شادیار شۆڕش
بەرخودانی ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەمی “هێز”ە لە واتا دیموکراتییکەکەیدا. بەو ڕەنگەی ئەگەرچی پیلانگێڕیی بەردەوام بە سەر ڕاسەری “کوردی ئازاد” وە بوونی هەیە، بەڵام لە بەرانبەردا “هێزی دیموکراتیک” بەرخودان دەکات و تێدەکۆشێت تا دۆخی ئازاد بەرهەم دەهێنێت.
لەو تێکۆشانەدا، واتا لەنێوان دۆخی ئێستادا کە گێژاوێکە تا بەدیهاتنی دۆخی ئازادیی، ئەو نێوندە مرۆڤ دەتوانێت بە دۆخی “ئاوارتە” ناودێری بکات. ئەم دۆخە ئاوارتەیە هۆکارێکیشە بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێست و دۆخی سیاسییی تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە. واتا ئیدی مرۆڤ ناتوانێت بێدەنگ بێت و لەنێوان داگیرکەر و داگیرکراودا، لەنێوان چەوسێنەر و چەوسێنراودا، دەبێت خاوەن هەڵوێست و دیدگای خۆی بێت.
ئەم دۆخە “ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندکار و نووسەر و چالاکوانان و هتد…” دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە. شتێک کە زۆربەی کات، ڕۆشنبیریی دەسەڵات خۆی لێ دزیوەتەوە. لەو نێوەندەشدا، ڕاگەیاندنی پەدەکە کە زۆربەی ڕۆشنبیرە یاخییەکانی دوێنێ و بازرگانەکانی ئەمڕۆ سەرمەشقی بەڕێوەبردنین، قێزەونترین ڕۆڵی داگیرکاریی کەلتووریی و زیهنیی دەبینێت و شوێنگەی خیانەت و چەواشەکاریی و بەرهەمهێنانی بێواتاییە، کە گەمژەخانەیەکی وەک کوردستان۲٤، نموونە دیارەکەیەتی. لەکاتێکدا هەمووان داوای کردنەوەی دەروازەی سێمێلکا دەکەن، گەمژەخانەکە، ئەندامە کاراکانی خۆی وەک ئەنەکەسە بانگهێشتی بەرنامەکانی گەمژەخانەکەی دەکات.
بە واتا فۆکۆییەکە، “سوبێکتی دەسەڵات” هەر ئەو سوبێکتەیە وا دەسەڵات بەگوێرەی کەماڵی ئارەزووەکانی خۆی درووستی کردووە. ڕاگەیاندنیش یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکانی درووستکردنی ئەو سوبێکتە کە لەسەر بنەماکانی ئارەزووی دەسەڵات درووست بوون.
ئەگەرچی دۆخی ئێستا “ئاوارتە” یە و ڕۆژانی داهاتوو هەڵگری خاسیەتەکانی یەکلایکردنەوەی هاوکێشەکانن بەڵام ڕوونوڕەوانە، خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان خودان پارادیمێکی مۆدێرن و دیموکراتیکە کە ئەمجارە گرنگی خەباتی چەکداریی بۆ هەمووان دووپات کردەوە، هاوکات کۆتایی “سوبێکتە لاوازەکەی دەسەڵاتە” بە خۆیان و ڕاگەیاندن و تەواوی دارودەستەکانیانەوە. کە بێگومان لە جەنگی جیهانیی سێیەمدا کە هەنووکە لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووەتە ئاراوە، چارەنووسیان لە چارەنووسی ڕاهیبەکانی پەرستگاکانی سەردەمی سۆمەر و سەدەکانی ناوین باشتر نابێت. دواجار هەموومان تێدەگەن لەوەی “کوردی ئازاد” ناسنامەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.