ئازاپرێس
درەنگانی پاییز یەکێک لە قەڵەمە بوێرەکانی گەرمیان شەهیدکرا. کاوە گەرمیانی کوڕی گەلەکەی خۆی بوو، ئەو بوێرانە بەڵام بە وردی و لە ئاستێکی هەرەباڵا بەدواداچوونی بۆ بەشێکی زۆر لە دۆسیەی گەندەڵی و تاوان و نادادپەروەریەکانی گەرمیان و هەرێمی کوردستان دەکرد. کاوە گەرمیانی لە ساڵی ۱۹۸۱ لە شاری کەلار لەدایکبووە، بەرلەوەی ببێت بە سەرنوسەری گۆڤاری (ڕایەڵ) کاوە لە گەلێ دەزگای تری ڕاگەیاندن کاری کردووە و لە ڕۆژنامەی ئاوێنەش تا کاتی شەهیدبوونی بەبەردەوامی کاری کردووە. دواجار لە ڕۆژی ٥ی کانونی یەکەمی ۲۰۱۳ لە ناوماڵەکەی خۆی لە شاری کەلار بە شێوازێکی نامەردانە تیرۆر کرا، لەگەڵ رەئوف ئاکرەیی و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و ویدات حسێن و ئەوانی تر کاوە گەرمیانیش چووە کاروانی شەهیدانی قەڵەم لە هەرێمی کوردستان.
بەر لە ساڵیادی ئەو ڕۆژە ڕەشە ئازا پرێس دیمانەیەکی لەگەڵ بەڕێز شیرین ئەمین ( شیرین گەرمیانی) هاوژینی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی و پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرهمی کوردستان سازکرد. بەخۆشحاڵی وەڵامی هەموو پرسیارەکانی داینەوە.
ئازا پرێس: بەڕێز شیرین سوپاس بۆ ئەو دەرفەتەی پێتانداین، وەک دەزانن زۆری نەماوە بۆ ساڵیادی شەهیدکردنی یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ڕۆژنامەوانی کوردی، شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی. کاوە چیدی کەسێکی نەناسراو نیە، هەر خوێنەرێکی ئەو بوون بە هەزاران و کار و لێکۆڵینەوەکانی کاوە بووە بە قوتابخانەیەکی بوێری و لەخۆبوردوویی و پرۆفیشناڵ بۆ دەیان و سەدان ڕۆژنامەنوسی تر. دەمانەوێ بە ساکاری ببپرسین، ئێوە چیتان هەیە کە پێمان رابگەیەنن؟
شیرین ئەمین؛ شەهید کاوە شەهیدی قەڵەم و تیرۆرکراوی دەستی دەسەڵاتە. بەداخەوە شەهید کاوە یەکەم شەهیدی قەڵەم نیە و دواهەمین شەهیدی قەڵەمیش نەبوو. وەک دەزانن دەسەڵات هەمیشە ئەو کەیسە هەستیارانەی تایبەتن بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان، دیزە بەدەرخۆنەی دەکات و ئەوەش گەواهیدەری ئەو ڕاستیەیە کە تیرۆری کاوە گەرمیانی دەستێکی بڵندتری لەپشتە. بەحوکمی ئەوەی بۆخۆمان پەرلەمانتاربووین، ڕێگامان بۆ فەراهام بوو کە زۆرترین وردەکاری بەدەست بهێنین کە بەشێکیمان ڕاگەیاندووە و هەندێ زانیاری نەبیستراویش هەیە ، بێگومان دەبێ هەڵبگرین بۆ کاتی گونجاوتر. ئەوەی کە من دەتوانم تایبەت بە کەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بە ڕاشکاوی پێتان بلێم، ( مەحمود سەنگاوی ) کە بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی نیشتمانی بووە، ئێمە بە بەرپرسی یەکەمی ئەو تاوانەی دەزانین و بۆ وتنی ئەوەش بەڵگەی زۆر و حاشاهەڵنەگرمان لەبەردەستدایە. بێگومان ئێمە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دیسانەوە بە بەرپرسیار دەزانین و پێمانوایە کە بەشدارن لە پەردەپۆشکردنی ڕاستی ئەو کەیسە و پاراستنی تاوانباری ڕاستەقینە. چون وەک خۆتان دەزانن پەردەپۆشکردنی کەیسێکی تیرۆری لەو ڕەنگە کە کاردانەوەیەکی جەماوەری یەکجار مەزنی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، پێویستی بە دەسەڵاتێکی ڕەها هەیە بۆ پەردەپۆسکردن و ئاستەنگکردنی کاری دادگاکان لە بەدواداچوون و هەڵماڵینی دۆسیەی ئەو تیرۆرە. کەسی تەقەکەر کە ئێستا بە تاوانی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی لە زینداندایە، تەنانەت کاوە گەرمیانی بەباشی نەناسیوە و بەوردی نەیزانیوە کە کاوە گەرمیانی چ کارەیە، چ جای ئەوەی نوسینیی کاوە گەرمیانی ببێت بەهۆکاری ئەوەی ئەوتیرۆرە ئەنجام بدات! بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەم هەرێمەدا باڵادەستن ئێمە بەشێکی دەزانین لە هێشتنەوەی ئەم کەیسی تیرۆرە لەتاریکیدا.
