڕەكان زۆر نهێنیەو كەمتر زیانەكان و ئامانجە گرنگەكان نیشان دەدرێن، لە هەندێك حالەتدا شەڕەكان مۆركی زۆرانبازی كەسی وەردەگرن، درۆن بەرامبەر سەركردەیەك لەسەركردەكان، لەیەكێك لەشەقامە گشتییەكان درۆنێك ئۆتۆمۆبیلێك دەپێكێت و دوای كوژاندنەوەی ئاگرەكەو گواستنەوەی تەرمەكان دیمەنە میدییاییەكانیش دادەخرێت، ئەو جۆرە شەڕە ماوەیەكی زۆرە توركیا دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی توركیا بەكاریدەهێنێت.
یەكێكی تر لە سیماكانی ئەو شەڕە نوێیە بایەخ نەدانە بە ژمارەی كوژراوەكان و قوربانییە مرۆییەكان، هەوڵدەدرێت ئەو دیمەنانە لە رای گشتی بشاردرێتەوە، بۆ نمونە ئیسرائیل سەدان رۆكێت و درۆنی خۆكوژ ئاڕاستەی ئێران دەكات، میدیاكان باس لە كوژرانی دوو كەس دەكەن، كە ئەمە هەرگیز رێی تێناچێت و ناچێتە ئەقڵەوە، وەك ئەوە دێتە بەرچاو، كە جۆرە رێكەوتنێك لەنێوان لایەنە شەڕكەرەكانەوە هەبێت لەمبارەیەوە.
فراوانبوونی چوارچێوەی شەڕەكە زۆر بە وریایی و بەشێنەیی كاری لەسەر دەكرێت، رەنگ بێت بەیانییەك لەخەو هەڵسیت هەواڵی ئەوەت بكەوێتە بەرچاو، كە لەئێراق دراوەو هێزە سەرەكییەكانی وەكو حەشدی بە تەواوی لەكارخراون، كە دیارە ئەمە رێگە بۆ تەقینەوەی جەماوەری یاخود كودەتای سەربازی زۆر خێرا لەئێراق خۆش دەكات، مەبەست لەو نمونەیە ئەوەیە گۆڕانكارییەكان هێندە بەخێرایی بەڕێوە دەچن، مرۆڤ هێشتا بیری لە رووداوێك نەكردۆتەوەو زانیاری نەكەوتۆتە دەست، كە رووداوێكی تری بە دوا دادێت، بۆیە دەبێت هەمیشە لەچاوەڕوانی رووداوی كت وپڕو چاوەڕوان نەكراودا بین، ئەمەیە وایكردووە ژیانی مرۆڤ لەهەموو قۆناغەكانی پێشووتردا مۆركی نائارامی و دڵەڕاوكێیەكی قووڵی پێوە بلكێت، كە دیارە رۆژ بە رۆژ ئەو دۆخە قووڵتر دەبێتەوەو هەمووان لە چاوەڕوانی بەیانییەكی نادیار دەبن، هەمووان گرەو لەسەر گۆڕینی دەسەڵاتداری ئەمریكا دەكەن بۆئەوەی سەقامگیرییەكی جیهانی بێنێتەدی و ئەو دڵە راوكێیە بڕەوێنێتەوە، كە دیارە ئەمەش گرەو كردنە سەر ئەسپێكی تۆپیو، لەبەرئەوەی ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی جیهان لەرێگەی گۆڕانی دەسەڵات لە وڵاتێكەوە بەری پێناگیرێت