جوتیار ئاسۆس
باشترین هاوکاری و یارمەتی خۆسەری و ستاتۆی کورد لە سوریای نوێ لەم کاتەدا سەرکۆنەکردن و لەمپەڕکردنی پیلانگێڕیە ژەهراویەکەی مەسعود مستەفا بارزانیە
– ڕاڤەکردنی میدیا لۆکاڵی و عەرەبیەکان
لە پاش ئەو توانەوە خێرایەی دەوڵەتی سوریا کە تەنانەت خودی تورکیا و ئەحرار ئەلشام چاوەڕێیان نەدەکرد، ژمارەیەکی زۆر دەمامکیش زۆر بەزوویی کەوتنە سەر زەوی. دامەزراندنی دەستەی سەربازی بۆ بوونیادنانەوەی حؤکمڕانی لە دیمەشق سەرقاپی زۆر کەندووی پیلانگیڕی هەڵدایەوە کە هەندێکیان هەولێر و سەری ڕەش خنرابوون. بەڵام پیلانگێڕی ئەم جارە هێندە قێزەون و ژەهراوی بوو کە ئەگەر درێژەی بکێشایا دەبوو بە بەهانەیەکی تادوائەندازە ڕەوا بۆ هیرشێکی سەرتاسەری بۆسەر بنەماڵەی بارزانی ولەبەریەکهەڵوەشاندنی تەخت و تاراجیان. کە بێگومان خودی دەزگای پاراستن و دەستەودایەرەکەی مەسعود بارزانی لەهەموو لایەک زیاتر لەوە پشتڕاستن کە لە ناو گەلدا چەندە ناحەز و قێزەونن و لەکاتی ڕاپەڕینی جەماوەری لە باشوری کوردستان، ئەوا مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە و کؤڕەکانی دەبوو ئیرەیی بە بنەماڵەی ئال-ئەسەد ببەن.
ئاوڕێک لە ڕابردوو
دەنگۆی هاتنی چەتەکانی (جەیش-ئەلوەتەنی و لەناویاندا چەتەکانی ڕۆژ – سەر بە ئەنەکەسە) بۆ هەرێمەکانی بادینان و شەڕی گەریلا نوێ نیە. هەرچەندە مەسعود بارزانی باسی دەسوەردانی بەناو پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات لە پارچەکانی تر و بوونیادنانی چەتەی ڕۆژ و ئەنەکەسەش بۆ سوریا بە شەرعی دەبینێ و بە دەسوەردانی خۆی لە ڕەوشی سوریا لەقەڵەم نادات! بەڵام ئەوەی پشتڕاستە پارتی دیموکراتی کوردستان لەلوتکەی دەسەڵاتیان و لەلایەن خودی مەسعود بارزانیەوە سەرپەرشتی ناردنی هاوکاریە ژەهراویەکانی ( ڕێکخراوی بەناو خێرخوازی بارزانی) بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی عەفرین و شەهبا و هەماهەنگی لەگەڵ حەریری زمانحاڵی چەتەکانی تورکیا هەر لەسەردەمی داگیرکردنی عەفرینەوە بەردەوامن. دواهەمین دیدار کە هیچ شکێک ناهێڵێتەوە کە سەرەتای دەسبەکاربوونی ئەنەکەسە و جەیشولوەتەنی و سوپای تورکیا بوو بۆ هێرشکردنە سەر شاری مەنبەج و گوندەکانی کۆبانێ لە ڕۆژی ۱ی تشرینی دووەمی ۲۰۲٤ ( ٦ هەفتە بەر لە ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد) لە هەولێر، بە چڕی باسی هێرش و پیلانگێڕی کراوە بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەری لەڕۆژاوای فوراتەوە. دوو هەفتە دوای ئەوە و ڕۆژی ۱٦ی هەمان مانگ وەیسی بارزانی ( ڕاوێژکاری دەزگای پاراستن) لەپەراوێزی سەردانێکی نێچیروان بارزانی بۆ تورکیا ئەویش سەردانی ئیبراهیم کاڵن ( بەرپرسی دەزگای میتی تورکی) کردووە، کە مرۆڤ لە تێڕوانین لە ڕوداوەکانی دوای ۳ هەفتە شێمانەی ئەوە دەکات کە بزانێ باسی چیان کردووە و دواتر یادی ۱۰۱ ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەهەولێر کرا بە سەمای مەرگی ( بنەمالەی بارزانی، چەتەکانی دەوڵەتی تورک و دەزگای میتی تورکیا) بۆ پیلانگێڕی لە دژی ستاتۆی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان. بێگومان بەرلەوەش مەسعود بارزانی دەستەوەسان نەبووە و چەندین پیلانگێڕی دژی شەنگاڵ و گەلی ئێزدی و کامپی مەخمور و عەشائیرەکانی دێرەزۆر و زیندانی غوێران و کامپی هۆل لە ڕۆژاوای کوردستان ئەنجامداوە کە لەکاتی خۆیدا باس دەکرێت.