ئازا پرێس؛ هیچ پەیوەندیەک هەیە لەنێوان کەیسی تیرۆرکردنی(کاوە گەرمیانی) بە ڕووداوەکانی تری تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی کوردستان؟ واتە ئێوە پێتانوایە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ڕوداوێکی تەنیایە، یاخود بەشێکە لە پیلانێکی پێشوەختە بۆ زنجیرەیەک لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان و کپکردنەوەی دەنگە ئازادەکان؟
شیرین ئەمین؛ بەداخەوە هەم لە پێش کاوە گەرمیانی و هەم لەدوای ئەویش ڕۆژنامەنوسانی تر تیرۆر کراون. پەیوەندی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بە شەهیدانی تری قەڵەم ئەوەیە کە ئەم دەستە قێزەونانە بۆ بێدەنگکردن و بڵاوکردنەوەی تۆقاندن و کپکردنەوەی دەنگە ئازادەکانی کۆمەڵگە هەرگیز سڵیان لەوە نەکردۆتەوە دەست بۆ تیرۆرکردن ببەن. دیار نیە ئەگەر تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بەشێک بووبێت لە پیلانێکی بەرفراوان بۆ کردنی زنجیرەیەک لە کاری تیرۆر و تۆقاندنی دەنگە بوێر و چالاکەکان، بەڵام ئەوەی کە من زۆر بە دڵنیایی دەتوانم بڵێم ئەوەیە کە تیرۆرکردنی کاوە پەیامێک بووە بۆ هەموو ئەوانەی تر، کە قەڵەمەکانیان تیژە و بیریان لە هەڵماڵینی دۆسیەی نادادپەروەری و زوڵم و بەتایبەتیش گەندەڵی گەورە دەکردەوە.
من وەک خێزانی کاوە پێویست ناکات باسی کارەکانی ئەو بکەم، بەڵکو خودی کارەکانی کاوە گەرمیانی گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن کە دەسەڵات چەندە زۆری بۆ هاتووە و بەر لە تیرۆرکردنیشی زۆر جار هەڕەشەی بۆ هاتووە و ڕاپێچی بەردەم دادگا کراوە. بەڵام سەبارەت بە پرسیارەکەی ئێوە ، ڕەنگە وابێت؛ دوای بێدەنگ کردنی یەکجاری کاوە گەرمیانی لانی کەم لەم دەڤەرەدا ئەو کەسانەی کە دەست بۆ دۆسیە نادادپەروەریە هەستیارەکان و گەندەلیە گەورەکان دەبەن کەمبوونەتەوە و ئەگەر کاری جوانیش کرابێت، من پێموایە وەک ئەوەی کاوە گەرمیانی بە بەبەردەوامی و بێناوبڕ نیە. بۆیە دەسەڵات ڕەنگە تا ڕادەیەک پیلانەکەی سەرکەوتوو بووبێت لە کپکردنی دەنگە ئازادەکان.
