لادین ئەحمەد
سێماڵکا تەنیا دەروازەی سنوری نێوان رۆژئاوا و باشوری کوردستانە کە ئەم دووپارچەیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆیە لەڕووی سیمبولیەوە گرنگیەکی زۆری هەیە. هەروەها دەروازەی نێوان دوو سیستمی بەرێوەبەری کوردستانی جیاوازە و هاوکاتی ئەوەش سێماڵکا بە دەروازەی بەیەکگەیشتنی دوو هێڵی جیاواز پێناسە دەکرێت کە ئەوانیش هێڵی خەباتی باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانە، کە ئاماژە بە هێڵی خۆبەدەستەوەدان و خیانەت و هێڵی بەرخۆدان و شۆڕشگێڕیە.
پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، بە فەرمان و ویستی دەوڵەتی تورکیا ئەو سنورە بەرێوە دەبات، کە لەم کات و ساتە هەستیارە و سەرەڕای هەموو نارەزایەتیەکانی کوردان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، تەنیا دەروازەی نێوان رۆژئاوا و باشوری کوردستانی داخستووە و تەنانەت رێگری لە گەیاندنی پێداویستی سەرەکی ژیان، داودەرمان، شیری منداڵ و چەندین کەلوپەل و پێداویستی تری هەنوکەیی دەکات کە بۆ گەل و بۆ ئاوەرەکانی شەر پێداویستی گرنگی بەردەوامیدانن بە ژیان کە پەنایان بۆ ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بردووە.
داخستنی دەروازەی سێماڵکا لە لایەن بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیا( واتە بنەماڵەی بارزانی و لوتکەی دەسەڵاتی پارتی) پێناسە لە تەسلیمبوون و جاشایەتی و هێڵی خیانەتە، کە ئەو دەروازەیە وەک ئامرازی فشار لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان بەکار دەهێنێ بۆ ناچارکردنیان بە هەڵبژاردنی هێڵی تەسلیمبوون بە ئیرادەی دەوڵەتی تورکیا.
هەرچەند پارتی دیموکراتی کوردستان ئێراق خاوەن مێژوویەکی لێوانلێوە لە خەیانەت، بەڵام داخستنی ئەم سنورە لەم کاتەدا، بەتەواوی هاوتای خیانەتی هەڵکەندنی خەندەقە بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی هێرشی داعیش لە ساڵی ۲۰۱٤، کە ئەودەم دەیانویست گەلی کورد پێڕانەگەن خۆیان بگەیەنێتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و خۆیان لە کۆمەڵکوژی داعش دەرباز بکەن، بەڵام وەک چۆن ئەودەم لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر جاشەکانی بنەماڵەی بارزانی خۆیان لەترسی داعش بەچنگ و بە دەست خەندەقەکەیان پڕکردەوە و ئاوارەی خاکی ڕۆژاوا بوون، هەربەو ڕەنگەش ڕۆژئاوای کوردستان تەسلیم نابێ و بەڵێنیانداوە کە ئەم خیانەتەی بنەماڵەی بارزانیش دەرباز بکەن، تا ئەو دەمەی خودی خۆیان بەمەمنونی دەروازەی سمێلکاش واڵا دەکەن.