خودی مەسعود بارزانی سەرپەرشتی هێرشەکان دەکات بۆسەر ستاتۆی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
ئەگەر مرۆڤ چاو بە میدیا جیهانیەکاندا بخشێنێت، هەمیشە ئەو ڕاستیەی بەرچاو دەکەوێت کە هەر کاتێک ڕای جیهانی لەسەر ئاستە بەرزەکان سەرکۆنەی دەوڵەتی تورک و بە دیاریکراوی ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە دەکات لەسەر دژایەتی گەلی کورد، ئەوا مەسعود بارزانی لە چەند وێنەیەکدا لەگەڵ چەتەکانی سەر بە تورکیا دەکەوێتە میدیاکانەوە و یان خۆی یان کوڕەکانی دەنێرێت بۆ لای ئەردۆگان و دارودەستەکەی ئاکەپە، کە دەوڵەتی تورک هەمیشە دەیکات بە بەهانە و دەڵێن؛ ببینن کە ئێمە لەدژی گەلی کورد نین و ئەوە ئێمە لەگەڵ بارزانی لەهەماهەنگیداین کە کوردە. بەم دواییە مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ( ئەلحەدەس)ی سعودی چەند سەرەداوێکی ئاشکراکرد، لەوانە ڕەخنەکردنی قەوارەی سوننی ئێراقی بوو، بەوەی کە گوایە ئەوان واقیعی نین! بەڵام لەدواتر دەرکەوت دیارە سەرکردە سوننیەکان و بەدیاریکراوی ( محەمەد حەلبوسی) نەچۆتە ناو ئەوم پیلانگێڕیە نوێیەی دەوڵەتی تورک کە گەنجەکانیان بکەن بە لەشکری مرۆیی بۆ ئەم پیلانگێڕیە نوێیەو و سەرلەنوێ ئەفراندنی داعش لە ئێراقیش ، کە ئامانجەکەی ستاتۆی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە. لەگەڵ چەندین هەواڵی تر کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرۆکعەشرەت و کەسایەتیە سوننیەکانی ناوخۆی ئێراق و سوریاش کردووە بۆ هەڵگەڕانەوە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات.
مەسعود بارزانی و بەهانەی سواوی پەکەکە!
ئەوەی جێی سەرنجە مەسعود بازانی و کۆڕەکانی لە خودی دەوڵەتی تورک زیاتر باس لە هەبوونی پەکەکە دەکەن لە ڕۆژاوای کوردستان، بەڕەنگێ کە مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەی لە کەناڵی ئەلحەدەس ( هەفتەیەک بەر لە دەسپێکی هێرشەکانی ئەحرار ئەلشام بۆسەر حەلەب) نەیشاردەوە و دیسان ئەو مژارەی خستەوە ناو چوارچێوەی دایەلۆگەکانی، کە ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کوت و مت ئەوە دەڵێنەوە کە مەسعود بارزانی وتوێتی. لەکاتێکدا هاوپەیمانان بۆخۆیان مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی خۆسەری و هەسەدە دەکەن و دەبینن کە ئەوانە هەمووی هاوڵاتی ڕۆژاوای کوردستان و سوریان، میدیاکانی دەوڵەتی تورک ، کەناڵەکانی سەر بە جەیش ئەلوەتەنی و چەتەکانی تورکیا و میدیاکانی بنەماڵەی بارزانی بە فەرمی و نافەرمیەوە ئەو قەوانە لێدەدەنەوە و دەڵێن دەبێت پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان بڕوات و وەک ئەوەی باسی ساڵی ۲۰۱٤ بکەن کە گەریلاکان چوون بۆ بەرگریکردن لە شاری کۆبانێ، ئەو مژارەیان بەرامبەر بە چەندین ملیۆن دۆلار بەرتیل و کڕینی ڕۆژنامەنوسان خستۆتە ناو میدیاکان و مەخابن میدیا عەرەبیاکان و لەناویاندا ( ئەلعەرەبیە و ئەلحەدەسیش) شکۆی خۆیان شکاند و بوون بە زۆڕناژەنی دەزگای پاراستن و میتی تورکی، بەڵام زۆری نەبرد کە سەوڵیان بۆدواوە لێدایەوە و بەتایبەتی لەدوای ئەوەی زۆرینەی ڕەهای عەشرەتە عەرەبە سوننیەکانی سوریا و ئێراقیش داواکاریەکەی مەسعود بارزانیان ڕەتکردەوە و دوای ئەوەی وڵاتی میسڕ بە ئاشکرایی لەدژی ئەجنداکانی دەوڵەتی تورک وتاری دا، ئیدی میدیای عەرەبی کەنداویش دەستەسڕێکی شەرمەزاریان بە ناوچاوانیاندا هێنا و حاڵی حازر هەوڵی گۆڕینی مژارەکە دەدەن.
