ئازا پرێس
بەهۆى بەدەرکردنیان لە بڕیارى بەهەمیشەیکردن، فەرمانبەرانی گرێبەستی تەندروستی لە هەولێر لە بەردەم بینای وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستییان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین کرد و شەقامی شەست مەترییان داخست.
نوێنەری فەرمانبەرەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “سەرۆکی حکومەت بڕیاری بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی دەرکرد، بەڵام لە وەزارەتی دارایی ئێمەیان لێ بەدەرکرد لەکاتێکدا زۆرینەی رێنماییەکان ئێمە دەگرێتەوە
وتیشى، كارمەندمان هەیە ١٣ ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە و لە ساتە ناخۆشەكانی وەك كۆرۆنا و شەڕی داعش كارمان كردووە و خزمەتمان كردووە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین كە داوای دامەزراندن بكەین.
باس لەوەش دەكەن، مافی مۆڵەتی دایكایەتییان نییە و جیاكاری لە دامەزراندنیان هەیە، داوا دەکەن راژەیان لە پەرەپێدانەوە بگۆڕدرێت بۆ دارایی بە هەژمارکردنی خزمەتی چەند ساڵەیان، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەردەوامدەبن.
فەرمانبەرانی گرێبەستی تەندروستیی هەولێر ژمارەیان ٨٧٣ کەسە.
سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرچوو لەژێر بەڵێن و بڕیارەکانی کاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن ماوەتەوە، ناتوانێ بڕیارەکانی جێبەجێ بکات.