ئازا پرێس
بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی لێکۆڵین.ئۆرگ دەستی کەوتوون، لە رۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم گروپێکی سەر بە MIT کە بەرپرسی باڵای تێدا بووە، لە بنکەی بەعشیقەوە گەیشتنە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر. گروپەکەی MIT لە کونسوڵخانەدا کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لەگەڵ بەرپرسێکی پاراستن کە بە ناوی خەلیل ناسراوە و گروپەکەی ئەنجامداوە.
زانیاری ئەوە بەدەست گەیشتووە کە MIT لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە خەلیل کردووە، کە خەڵکی دهۆک و سەر بە هۆزی شێخانە، تیمێکی تایبەت لە ناو پاراستندا دروست بکات. ئەم تیمە لە ناوەندە هاوبەشەکانی MIT و پاراستن لە هەولێر بۆ ماوەی مانگێک راهێنانی هەواڵگری پێدەکرێت.
تیمەکە بۆ ناردن بۆ رۆژئاڤا ئامادە دەکرێت:
لە کۆبوونەوەکەدا، لەژێر سەرپەرشتی بەرپرسی مەیدانی MIT کە بە ناوی داود ناسراوە بەڕێوەچووە، باسی ئامانجەکانی تیمە دروستکراوەکە لە ناو پاراستن و ناوەڕۆکی راهێنانەکانیان کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، داودی بەرپرسی MIT لە کۆبوونەوەکەدا فەرمانی بە خەلیلی بەرپرسی پاراستن داوە کە گروپەکە بۆ ئەنجامدانی تیرۆر و هێرش بۆ سەر وڵاتپارێزانی پێشەنگ لە رۆژئاڤا ئامادە بکات.
هێزە تایبەتەکانی رۆژئاڤا لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا ئەو سیخوڕانەیان دەستگیر کردبوو کە لە سێکوچکەی تیرۆر MIT-پاراستن-ENKS رێکخرابوون و، هەوڵی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردیان دەدا. دوای بڵاوبوونەوەی دانپێدانانی ئەم سیخوڕانە لە بەرنامەی “دەستێن تاری” لە کەناڵی رۆناهی تیڤی، MIT و پاراستن دەستیان بە کشاندنەوەی سیخوڕەکانیان لە رۆژئاوا بۆ باشوور کرد. ماڵپەڕی لێکۆڵین.ئۆرگ ئەم تۆڕە سیخوڕییەی بە وردەکارییەوە ئاشکرا کردبوو.
دەردەکەوێت MIT لەگەڵ پاراستن دەستیان بە جموجۆڵ کردووە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو تۆڕە سیخوڕییانەی تێکشکێنراون و ناردنەوەی ئەو سیخوڕانەی کشێنراونەتەوە بۆ باشوور، بۆ رۆژئاڤا، بە مەبەستی ئامانج گرتنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و کوردە وڵاتپارێزەکان.