نازدار جیهان
ئومێد خۆشناو هەڵبژێردراوی خەڵکی هەولێر نیە، بۆیەش ئەو مافەی نییە بەناوی هەولێریەکانەوە لێدوان بدات، ئەو جگە لە قەیومێکی بنەماڵەی بارزانی شتێکی دیکە نیە, بە وتنی کۆمەڵێک وشەی بازاڕی، گەورەترین سوکایەتی بە هەولێریەکان کرد, بەوەی لە ماڵی خۆیان دانیشتون و دەوامی خۆیان دەکەن و ….هتد.
ئەم پەیامانە خۆی لە خۆیدا واتاهەڵگرە، ئەو ئەیەوێ بڵێ هەولێر بوێری ئەوەیان نییە بێنە سەرشەقام، سەری خۆیان کز کردووە و خەریکی ژیانی خۆیانن, ئەیەوێ بڵێ هەولێریەکان ڕاستە موچەیان نیە و ناڕازین، بەڵام ئازاد نین و مافی دەربڕینی هەڵوێستی مەدەنیانەی خۆیان نیە،
بۆیە ئێوە ئەتانەوێ بێن و ئەوانیش لەگەڵ خۆتان بجوڵێنن، ڕێگە نادەین!!.
بە باوەڕی من پارتی و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی، باش دەیزانی چوونی مامۆستایان و مانگران بۆ ناو هەولێر و چوونە پێش یوئێن و بە ناو ئەنجومەنی وەزیرانیش، هێندەی ئەو ڕێگری و پێکدادانەی ئەمڕۆ تەشهیری نەدەکردن و زیانی پێ نەدەگەیاندن٫ بەڵام ئامانجی پارتی لەم رێگریانەی بۆ ئەمڕۆی نیە، بەڵکو ترسە لە سبەی. ئەو باش دەزانێت دەسەڵاتەکەی لەرزۆک بووە و کەس خۆزگە بە حاڵی لێقەوماوانەی ناخوازێ، ئەو دەیەوێ هەیمەنە و هەیبەتی خۆی بە جۆرێک نمایش بکات، بۆ سبەی کەس بیر لە شکاندنی ئەو سنورانەی خێڵ نەکاتەوە و هەرکەس بیری لە ڕوخاندن و هەڵتەکاندنی دەسەڵاتەکەی کردەوە، بیری هێرش و پەلاماری بازگەکانی دێگەڵەی بکەوێتەوە.
خۆش بە خەیاڵی ئەو دەسەڵاتەی هێندە تەنگبین و بێ ستراتیژ و لەرزۆک بێ، سیاسەتی ڕوبەڕووبونەوەی ئازادیخوازانی بە پەیجی ساختەو هەواڵی فەیک و سۆشیاڵ میدیای چەواشە بێت، بۆ وەڵامی ناڕەزایەتی مەدەنی، چەتەکانی زێڕەڤانی و گوڵان و پاراستن، بهێنێ بەرانبەر بە مامۆستای پەروەردەکاری نەوەکانی ئەم نیشتیمانە توڕەیی و کینەیان هەڵڕێژن.
پارتی و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەی، بە فیعلی دژی هەبونی مامۆستای بە ئیرادەن و ترسیان لە پەروەردەی ئەو مامۆستایانە و مناڵەکانی سبەینێ هەیە. ئەگەرنا ئەو هەموو ڕق و کینەیە لە مامۆستایانی تەنها پێنوس بەدەستی جوان و پێشەنگی کۆمەڵگە، تەنها بابەتی موچە و تەوتین نیە!
بابەت تەنها فکر و ئیرادەی ئازادی ئەو مامۆستا پێشەنگانەیە.
دەسەڵاتی خۆسەپێنی دژە ئازادی دەبێت ئەو ڕاستییە بزانێت، ئەو هێشتا توڕەیی خەڵکی بەشمەینەتی نەدیوە، ئەوە تەنها بەشێکی کەم لە توڕەیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مافخوراو بوو. وای بۆ ئەو کاتەی لە بری مامۆستا هەموو چین و توێژەکان ڕوبەڕووی بازگە تورکیەکانتان دەبنەوە. ڕوونە هێزەکانتان بەرامبەر سڤیلی قەڵەم بەدەست پاڵەوانن، ئەگەرنا هەر خۆپیشاندەرێک شڕە چەکێکی پێ بێت، زێڕەڤانی و هێزەکانی بنەماڵە، لە سەری ڕەش و گوڵانیش خۆیان ناگرنەوە،
ئەمەی دیتان موقەبیلاتێک بوو لە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگە.