ئازا پرێس
هەریەک لە ئاژانسی مەعلومەی عێراقی و ڕۆژنیوز، ئاشکرایان کردووە کە چەکدارانی پارتی ڕۆژی ٢٠ـی تشرینی دووەم، دوای ئەوەی گەریلاکانی پەکەکە چالاکییان لە دژی سوپای تورکیا ئەنجامدا و سوپاش بەچکی قورس بۆردوومانی ناوچەکەی کرد، لەو کاتەدا ئەو گەنجانەی گوندی گوهەرز بە مۆبایلەکانیان بۆردوومان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان تۆمار دەکرد.
بە هۆی ئەوەی ئەو گەنجانە لە بنکە و بارەگاکانی تورکیا بیندراون، ئەوا دەستبەجێ فەرمانیان بە چەکدارانی پارتی کردووە کە ئەو گەنجانە دەستبەسەر بکەن.
دوای ئەوەش چەکدارانی پارتی هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی گوهەرز و سێ گەنجیان بەناوەکانی (ئاوار محەمەد تاهیر، ڕێدوور تۆفیق، ئامەد تۆفیق) ڕفاندووە و ماوەی سێ ڕۆژە لە ئاسایشی شارەدێی دێرەلوک دەستبەسەرکراون و مۆبایلەکانیشیان لێوەرگیراوە.
ئەوەش زانراوە کە پێشتریش هەریەک لە (مەناف نەزمی، خالد نەجیب، ئەحمەد ئیبراهیم، تالب مووسا، هەوار مووسا، ئیبراهیم جبرائیل، بەدەل نوری) بە هەمان مەبەست بە ماوەی شەش مانگ زیندانیی کرابوون و بەشێکیانیش ئەشکەنجەی توند درابوون.
جێگەی ئاماژەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا راگەیاندنەکان ئەوەیان بە بەڵگە ئاشکرا کرد، کە سوپای تورکیا سەرقاڵی دروستکردنی رێگەی نوێ و بارەگای سەربازییە لە پشتی گوندی گوهەرزەوە و چەکدارانی پارتیش ئەرکی چاودێریی کردنی حەفارە و کەرەستەکانی پێسپێردراوە، ٢٤ کاتژمێریش چاودێریی هاوڵاتییانی سنوورەکە دەکەن.