✍ رێبوار تەیراوەی
دوێنێ ڕۆژێکی مێژووی بوو لە یادگاری خەڵکی هەولێر. جەژن نەورۆز و ڕەمەزان زۆر زووتر لە کاتی خۆی هات. وەک مووچە دزراوێک، بەیانییەکەی زوو بەرەو بازاڕ بەڕێکەتم. بینینی دیمەنەی ئەو کۆستەرە پڕ لە مامۆستایانەی بەرە و هەولێر دەهاتن، خەیاڵی ئێمەی بەرەو ئازادی و شکانی دیکتاتۆرەکان برد بۆیەوە. هەر تاکێکی هەولێری لە چاوەکانی دیاری بوو کە چەندە تامەزرۆی ئازادین و بڕژێنە سەر شەقامەکان دروشمی ئازادی و دادپەروەری بڵێنەوە. بۆ ئێمە تەنیا پرسەکە نابەستینەوە بە مووچە، ئێمەی هەولێری ئازادیمان دەوێت، شکۆ و دادپەروەریمان دەوێت. دەمەو نیوەڕۆ شەبیحەکانی پارتی وەک پیشەی هەمیشەیان پەلاماری ئەو ژن و پیاوە مامۆستایەیان دا، ڕاستەوخۆش دەستیان توند کرد لە کووچە و کۆڵانەکانی شاری هەولێر. دەیان پرسیار و وەرگرتنی ناسنامەکانمان، ئینجا ڕێگایان دەدا تێپەڕی. ئەو دار بە دەست و چەک لە شانانە تەنیا بۆ خەڵکی ئێمەی بێ چەک ئازان، ڕۆژێک ناتوانن شکۆی ئەم گەلە، ئەم خاکە بپارێزن. ئەو ڕێگرییەی بەردەوامی هێزەکانی پارتی، ڕقی هەولێرییەکان زیاتر دەکات، دوێنێ بە ئاشکرا نیشانی هەموو جیهانیان دا کە ئێمە دیکتاتۆرین، هەر کەسێک ڕەخنەی هەبێت دەبێت ئەشکەنجە بدرێت و بخرێتە کونجی زیندان. لە ڕۆحی تاک بە تاکی هەموو هەولێری یەکی ڕەسەن هیوایەکی نەبڕاوە هەیە بۆ ئازادی کە بە تامەزرۆیییەوە لە دیداری ئەم ڕۆژەین