د. كامەران مەنتك
شەڕی نوێی سوریا وەك بەدیاردەكەوێت سیناریۆیەكی قێزەونە دژی رۆژئاوای كوردستان و كورد بەگشتی، وا پێدەچێت لایەنە ركابەرەكان، بەتایبەتی ئەمریكاو روسیا گەیشتبنە رێكەوتنێك بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری ئەو وڵاتە هەرێمییانەی، كە دوای راگەیاندنی سیستەمی تاكجەمسەری سەروەرییان لەدەست دا، بە پلەی یەكەمیش ئێراق و سوریا، ئەوەی جێگەی سەرنجە گومانی ئەوە دەكرێت دەوڵەتە هەرێمییەكانیش بە خودی رژێمی سوریاوە بەشێك بن لەو گەمەیە، لەبەرئەوەی ئاڕاستەی هێرشەكانی چەكدارەكانی سەر بەتوركیا(دەستەی رزگاركردنی شام و گرووپەكانی تر) زیاتر نزیك بوونەوەیە لە سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەگینا دوای داگیركردنی ئەدلب دەبوایە بەرەو لازقییە بڕۆن، كە بەندەرێكی ستراتیژییە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، بەڵام لەبەرئەوەی بنكەی سەربازی روسیای لێیە راستەوخۆ بەرەو حەلەب رۆیشتن، واتە لەسنوورەكانی توركیاو عەفرین نزیكبوونەوە، پاشان شاری حەما لەپڕ كەوت و چەك و تفاقێكی سەرباز زۆر بە ئاسانی بۆ چەكدارە ئیسلامییەكان جێهێڵڕا، بە واتایەكی تر دەتوانین بڵێین شەڕی حەما سەرلەنوێ چەكداركردنەوەی هێزە هێرشبەرەكان بوو و هەمان سیناریۆی كەوتنی موسڵی تیا دووبارە بووەوە!.
ئێستاش ئەو هێزانە راستەوخۆ بەرەو حمس دێن، كە هاوسنوورە لەگەڵ شاری رەقەو دێرەزوور، وەك میدیاكان ئاماژەی پێدەكەن، رەنگ بێت حمس بە بێ شەڕ خۆی بە دەستەوە بدات و ئێستا خەڵك شارەكە چۆل دەكەن و كۆڕەو دەستیپێكردووە، بەم چەشنە گرووپە چەكدارەكان دەكەونە نێوان دیمەشق و رۆژئاوای كوردستان، كەواتە رۆژئاوای كوردستان لە دوو لاوە ئابڵووقە دەدرێت، لەسەر سنوورەكانی توركیا، كە بەدرێژایی ئەو سنوورانە ماوەیەكی زۆر بەردەوام بۆردومانی شارەكانی رۆژئاوا دەكەن و كردەوەی تیرۆریستی تیادا ئەنجام دەدەن، لەلایەك تریش لەخوارەوە لە حەلەب و حەماو حەمسەوە ئابڵوقەی دەدەن، واتە دوای چەند رۆژێكی كەمی تر، ئەو هێزانە لە باشوورەوە دەكەونە بەرامبەر دیمەشق و لە باكوورەوەش دەكەونە بەرامبەر هێزەكانی رۆژئاوا، ئایا سەرەتا پەلاماری كامیان دەدەن؟
لێرەدا ئەگەرێكی زۆر بەهێزە هەمان سیناریۆی داعش لە ئێراق دووبارە بێتەوە، كاتێك بەرەو بەغدا دەچوون لە پڕ ئاڕاستەیان بەرەو باشوور گۆڕی و پەلاماری هەرێمی كوردستانیان دا، بۆیە ئەگەری هێرشكردنە سەر رۆژئاوا زۆر بەهێزترە، چونكە هەرگیز ناچێتە ئەقڵەوە ئەگەر نیازیان دیمەشق بێت ئەو شارە گەورانەی وەك حەلەب و حەماو چەند رۆژێكی تریش ئەگەری كەوتنی حمس وا بە ئاسانی تێپەڕێت، ئەگەر رێكەوتنێكی ژێر بەژێر نەبێت!.
هەڵوێستی ئەمریكا چۆن دەبێت، ئەمریكا لەو ماوەیەدا بە چەندین شێوە بێزاری خۆی لە قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕێوە، لەوانە دوو رۆژ لەمەوبەر راشكاونە ئەو بێزارییەی دەربڕی و بەشێوەیەك لەشێوەكان ئامادەبوونی خۆیان لە جێهێشتنی ئەو ناوچەیە دەربڕێ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە توانیویانە لەگەڵ توركیا بگەنە رێكەوتن و توركیا رۆڵێ پۆلیس و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا ببینێت، وەك ئەوەی لە ماوەی شەڕی ساردی یەكەمدا دەیبینی، دیارە ئەمەش رێكخستنەوەی سنوورەكان دەگەیەنێت و مەسەلەی سەروەری و یەكپارچەیی بۆ خاكی هەردوو وڵاتی سوریاو ئێراق دەگەڕێتەوە.
بۆیە ئەگەر ئەو هێرشەی سەر رۆژئاوا دەست پێبكات دەبێت چاوەڕوانی هەمان هەڵوێستی ئەمریكا بین لە گرێسپی و سەرێكانی، كاتێك هێزەكانی پەیەدەیان ناچار كرد، كە هەموو سەنگەرەكانی خۆیان لە شوێنە هەستیارو ستراتیژییەكان هەڵوەشێنێتەوەو چەكە قورسەكانیان لەسنوورەكان دووربخەنەوە، ئینجا دوای ئەوەی گڵۆپی سەوزیان بۆ توركیا دایساند، كە بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە قەتل و عامی كوردی لەو دوو ناوچەیە كرد، ئێستاش یەكێك لە مەترسییەكانی ئەو هێرشانە رەشەكوژ و جینۆسایدی كوردە، وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، پیلانەكە تەنیا دژی رۆژئاوا نییەو هەرێمیش دەگرێتەوە، ئەو دانیشتنەی ئەوڕۆی پەرلەمانی ئێراق و كشاندنەوەی هەمواری یاسای بودجە، یەكەمین ئاماژەی نوێیە بۆ نا نیازپاكی حكومەتی ئێراق و دەریدەخان ئەویش بەشێكە لەو گەمە قێزەونە دژی كورد!.
چی لەسەر كورد پێویستە؟ ئەگەر كورد بیەوێت لەو قۆناغە نوێیەدا جێگەیەك لە نەخشەی سیاسیدا داگیر بكات، دەبێت بە هەموو شێوەیەك پشتی رۆژئاوا بگرێت و رێگە نەدات بكەوێت، چۆن دوژمنان گەلە كۆمە دژی رۆژئاوا دەكەن، دەبێت كوردیش لەهەموو بەشەكان ببێتە پشت و پەنا و لەهەموو رووێكەوە پاڵپشتی رۆژئاوا بكات، ئەگەر پەلاماری رۆژئاوا بدرێت، نابێت رێگە بدرێت شارەكانی رۆژئاواو وەك شارەكانی تری سوریا بكەوێت، بەڵكو دەبێت درێژە بەشەڕەكە بدرێت و كورد بەتوندی توانای بەرگریكردن و بەرەنگاربوونەوەی خۆی بەهێز بكات و بپارێزێت، بۆئەوەی رای گشتی جیهانی بوروژێنێت و وەك شەڕی كۆبانێ زلهێزەكان ناچار بكات چاو بە سیاسەتەكانی خۆیان دا بخشێننەوە، ئەم بەرەنگارییەش رەنگ بێت بەو زەحمەتییە نەبێت، كە لەباشووری ئیرادە شكاو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر ئەوەمان زانی لەوێ هێزێكی رێكخراوو خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز هەیەو دەتوانێت پێشڕەوایەتی ئەو قۆناغە بكات، ناكرێت كورد لەبەشەكانی تر وەك تەماشاكەر بمێنێتەوە (ئاگرە سوورە لەخۆم دوورە)، چونكە ئەو ئاگرە لەكەس دوور نییەو ئەوان وەك پارچە سەیری كوردستان ناكەن، بەڵكو وەك تەختەیەكی یەكگرتووی جیۆپۆلەتیكی و هەموو كوردیش وەك هەڕەشەیەك دەبینن.