کامەران عوسمان
لەگەڵ کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا، توربێنی هەزاران چیرۆکی تراژیدی زیندانەکانی سوریا بە گۆڕێ وەربوون و قوفڵی دەرگا و کونجی هەر زیندانێک شایەتی دڵڕەقی و ملهوڕی ڕژێمە داپلۆسێنەرەکەی سوریایان ئەدا. کەوتنی ئەسەد، جارێکی تر بەبیری هێناینەوە کە چۆن زیندان و پۆلیس و دادگا بوون بە ئامرازی چەوتی دەست دیکتاتۆرەکان بۆ بێدەنگکردن و سەرکوتکردن و لەناوبردنی ڕکابەر و دژبەرەکانییان. دیکتاتۆرەکانی دونیاش هەموویان لەیەک دەچن. لە هەرکوێ بن و سەر بە هەر ڕەگەز و نەتەوە و دینێک بن هەموویان لە خێڵی دڵڕەقی و خۆپەسەندین.
ڕۆژێکیان زیندانییەک کە چیرۆکی گرتن و ئەشکەنجەدانی خۆی بۆ دەگێڕامەوە، گووتی، زیندانەکەی ئێمە دوو بەش بوو. بەشی ڤی ئای پی ئەوانەبوون کە بەتۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئانقەست و ئەندامیەتی لە گروپی تیرۆریستی داعش و ئەنجامدانی خۆپێشاندان دەستگیرکرابوون. بەشی ژێرزەمینیش ئەوانەبوون کە نە دۆسیەی دادگایان بۆ کرابۆوە، نە کەس چارەنووسیانی دەزانی. تەنانەت بێبەشبوون لەوەی کە خۆریش ببینن. بەشێک لە زیندانییانی ژێرزەمین، بە درێژایی ماوەی دەستگیرکردنییان دەستییان بەسترابۆوە، زنجیر لە قاچ و دەستییان دابوو و ساڵەهای ساڵ بوو کەسوکارییان هیچ هەواڵێکیان نەبوو دەربارەیان. پرسیم، ئەو کاسانە کێ بوون و بە تۆمەتی چی دەستگیرکرابوون؟ گووتی، هەندێکیان تۆمەتی سیخوڕیان درابووە پاڵ. هەندێکیان زیندانی شەڕی ناوخۆ بوون. هەندێکی تریان نەیاری ناو حزب بوون و ناکۆکییان لەگەڵ سەروو خۆیاندا هەبوو. هەندێکی تریشییان حزبییان گۆڕی بوو و بۆیە دەستگیرکرابوون.
زیندانییەکی تر گێڕایەوە، گووتی، لە بەشی ڤی ئای پی، ١٢٨ کەس لە یەک ژووری بچووکدابووین. شەوانە کاتی خەو جێگە نەبوو هەموومان بخەوین، بۆیە دەکەوتینە سەر لا و چاودێرێک (ئەویش زیندانی بوو) دەهات پشتی بە دیوارەوە ئەدا و بە قاچ دەیپەستاین تاوەکو جێگەمان ببێت. لە درێژەی قسەکانیدا گووتی، ڕۆژێکیان زیندانییەکیان لەبەشی ژێر زەمینەکەوە هێنابووە بەشی ڤی ئای پی. دەستەکانی کرابوونەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نزیکەی سێ ساڵ دەست و قاچی بەسترابوون، کاتێک پەرداخی ئاوت پێدەدا، لە بری دەستێک هەردوو دەستی دەهێنایە پێشەوە!.
زیندانییەکی تر باسی لەوە کرد کە چۆن ئەشکەنجەی هاوڕێکەیانداوە بۆئەوەی دان بە تاوانێکدابنێت کە نەیکردووە. نینۆکی پەنجەیان هەڵکێشا، کارەبایان لێدا، بتڵی غازی بچوکیان بە گونەکانیدا هەڵواسی، خەساندیان، خستیانە باولی جلەوە و لەسەر پەیژەکان فڕێیاندا خوارەوە.
چیرۆکی زیندانەکان زۆر لەیەک دەچن. تۆمەتی زیندانییەکانیش هاوشێوەن. دەبێ هەستی دایکێک چی بێت، کە لە ڕۆژانی شەڕی ناوخۆدا و نزیکەی ٣٠ ساڵ پێش ئێستا کوڕەکەی لەسەر لەبەرکردنی کراسێکی سەوز یان زەرد دەستگیرکراوە و ئێستا لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە گوێی لە چیرۆکی زیندانییانی ئازادکراوی سوریا دەبێت کە زۆر لە چیرۆکی کوڕەکەی ئەو دەچن؟!.