خۆگر کەمال
لەکاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ، سەرۆک و بەرپرسانی یەکێتی زۆر باسی جیاوازی خۆیان دەکرد لە گەڵ پارتی. وایان وێنا دەکرد کە زۆر رادیکاڵترن لەجاران و ئیتر جارێکیتر ناکەونە ژێر هەژموونی پارتی، بەتایبەتی لە سیاسەتی نەتەوەیان بۆ پشتگیری لە پارچەکانیتر، هەروەها ئەو داگیرکاریەیی کە تورکیا لە هەرێمی بادینان بەڕێوەی دەبات.
پرسێکیتریش کە بەردەوام یەکێتی وەک شانازیەک بۆ خۆی و هەرێمی سلێمانی بەناوی دەکات، ئەویش ئازادی خەباتی ژنان و ئازادی راگەیاندنی و هونەریە، خۆی لە خۆیدا سلێمانی و یەکێتیش جیاوزایە بنەڕەتیەکەیان لەم خاڵەدایە، بەڵام وادیارە یەکێتیە نوێکە لەگەڵ راستینەی یەکێتی و سلێمانی ناکۆک دەبێ و پێچەوانەی رەوتەکە مەلە دەکات!!
پارتی و حکومەتەکەی سودانی داوێکیان داناوەتەوە، دەیانەوێ لەهەموو رووێکەوە یەکێتی و سلێمانی پێ لکەدار بکەن، چونکە پارتی خۆی یەکلا کردۆتەوە، لەبەرەی داگیرکەری تورکیایە و دەزگای پاراستن و میت بەهاوبەشی رۆژانە راوی کەسایەتیە وڵاتپارێز و نیشتمانیەکان دەکەن. هەمانکات هیچ ئیرادەیەکیان لەخۆیاندا نەهێشتۆتەوە، کە بەیەک وشەش بە تورکیا بڵێن نەخێر.
هەردوو حکومەتی کازمی و سودانی، دوو لکەی شەرمەزاریان لەخۆیاندا، یەکیان لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ رێککەوتنی لەگەڵ پارتی و تورکیا واژۆ کرد سەبارەت بەشەنگال، کەپارتی و تورکیا تەنها و تەنها دوژمنایەتی شەنگالیان کردبوو. حکومەتەکەی سودانیش هێشتا خراپتر خۆی خستۆتە ناو زەڵکاوەکە، ئەویش لەلایەک لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە ڕێگەی وەزیرە پارتیەکە لە مانگی ئابی ٢٠٢٤ واژۆ لەسەر رێککەوتنێک دەکەن، گوایا تورکیا ئاویان بۆ بەردەداتەوە، بۆ ئەمەش پەکەکە وەک گەورەترین و بەهێزترین پارتی شۆڕشگێڕی کوردستانی لە عێراق دەخاتە لیستی رێکخستنە قەدەغە کراوەکان!! لەلایەکیتریش یەک لەدوای یەک رێکخراوە نەتەوەی و دیموکراتیەکانی کوردستان مۆری قەدەغەیان لێ دەدات.
ئەنجامی رێککەوتنەکەی سودانی لەگەڵ تورکیا، هەر ماوە ماوە، ئازادی خەباتی رێکخراوی و سیاسی تەنگتر دەکاتەوە. سەرەتا بەناوی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە سێ لایەنی سیاسی قەدەغە کرد، ئێستاش هەربەهەمان بیانو، دوو رێکخراوی هونەری، رێکخراوێکی ژنان و کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی خەباتی راگەیاندنی قەدەغە دەکات!!
یەکێتی کە دەڵێ جیاوازم لە پارتی، دەبێ نەکەوێتە ئەو تەڵانەی کەپارتی بۆی دەنێتەوە، بەناوی یاسا و دەستور. ئەگەر مەسەلەی قەدەغە و لیستی تیرۆربێ، بۆچی حکومەتی سودانی و سەرۆکی پارتی پیرۆزبای لە ئەبو مەحمەد جۆلانی گەورە تیرۆریست دەکەن و شاند لەدوای شاند دەنێرن بۆ کار لەگەڵ کردنی؟؟ ئەی باشە تورکیا بۆچی ئەو کەسانەی خۆی خستبوونیە لیستی تیرۆر ئێستا لێیان دەبورێ و مامەڵەی یاسایان لەگەڵ دەکات. دیسان هەر دەوڵەتی تورکیا خودی خۆی بانگ لە سەرۆکی پەکەکە دەکات بابێ لە پەرلەمانەکەیان قسە بکات و بە فەرمی وەزارەتی دادی تورکیا شاندی ناردۆتە لای و گفتوگۆ و دیالۆگ دەکەن بۆ چارەسەری!!
دەسەڵاتداران هەمووشتێک بۆ خۆیان رەوا دەبینن، بەڵام بۆ رێکخراوێک یان کۆمەڵە و دەزگایەک ئەگەر هەستێکی نەتەوەیی یان جموجۆڵێکی هەبێ لێی بەحەرام دەبین و قەدەغەی کارکردنی بۆ دەردەکەن.
یەکێتی پێویستە ئەو تەڵانە ببینێ و جوانیەکانی خۆی و سلێمانی، بەو بڕیارە شەرمنانە نەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەمانکات ئازادی کاری راگەیاندنی و ئازادی سیاسی و رێکخراوەی ژنان و هونەری وەک هەولێر و دهۆک، رادەستی میتی تورکی و رەحمی سودانی نەکات. ئەگەرنا دواتر باسی هەبوونی جیاوازیمان بۆ نەکەن لەگەڵ پارتی، هەتا زووە لەو بڕیارە هەڵەتان بگەڕێنەوەو ئازادی خەباتی راگەیاندنی و رێکخراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سلێمانی بەرتەسک مەکەنەوە، جوانیەکانی سلێمانی مەشێوێنن.