جۆرج ئۆروێڵ
سیروان کەلاری
لە ماوەکانی ڕابردوو هەتا ئێستاش دەبینین و دەبیستین کە چەندین کارەساتی دڵهەژێن و نەهامەتی گەورە ڕوودەدەن، بەلام بەشێوەیەکی سانا بەبەرچاومان تێدەپەڕن و دەرباز دەبن. ئەوەی زۆرینەی میدیاکانیش ڕوومالی دەکەن تەنها لەگواستنەوەدا کەم و کوڕیی نیە، بەڵکو شێوەی گواستنەوەی هەواڵی ئەو کارەساتانە زۆر بەسانایی هەڵدەچنرێت، وەک ئەوەی بە ئیرادەوە هەوڵی ئاساییکردنەوەی ئەو نەهامەتیانە بدرێت، یاخود بە زمانی میدیاکار و دەزگایەک چاوی لێدەکەن، کە لە جوگرافیایەکی تر و کۆمەڵگایەکی دەرەوە تەمەشای ئەو قەیرانە ناوخۆییانە بکات. بۆ نمونە هەواڵێکی کارەساتباری کە بەسەر ناوچەیەکی کوردنشیندا هاتووە، لە میدیایەکی تری کوردیەوە وەک ڕەوشێکی ئاسایی و بەناوی “پرۆفیشناڵ”بوونەوە و لە ڕووی زمانەوانی و هەڵچنینی هەواڵەکەوە هەوڵی ساناکردنەوەی دەدرێت، ئەوەش خودی ئەو کەشە ژەهراویە خوڵقاوەیە کە بەبڕوای ئێمە لێکۆڵینەوەی زۆر وردی ئەکادمیانەی پێویستە و شایەد لە بوارەکانی دەرونشیکاری و کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی و لایەنەکانی ترەوە بۆخۆی بابەتێکی هەرە پێویستی شرۆڤەکردن بێت و بۆ ئێمەش بووە بە پرسیارێکی بنگەیی.
لە ڕۆژانی ڕابردوو لەم هەرێمە دا ڕوداوی زۆر گەورە و چارەنوسساز ڕوودەدەن. جگە لەوەی خەڵکانێکی زۆر لەمەترسی بوون و نەبووندان، لەسەر ئەرزی واقیعیش داگیرکاری گەورە و تالانکردن و لەناوبردنی گوند و شار و کۆمەڵگا ڕوودەدەن کە کاریگەری بنگیەییان دەبێت بەسەر داهاتووی دوورمەودای ناوچەکە. پیسبوونی ژینگە ،هەڵکێشانی ڕێژەی شێرپەنجە، کۆچی هەزاران کەس بۆ دەرەوەی وڵات ، کوشتن و خۆکۆشتن، هەژاری، پەرەسەندنی مۆدێلێکی نوێی چینایەتی ئابوری یان عەشرەتی یاخود مەزهەبی و تۆقێنەر خوڵقاوە کە مژاری زۆر هەستیارن لەناو کۆمەڵگا، کە زۆرینەی ڕەهایەن یان بەدەستی ئەنقەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان خوڵقاوە، یان لە ئەنجامی کەموکوڕی ئەو دەزگایە سەریانهەڵداوە.
ئەوەی هەموو لەسەری کۆکین، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە تاکتیکی چارەسەرکردنی قەیران بە خوڵقاندنی قەیرانێکی تر پیادە دەکات و وایکردووە کە ئەمڕۆ کەسانی پسپۆڕ و شارەزای کۆمەڵناسی و سیاسی لەخۆیان کۆبکەنەوە، نەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی تر، بەڵکو بۆ ئەوەی بیروهزری پێشکەوتووی ئەوان بەکار بهێنن بۆ خوڵقاندنی قەیرانی کاریگەرتر لەوانەی ڕابردو، بۆ پەردەپۆکردنی شکست و تاوانی بەرپرسەکان، لانی کەم لەڕووی کەموکوڕی حوکمڕانیەوە.
