ئازا پرێس
♦️کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی رەخنەی توند لە حکومەتی هەرێم دەگرێت و دەڵێت ” ناچارمان مەکەن جارێکی تر ببینە پێشڕەوی خەڵک بۆ ڕاماڵینی ئەم حکومەتە شەرەف بەتاڵە “.
♦️کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،” ساڵانێک بە سەرما و گەرما، بە شەو و ڕۆژ بە شاخ و کێوەکانی کوردستانەوە بووین و خوێنمان ڕشت، گەنجی و تەمەنی خۆمان کردە قوربانی بۆ داهاتووی کوردستانێکی ئازاد بۆ داهاتووی مناڵەکانمان کە لە سایەی حکومەتێکی دیموکراسی کوردیدا گەورە بن و بحەسێنەوە”.
♦️ئەوەشیخستەڕوو،” لەم پێناوەدا بێ باک بووین لە شەهیدبوون و هەزاران پێشمەرگەمان شەهید و کەمئەندام بوون، بە هەزارەها هاوخەباتمان لە زیندانەکانی بەعسدا ئەشکەنجەدران و لە سێدارەدران”.
♦️لە درێژەی پەیامەکەیدا کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان دەڵێت،” ئێستا کە دوای ساڵانێک گەیشتووین بە داهاتوو، بەڵام بەداخەوە نە خۆمان و نە ڕۆڵەکانمان حەساوینەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا ٢٥مووچە نەدراوە، ئەو ٤٤ مووچەیەی تریش بە لێبڕین و پاشەکەوت دراوە، هاوکات زیاد لە ٦٠ ڕۆژە مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم نەدراوە، هەموومان لە دڵەڕاوکێی ئەوەداین چۆن کرێی خانوو و مۆلیدە و کارەبا بدەین؟
♦️کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان دەپرسێت، چۆن دەرمانی زەخت و شەکرە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانمان بکڕین، چۆن نانی گەرم بخەینە سەر سفرەکانمان”.
♦️راشیگەیاند، ئێمە وەک پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی کە هەوێنی راپەڕین و پێشڕەوی گەلەستەم دیدەکەمان بووین، دژی دەسەڵاتێکی ستەمکار، تکایە ناچارمان مەکەن جارێکی تر ببینە پێشرەوی خەڵک بۆ ڕاماڵینی ئەم حکومەتە شەرەف بەتاڵە.