مەسعود بارزانی و پیلانگێڕی لە دژی کۆبانێ
سەرەتا کە هێشتا ئاوارەکانی عەفرین لە کامپەکانی شەهبا نەگوێزرابوونەوە، دەزگای بەناو خێرخوازی بارزانی بەناو تورکیادا هەندێ هاوکاری مرۆیی ڕادەستی بنەماڵەی چەتەکانی سوڵتان موراد و جەیش ئەلوەتەنی سەر بەتورکیا کرد، هەروەها داوایان لە ئاوارەکانی عەفرین کرد کە پێویستناکات لەوێ بڕۆن و پارێزراو دەبن. بەڵام لەکاتێک کە ئاوارەکان بڕیاریان دا بەرەو تەبقە بڕۆن ئێدی ڕووی خۆیان ئاشکرا کرد و کەوتنە هێرشکردن، کە ئەگەر نێوەندگیری هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەحرار ئەلشام نەبوایە، کۆمەڵکوژی گەورە دروست دەبوو. دواتر ئەم گروپە چەتانە و پاشماوەکانی داعش هێرشیان بۆسەر شاری مەنبەج کرد و لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە کەوتنە هەڕەشە و شەڕی دەرونی و میدیایی لەدژی شاری کۆبانێ. بێگومان لەم ماوەیەدا میدیاکانی ( پارتی دیموکراتی کوردستان) بەدیاریکراوەی ئەوانەی نزیک لە کۆڕ و کۆڕەزاکانی مەسعود بارزانی کەوتنە شەڕی میدیایی و تەنانەت ( ئاڤاپرێس)ی ئارین مەسرور مەسعود هەواڵێکی بڵاو کردەوە و نوسیبووی، کە سوپای ئەحرار ئەلشام ( کە لەڕاستیدا چەتەکانی جەیش ئەلوەتەنی بوون) خۆیان ئامادە دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆبانێ و وشەی “کۆنترۆڵکردن”ی بەکارهێنا کە مرۆڤ ئەگەر لەوێژدان بێبەری نەبێت، دەبێت نەفرەت لەو میدیایە بکات.
لەدوای ئەوەی دەنگۆی پەیوەندی لەنێوان هەسەدە و دیمەشق دروست بوو و خۆسەری وەک دەستپێشخەری دانینا بە ئاڵای نوێی هەڵبژێراوی سوریا، مەسعود بارزانی بەهەڵەداوان عەبدولحەکیم بەشار (ئەنەکەسە) و دڵشاد بارزانی برای خۆی نارد بۆ دیمەشق. سەرەتا وتیان بۆ دواکاریە لە ستاتۆی گەلی کورد، دواتر وتیان بۆ ئاواکردنی نوێنەرایەتی سوریایە لە هەولێر، کە لەڕاستیدا بانگێشتنامەیەکی لەوڕەنگە لەدەستی بەغدادە و لەدەستی مەسعود بارزانیدا نیە! بەڵام لەدرێژەی ئامادەکاریەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەناویاندا چەتەکانی ئەنەکەسە بۆ هێرشکردنە سەرکۆبانێ کە هەتا ئەمڕۆش درێژەیان هەیە، مرۆڤ دەبێت لەوە حاڵی ببێت کە مەسعود بارزانی بەرلەوەی بمرێت، بەڵێنی بە دەوڵەتی تورک دابێت کە کۆبانێ بکات بە قوربانی و نەهێڵێت گەلی کورد خاوەنی ئەو سیمبولە مەزنەی بەرخۆدان بێت. ئێستاش لە میدیاکانەوە ئەو قەوانە لێدەدەنەوە و دەڵێن کە گوایە پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستانە، کە لەڕاستیدا مەسعود بارزانی جگە لەوەی هەرگیز باسی ( چەکدارانی ئەیگوری و چیچانی و ئۆزبەکی و ئەوانەی تر ناکات لە سوریا و تەنانەت باسی مەلا عەبدوڕەحمان فەتاحیش ناکات کە خەڵکی مهابادە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جێگری محەمەد جولانیە) ، پەکەکەی کردووە بە وێردی سەر زمانی و دوو ئامانجی یەک لەیەک گڵاوتری هەیە، ئەوانیش لەلایەک شەرعیەت بدات بە هەبوونی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی بن دەسەڵاتی پارتی دیموکرات لەهەرێمی کوردستان و لەلاکەی تر ئامادەسازی بکات کە دەوڵەتی تورک بەناوی چاودێرەوە چەندین دەزگای سیخۆڕی و تۆڕی هەواڵگری بە ڕۆژئاوای کوردستاندا بلاوبکاتەوە بەناوی بەدواداچوون بۆ کادرانی پەکەکە لەناوخۆی خۆسەریدا، چونکە لەم ساڵانەی دوایی شانە نوستووەکانی میتی تورکی زۆربەیان ئاشکراکرابوون و پوچەڵ کرانەوە. بۆیە باشترین هاوکاری و یارمەتی خۆسەری و ستاتۆی کورد لە سوریای نوێ لەم کاتەدا سەرکۆنەکردن و لەمپەڕکردنی پیلانگێڕیە ژەهراویەکەی مەسعود مستەفا بارزانیە.