لەناو لوتکەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک هیچ ئیرادەیەکی حوکمڕانی حەکیمانە و چارەسەرکردنی قەیرانەکان بوونی نیە، بەڵکو تەواوی لوتکەی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و بەرلەهەموویان دواهەمین ئیدارەی ماوەبەسەرچوو، هەموو وزەی ماددی و میدیایی و سیاسی خۆی بەکاردێنێت بۆ پەردەپۆش کردنی لاوازیەکانی خۆێ وڕۆژانەش خەڵک بە بابەتە لاوەکیەکانەوە سەرقاڵ دەکات وەک ئەو هەواڵانەی کە لاسایی کۆمەڵگا خۆشگوزەرانەکان دەکەنەوە و ڕۆژەڤی پلاستیکی دەخزێننە ناو لاپەڕەی میدیاکانی خۆیان. جگە لەوەش وتاری سیاسیشیان بووە بە هەواڵەکانی هاتنی مووچە و لەیەکگەیشتن لەگەڵ بەغداد و هتد. ئەوە وتاری دوژمنکارانە و داکۆکیکردن لەسەر ویستی داگیرکەران و ئەو لایەنانەی کە بە ئاشکرا هەر هەبوونێکی کلتوری یاخود سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد بەئامانج دەگرن بە ئاشکرا خەفە دەکرێن و باسیان لێوە ناکرێت. جگە لەوە یەک لەشکریان دروست کردووە لە هەزاران میدیا و میدیاکاری سێبەر، کە وەک سوپایەکی هێزی نەرم لەکاتی قەیرانەکانی خۆیان و سەرانی دەسەڵات بۆ چەواشەکاری و بەلاڕێبردن و خوڵقاندنی ڕۆژەڤ و مژاری تر کەڵکیان لێوەردەگرن و ئەگەر پێویستی کرد دوژمنی وەهمیش بۆخۆیان هەر لەو ڕێیەوە دەخوڵقێنن. ئەوەش لە کاتێک کارەساتی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە سیودوو ساڵی ڕابردوودا کەمترنیە لە کارەساتی ئەنفال ئەگەر زیاتر نەبێت! جگە لەوەی هەژماری قوربانی و گۆڕی بێناونیشان و کەسانی بێسەروشوێنکراو و کوشتن و پاکتاوکردنی دەنگە بوێرەکان و هتد. نزیکی هەژماری قوربانیانی ئەنفال بۆتەوە، لەلایەنی فەرهەنگی و کلتوریشەوە کۆمەڵگا بەو ئاڕاستەیە براوە کە شاڵاوەکانی وەک ئەنفال هەوڵیان بۆداوە بۆ هەڵتەکاندن و لەناوبردنی بنەما وپێوەرەکانی کۆمەڵگای کوردی.
خەڵک و حکوومەت
ساڵانێکە خەڵک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕازیە، بەتایبەتی کارەساتباری لە دواهەمین کابینەدا گەیشتۆتە کەشکەلانی فەلەک، بەڵام ئەوەی هەموان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە حکومەت ناگۆڕێت! بەواتای خۆمانی کوردەواری موویەک لەم ماستە دا هەیە و ئەمەش مژارێکی زۆر بنگەییە کە نەک نەبووە بە ڕۆژەڤی میدیاکان، بەڵکو زۆرینەی ڕەهای میدیا خاوەن پێگە و مەزنەکان لەو لایەنەوە یەک ئەلفی ئاڵ هەڵناهێننەوە و ئەوەی بەناوی ئۆپۆزسیۆنیشەوە لەهەموان زیاتریش خۆی کردووە بە کەواسوری پێشلەشکرد و وتاری قەبە لە دژی گەندەڵی و حکومەتی سەرکوتکار دەدات، لەبن مێزەکەوە لەهەموان توندتر دەستی گرتووە بەو مۆدێلە حوکمڕانیەوە و لە لەناوچوون دەیپارێزێت.
لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە لەم هەرێمە دا دروستبوونی بەرەیەکی جدی لە بەرابەری دەسەڵاتدارانی ئەم حکومەتە بووە بە کارێکی ئاستەم. لە کارەساتی شەڕەکانی ناوخۆ و ژنکوشتن و حەڤدەی شوبات تا شەهید کردنی دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و زیندانیکردنی دەنگە ئازادەکان و گازی فرمێسکڕژێن و لێدان و سوکایەتی بە مامۆستا و کەسایەتیە پێشەنگەکان گەواهیدەری ئەوەیە ئەم حکومەتە چەندە بێباکە بەرامبەر بە خەڵکی و ئەوانەی کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانیش خۆیان وەک پێشەنگی دەنگە ناڕازیەکان ناساندووە، دواجار هەندێکیان دەبنەوە بە پەرلەمانتار یان ڕاوێژکار و کاربەدەستی باڵا یاخود بە خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری میدیاکان، کە خودی خۆیان دەبنەوە بە گەورەترین لەمپەڕ لەبەردەم گۆڕانکاری ڕیشەیی و هەنوکەیی و دەزگا میدیاییەکانیش لەبن سێبەری ئەم خۆگێلکردنەدا دەستیان بەوانەوە گرتووە کە لەتوانایاندا هەیە وتارە ڕادیکالەکانی خۆیان بە بەرژەوەندیەکی تاکەکەسی و هاوکاری ماددی بگۆڕن بۆ وتاری چەواشەکار ، یاخود ڕەخنەی ژێرلێو و نەرم دەگرن، کە نەک سود بە پرۆسەیەکی گۆڕانکاری ڕیشەیی ناکات، بەڵکو هاوکاری بێپایانی دەسەڵاتیش دەکات و وای پێشان دەدەن کە ئەوان ڕێز لە ڕەخنە و ڕای جیاواز دەگرن، بەڵام ئەوانەی ڕەخنەی جددی و کاریگەر دەگرن تیرۆر دەکرێن و لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان دەسوتێنرین و لەباشترین باردا زیندانی دەکرێن.
ئەوەی بەشێکی زۆری دەزگا فەرمیە میدیاییەکان ناتوانن یان نایانەوێ خاوەنداری لێبکەن، دەبێ خەڵکی خاوەنداریان لێبکات و بیانپارێزێت، ئەگەر نا دەبین بە کۆمەڵگایەک کە ئۆرێڵ-وتەنی؛ نەک شایەنی سەرفرازی نین، بەڵکو بۆخۆمان بەشدار دەبین لەو تاوانانەی کە دەسەڵات دەیانکات.