ئازا پرێس: ئەوەی بەڕێزتان دەیڵێن پرسیارێکی تری لەلای ئێمە وروژاند، واتە دەسەڵات چاوی تیژترە لەسەر ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەی کە دەست بۆ دۆسیەی هەستیار دەبەن و پرۆفیشناڵانە دایان دەڕێژنەوە و بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنن، لەبەرامبەر ئەوەدا هەندێ ڕەخنەگری تر دەبوێرن، بەتایبەتی ئەوانەی تەنیا بە ڕوکەش وای پیشان دەدەن کە ڕەخنە دەگرن بەڵام ناچن بەلای دۆسیە گرنگ و هەستیارەکاندا. ئایا ئێوە ویستان ئەوەمان پێ بڵێن؟
شیرین ئەمین؛ بێگومان من ویستم ئەوە بڵێم، بەگژداچوونەوەی حوکمڕانی گەندەڵ و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کارێکی مەترسیدارە. زۆر کەس وای پیشان دەدەن کە نوسەری ڕەخنەگرن، بەڵام زۆربەی جار لە بەدواداچوونەکانی ئاراستەی کارەکانیدا لایەنداری لایەنێک یان بەرپرسێک بە ئەنجامی کارەکانیانەوە دیاری دەدات. من ئەمەوێ ئەوەتان پێ بڵێم کە کاوە گەرمیانی چۆن کاری دەکرد، ئەو کاتێک کە کاری لەسەر دۆسیەیەک دەکرد، بەدواداچوونی تەواوی بۆ دەکرد و هەموو فاکتەکانی لە تەنیشتی یەک دادەناو دەیکرد بە دۆسیەیەک دواتر بە ڕاشکاوانە و بوێرانە ناوی لایەنە تاوانبارکراوەکانی دەبرد، بەبێ ئەوەی لایەنداری و چەماندنەوەی بۆلای بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک پێوە دیاربێت. کاوە تەنیا لایەنگری دادپەروەری و حەقیقەت بوو و لایەنگری گەلەکەی خۆی بوو. ئەوەش وایکرد کە سەدا و کاریگەری کارکرەکانی کاوە گەرمیانی زۆر بڵند ببێت و هەمیشە بەهەند وەربگیرێن. کاوە گەرمیانی سەرنوسەری گۆڤارێک بوو لە گەرمیان کە زۆربەی کار و بەدواداچوونەکانی خۆی ئامادەی دەکرد. ئەوە جگە لەوەی لە چەندین کەنالی تر چالاکی و بڵاو کراوەی هەبوو، لەوانە ڕادیۆی ئازادی، ڕادیۆی دەنگ، ڕۆژنامەی ئاوێنە و زۆر ناوەندی تری ڕاگەیاندن بە بەردەوامی کاریان لەگەڵ کاوە گەرمیانیدا دەکرد. کاوە گەرمیانی ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و جگە لەوەش وەک چالاکوان کەسێکی کاریگەر و خاوەن هەڵوێست بوو، بۆنمونە جارێک لە گەرمیان زیاتر لە ۲۰۰۰ واژۆی کۆکردەوە بۆ دادگاییکردنی گەندەلکاران وئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و قونسوڵخانەکان کرد. کاوە گەرمیانی زۆر جار لەسەر کارە ڕۆژنامەوانیەکانی سکالای لەسەر کراوە و دەسگیرکراوە، هەمیشە لە کاتی ڕاپێچکردنی بە کەلەپچەکراوی بۆ بەردەم دادگا ئەو وتەیەی خۆی دووبارە دەکردەوە کە “ئەو پرسەی خۆی لەبەردەمی دادگادا داناوە” و دەزانێت کە ڕووبەڕوی مەترسی دەبێتەوە هەربۆیە لەبەردەم دادگا چەندین جار چادری هەڵدەدا و مانگرتنی ڕادەگەیاند، لەبەر ئەوەی پێیوابوو کە دادگا ناتوانێت سەربەخۆ کارەکانی خۆی بکات. ئەوە لە کاتێکدا کە دادگا هیچ کات نەیتوانی ئەو کەسانە ڕاپێچی دادگا بکات کە بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە کاوە گەرمیانی دەکرد.
ئازا پرێس: بەڕێز شیرین من پرسیارێکم لەلا دروست بووە کە ڕەنگە هەتا ئێستا ئاڕاستەتان نەکرابێت. وەک دەزانن هەموو ڕۆژنامەنوسێک لە ئاستی کاوە گەرمیانی هەندێ سەرچاوەی تایبەتی زانیاری خۆی هەیە. ئایا پەیوەندیەکی دوور و نزیک لەنێوان سەرچاوەکانی زانیاری شەهید کاوە و کەیسی تیرۆرکردنی هاوپێچی یەکتری بوون؟ چ وەک شاهید لەبەردەمی دادگا یاخود تێوەگلابن لە کەیسی تیرۆرکردنی ئەودا؟
شیرین ئەمین؛ ئەوەی ڕاستی بێت زۆربەی کارەکانی کاوە گەرمیانی زیاتر لەگەڵ هاوڵاتی ئاساییدا بوو. ئەوەندەی من ئاگادار بووم زۆرینەی جار خەڵکانی سادە و بەتایبەتی چینی هەژار و بێدەرەتانی گەرمیان، یاخود خاوەن پیشەی ئاسایی و خەڵکی سادە پەیوەندیان دەکرد و سکاڵایەن لە نادادپەروەریەک دەکرد. بۆ نمونە ئەگەر جوتیارێک زەویەکەی لەلایەن بەرپرسێکەوە لێداگیربکرایە و بیویستایە دۆسیەکەی بدات بە ڕاگەیاندن، پەیوەندیان بە کاوە گەرمیانیەوە دەکرد و ئەوەش دەبوو بە خاڵی دەسپێکی بەدواداچوونەکانی ئەو، بۆیە ئەوە بەشە گەورەکەی سەرچاوەکانی کاوە گەرمیانی پێکدێنن.
بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئامانجی یەکەم لە تیرۆرکردنی کەسایەتیەکی بەناو و دەنگ ، بەتایبەتی ڕۆژنامەنوسێکی وەک کاوە گەرمیانی ترساندن و تۆقاندنی هەموو خانەوادە و هاوپیشەکان و کەسانی هاوشێوەی ئەوە! بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەو سەرچاوانەی تر کە لە پێگەی جیاوازدا کاریان کردووە و خاوەنی ویژدان بوون و زانیاریەکانیان بە کاوە گەرمیانی داوە، ئەمڕۆ یەکجار دەترسن و خۆیان دەرناخەن. من لەوە دڵنیام کە زۆر سەرچاوەی زانیاری تر هەبوون و هەن کە لەوە پشتڕاست بوون کە کاوە گەرمیانی خۆنەویستانە و پرۆفیشناڵانە و بێ گوێدانە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەدواداچوون دەکات و سەرچاوەکانیشی دەپارێزێت. لەڕاستیشدا لەو لایەنەوە ئێمە هیچ زانیاریەکی ئەوتۆمان نیە.
ئازا پرێس: ڕەنگە پرسیاری کۆتاییمان ئەوە بێت، ئایا بەڕێزتان پێتانوایە کە دواجار شەهادەتی کاوە ئەمڕۆ بووە بەهۆی دروستبوونی دەیان کاوەی تر کە قەڵەمەکانیان بەڕەنگی کاوە گەرمیانی تیژبێت و ڕێبازی ئەو بەردەوام بکەن؟ یاخود بەپێچەوانەوە ، دەسەڵات توانی لە ڕێگەی تیرۆرکردنی کاوەکان مەرامی خۆی پێکبهێنێ و دەنگە ئازاد و بوێرەکان کپ بکاتەوە؟
شیرین ئەمین؛ من لەوباوەڕەدام کە یەکێتی نیشتمانی لە لوتکەی دەسەڵاتیەوە هەتا ئەو بەرپرسانەی تێوەگلاون لەو دۆسیەیەدا، لەو بڕوایەدا نەبووبن کە کاریگەری و سەدای تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بەو ڕەنگە مەزن بێت و ناڕەزایی بەو ڕەنگە بڵند بووبێت. ڕەنگە خۆتان ئاگاداربن لەوەی کە کەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی شەپۆلێکی ناڕەزایی گەورەی خوڵقاند. هەتا نزیکەی سێ ساڵ دوای تیرۆرکردنیشی بەبەردەوامی خۆپیشاندان و گردبوونەوە لەبەردەم دادگاکانی گەرمیان و سلیمانی و گەلێ جێی تر بەڕێوە چوون و دەنگی ناڕەزایی هەمیشە داوای بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەم کەیسەی کردووە. ئێمە پێمانوایە کە ئەو شەپۆلە گەورەیەی ناڕەزایەتیەکانیش وایکرد کە لانی کەم تەقەکەرەکە بدرێت بە دادگا و حوکم بدرێت، چون وەک ئاگادارن لە زۆربەی کەیسەکانی تری تایبەت بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان، کەیسەکان هەر لە تاریکیدا ماونەتەوە و کەس تۆمەتبار نەکراوە. بۆیە بێگومان دەنگدانەوە و پەرچەکردارەکان تاڕادەیەک بووە بەهۆی پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان کە چیدی بەو ئاسانیە نەتوانرێ تیرۆر بکرێن. بەڵام لەلایەکی ترەوە ڕەنگە دەسەڵات تاڕادەیەک لەوەدا سەرکەوتوو بووبن کە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بویر چاوترسێن بکەن، کە یەک جار بەو ڕەنگەی کاوە بە وردی و بوێرانە و بە بەردەوامی ڕوماڵی دۆسیەکانی گەندەڵی و تاوان و نادادپەروەریە گەورەکان بکەن، وەک پێشتریش باسمان کرد لانی کەم لە گەرمیان من ئێستا ڕۆژنامەنوسی تری وەک کاوە گەرمیانی بەدی ناکەم، بەڵام ڕەنگە هەبن و من ئاگاداری کارەکانیان نەبم.
ئازا پرێس؛ دوا وتەی بەڕێزتان بۆ ئێمە و ڕۆژنامەنوسان چیە؟
دوای سوپاس و پیزانینم بۆتان، داوای ئەوەڵ و کۆتایی ئێمە ئەوەیە کە تاوانباری ڕاستەقینەی ئەم تیرۆرە ڕاپێچی بەردەمی دادگا بکرێت و ئەو کەسەی فەرمانی کوشتنەکەی داوە پێویستە بەسزای یاسایی خۆی بگەیەنرێت.
زۆر سوپاس بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانمان.