ئازاد رواندزی
چەند رۆژێکە باس و خواس لە سەر زیندانەکانی رژێمی بەشار ئەسەدە، بەتایبەت زیندانی سیدنایا لە دیمەشق، وەک نمونەیەکی وەحشیگەری رژێمەکەی ئەسەد بەناو دەکرێت. هەڵبەت کەس لاری لەوەنییە کە رژێمە دیکتاتۆر و تاکڕەوەکان، خاوەن گەورەترین و ترسەناکترین زیندانین، لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە ئازادی رادەربڕین و پێکەوە ژیان و ئالوگۆڕی حوکمڕانی نییە، بۆیەش نەیارەکانیان بە ناوی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و دوژمنی وڵات و بەکرێگیراو و خیانەت دەخزێنە کونجی زیندان و سزای مەرگیان بەسەردا دەسەپێنن.
رژێمە داگیرکەرەکانی سەرکوردستان، رۆژی ئەمڕۆش هەمان سیاسەت لەبەرانبەر کوردی ئازادیخواز پەیڕەو دەکەن. نمونە دەوڵەتی تورکیا هەندێک کەسی ماوەی ٣٦ ساڵە خستۆتە زیندانەوە، ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار کورد بەهۆکاری سیاسی لە زیندانن، لەناویاندا رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانیش.
هەڵبەت ئێران لە زیندانی کردن و فڕاندن و تیرۆرکردن ریکۆردی شکاندوە، ئەوەی وشەیەک قسەبکە بەناوی دوژمنی ئاین و خودا سزای مەرگی بەسەردا دەسپێنی و تەرمەکانیشیان ناداتەوە بەخانەوادەکەی. لەئێستادا چەندین ژنە چالاکوان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە لەناویان پەخشان عەزیزی و وریشە مورادیش هەیە.
لە رابردوو ئەتاتورک گوتبووی گۆڕێکی بەچیمەنتۆم بۆ کورد لەسەر چیای ئاگری دروست کردووە و کوردم لەم گۆڕە ناوە، ئەردۆغانیش سەد ساڵ دوای ئەتاتورک گوتی باشترین کورد بەلای ئێمەوە کوردی مردووە!!
ئەوەی لەئێستا بابەتی گفتوگۆیە ئایا زیندانی نهێنی لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەیە؟ یان لە ٣٣ ساڵی رابردوو ئەو هەموو کەسەی لە زیندانەکان ئاخێنران، بۆ چارەنووسیان دیارنەما؟ لەئێستا چەند کەس هەیە بەناوی ئیسلامی رادیکاڵ و پەکەکە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی زیندانی کراون و لەگەڵ ئەوەی رێگەنادرێ بۆ چاوپێکەوتنیان، هەمانکاتیش نکوڵی لە بوونییان دەکرێت.
لە ساڵانی نۆوەت لەشەڕی پارتی و یەکێتی خەڵکێکی ونبوو هەیە و تائێستاش چارەنووسی نازانرێ، ئەوەی وەک زیندانی ترسناک و وێنەی ئەبوغرێبی بەغدا و سیدنایای شامی وەرگرتبوو، زیندانی ئاکرێی پارتیە، بەڵام زیندنای سپیلک و شەقڵاوەو سەڵاحەدین و هەولێر و دهۆکیش لەو کەمتر نەبوون. لەگەڵ جێگەی دەستخۆشی یەکێک لە زیندانیانی ئاکرێ بەناوی زانا مەهابادی، مامەڵەیی وەحشیگەریانەی جەلاد و کارمەند و پاسەوانانی پارتی لەوێ کردوویانە بەرانبەر زیندانیان، تۆماری کردووەو کراوە بە پەرتووک.
ئەوەی وەک کۆمەڵکوژی هەرە گەورە، پارتی ئەنجامی داوە لە ساڵی ١٩٩٧ لە هەولێر بووە، بەگوێرەی بەڵگەکان کە لەلایەن رێکخراوی هێڤی تۆمار کراون، زیاتر لە ٨٠ کەس ونە، پارتی کە بە هێزی چەکدار و ئاسایش و بە رێنمای خورشید شێرەی پارێزگار و فەرمانداریەتی جەمال مورتکە و نەجاتی عەلی فاتێ ئەو تاوانەیان ئەنجامدا. لە ٢٠١٢ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم (کەریم سنجاری) و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی، بەدوای ونبووەکانی شەڕی ناوخۆ مەگەڕێن نەماون! بەڵام نەیگوت بۆ نەماون، چۆن نەماون، تەرم و گۆڕەکانیان لەکوێیە؟ هەڵبەت هیچ یەکێک لەوانەی باس دەکرێن، پارتی تەرمەکانی رادەستی خانەوادەکانی نەکردوونەتەوەو گۆڕەکانیشی نیشان نەداون، ئەوەش دەگوترێ پارتی فڕۆکەخانەی هەولێری لەسەر گۆڕی ونبوانی شەڕی ناوخۆی پەکەکە و یەکێتی دروست کردووە.
ئەوانەی شەڕی ناوخۆ کرانە قوربانی برایەتی و دەسبەردان لە ناکۆکیە خوێناویەکان ئاشتبوونەوەی گشتی پێکهات. دوای ئەوەش لە ٢٠١٠ فڕاندن و تیرۆری سەردەشت عوسمان لە هەولێر و تیرۆری ویدات حسێن لە دهۆک، ترسان و تۆقاندن بەردەوامن. پارتی بەهەمان نەزمی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ دوو گرووپی گەریلای خستە کەمینەوە لە سنوری خەلیفان کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ کەس دەبوو. بەگوێرەی زانیاریەکان لە دەوەرەی کەسێک، ئەوانەیتر یان کوژراوەو یان بەدیل گیردراوە. سەرەڕای ناڕەزای و بانگی لایەنی پەیوەندیدار و خانەوادەکەیان، پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی تائێستا تەرمی گەریلاکانی نەداوەتەوە، ئەوانەی دیلیشن تائێستا ونی کردوون و بەهیچ شێوەیەک وەڵامی کەس و کاریان ناداتەوەو پیشانیان نادات.
ئێستاکەش زیندانەکانی پارتی لە دهۆک و هەولێر، بەناوی زیندانی ئاسایش و دەزگای پاراستن، هەمان زیندانەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆن و هەمان مامەڵە لەگەڵ زیندانیان و کەسانی دەرەوەی حیزبەکانیان دەکەن و بە خراپ کردنی ئاسایشی نەتەوەیی و گێرەشێوێن بەناویان دەکان. بۆیە دەسەڵاتدارە نادیموکرات و دیکتاتۆرەکان جیاوازیان نییە زیندانی ئاکرێیان هەبێ یان زیندانی سیدنایا.