✍️ ئیدریس مستەفا
لە پەراوێزی سەردانی کردنی هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ سوریا بۆ دیدەنی ئەحمەد ئەلشەرع و سەردانی نەکردنیان بۆ رۆژاڤا…
یەکەم….
ئەو کابرایەی، ئەحمەد ئەلشەرع، هەموو ئەوروپا و ئەمریکا بە دوای سەریەوە بوون ئیستا هەموویان سەردانی دەکەن. دیمەشق بووە بە تێرمیناڵی دپلۆماسیەتی ئەوروپی و ئەمریکی و لە تەکیشیدا وڵاتانی عەرەبی. ئەو خاڵەی وای کردووە دیمەشق ئاوها ببێتە ئاپۆرەی ئەو دنیا دپلۆماسیەتە ئەوە بووە کە هیچ یەکێک لەو وڵاتانە هەرگیز لەو باوەرەدا نەبوون رژێمی ئەسەدەیەکان ئاوها بە چەند رۆژێک بڕوخێ.
سوریا یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەراستە کە خاوەن جیۆپۆلەتیکێکی وەهایە کە بۆ هەمووان بەتایبەت بۆ ئەوروپا و ئەمریکا گەلێ گرنگ بێت. بۆ تورکیا و سعودیە و ئێران هەموان دەزانین چەند گرنگە و لێرەدا ناچینە ئێخەی ئەو بابەتە بەڵام بۆ غەرب (ئەروپا و ئەمریکا) لە سۆنگەی سێ خاڵی سەرەکیەوە گرنگە:
یەک: ئاسایشی ئیسرائیل کە غەرب بە ئیسرائیل بە جەوهەری ئاسایش و بوونی ستراتیجی خۆیانی دادەنێن لە ناوچەکەدا. سوریا بەوپێیەی سنوری بە سنوری ئیسرائیلەوەیە و تەنها وڵاتە کە راستەوخۆ دژی ئیسرائیل شەڕی کردووە و نەهاتۆتە پای دانوستان لەگەڵیدا.
دوو: دەرکردنی روسیا لە سوریا یەکەمین داواکاری ئەوروپیەکانە و بە ئاشکراش ئەمەیان چەندان جار دووپات کردۆتەوە.
سێ: دانەمەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی وەک ئەوەی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا بەربوک، بە ئاشکرا گوتی و ئەمەشی کردە بە مەرجی سەرەکی هەلگرتنی گەمارۆی ئابوری لەسەر سوریا.
دووەم…
لە یەکەمین رۆژی هاتنە سەر کاری ئەحمەد ئەلشەرع ئەوروپاییەکان تا ئیستا داوای دوو شتیان لێ کردووە کە جێبەجێی بکات ئەوانیش ١) دەرکردی روسیا لە سوریا ئەویش بە داخستنی بنکە سەربازی و دپلۆماسیەکانی. ٢) خۆلادان لە یاخود دانەمەزراندنی حکومەتێکی تیۆکراسی وەک ئەوەی لە ئێران هەیە. بێ هزری دپلۆماسیەتی ئەوروپی لێرەدا دەردەکەوێ چونکە:
تا ئیستا ئەحمەد ئەلشەرع ناچێتە ژێر باری دەرکردنی روسیا لە لایەک؛ لە لایەکی تر، ئەو بێڕیزیەی ئەمڕۆکە ئەحمەد ئەلشەرع و نوێەنرەکانی لە فڕۆکەخانە کردنیان بەرامبەر بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەوەی ئامادە نەبوون چاک و چۆنی لەگەڵدا بکەن ئەوە خۆی لە خۆیدا رەت کردنەوەی داواکاری دووەمی ئەوروپایە لەوەی کە ستراتیجی هەیئەی تەحریر شام (هەتەشە) لە سوریا دامەزارندنی حکومەتێکی ئاینیە بەتایبەت کە پیرێکە بە ئاشکرا دەستی بۆ ئەم خاڵە برد کاتێک کەوتنە گۆڕینی سیستەمی خوێندن و پەروەردەی ئەو وڵاتە و گۆڕینی هەموو مانا و ناو و هێما و داتاکان بە هی ئیسلامی ئیخوانی.
کورد لەو دپلۆماسیەتە بێ هزرەی ئەوروپادا…
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نویڵ بارو، داوا لە کوردانی رۆژاڤا دەکات بەشداری حکومەتی نوێی سوریا بکەن؛ بەڵام دەڵێێ ئەو ئاگای لەوە نیە کە هەتەشە پێشوەختە حکومەتی خۆی دروست کردووە بێ ئەوەی پرس و را و بەشداری هیچ لایەنێکی تری سوریش بکات نەک هەر کورد. ئەم حکومەتەی هەتەشە تا چوار ساڵی تر بێ هیچ کەلامێک لە دەسەڵاتدا دەبێ ئینجا بڕیاری هەڵبژاردن دەدرێت بۆ حکومەتێکی هەڵبژێردراو؛ ئەمە قسەی ئەلشەرع خۆیەتی.
قەسد کە قەوارەیەکی نیمچە دەوڵەتیە و خاوەن جوگرافیا و ئیدارە و هیزی سەربازی خۆیەتی کە بە زیاتر لە هەشتا هەزار دەخەمڵێنرێ چۆن چۆنی بچێتە ناو حکومەتێکی وەک هەتەشەوە. لە رووی سیاسیشەوە قەسد ریزێکی سیاسی تایبەت و جودای خۆی هەیە کە هێزە نێودەوڵەتیەکان مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا دەکەن چۆن هەر ئاوها بتوێتەوە لە ناو پرۆژەی هەتەشەدا لە دیمەشق. لە رووی ئایدۆلۆجیاوە قەسد هێزێکی مەدەنی پێشکەوتووخواز و یەکسانیخوازە لە مەسەلەی ئافرەتدا کە دەور و نەخشی کچان و ژنان لەو قەوارەیەدا گەر لە سەروو خودی کیشوەری ئەوروپاوە نەبن ئەوا کەمتر نین و ئەمەش رێک پێجەوانەی ئایدیۆلۆجیای هەتەشەیە. لێرەدایە کە هیوایەکی کەم بەدی دەکرێت لەوەی قەسد بتوانێ ببێتە بەشێک لەو حکومەتە بەو شێوەیەی ئەحمەد ئەلشەرع دەیەوێت.
ئەو دپلۆماسیە ئەوروپیە بێ هزرانە لە دیمەشقەوە باس لە مافەکانی گەلی کورد دەکەن لە سوریای نوێدا، کە شتێکی خراپ نیە و زۆریش باشە، کەچی ئامادە نین سەردانێکی ناوچەکەیان بکەن خۆ رۆژاڤاش باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و بەشێکە لە سوریا خۆ سەردانی کردنیان نە بڤەیە و نە قەدەغەی لەسەرە و هەر وەک وەفایەک و راسگۆییەک بۆ ئەو لێدوان و بانگەشەیانەی خۆتان سەردانێکی رۆژاڤاتان بکردایە کە لە رووی سیاسیەوە روو سوورتر دەبوون بەوەی ئەوێش بەشێکی گرنگە لەو سوریایەی باوەڕتان بە یەکگرتویی سنورەکەی و خاکەکەی هەیە. سەردانی تیرۆرستەکانی دوێنێ دەکەن سەرباری ئەوەی بێ رێزیان پێ دەکەن بەڵام سەردانی رۆژاڤایەک ناکەن کە هەموو کیشوەری ئەوروپای پاراست لە پرۆژە و هێزی خەتەری داعش.