جوتیار ئاسۆس
دەوڵەتی تورک ئەمڕۆ قیبلەنماکەی لەدەستداوە و وەک کەشتیەکی شەکەت بەرەوڕووی قەدەری خۆی دەبێتەوە، کە لەناو زریان و شەپۆلەکانی دەریادا ونە و حاڵیحازر کۆڵەکەکانی جیڕەیان دێت و بەملاولای خۆیدا دەکەوێت. ئەوەش تەنیا خۆشبینی ئێمەومانان و نەیارەکانیان بەرجەستە ناکات بەڵکو ئەوە بۆچوونی یارونەیاری ئێمەیە لەناوخۆی دەوڵەتی تورک و نزیکەی هەموو ئەو شرۆڤەکار و چاودێرانەیە کە توانای تێفکرینیان ماوە و لە هەڵمەتەکانی ساڵانی ڕابردووی دەوڵەتی قوڵی تورک و ئیخوانیەکان دەربازیان بووە و زیندانی و دەربەدەر نەکراون.
لە ۱۰ ساڵی ڕابردوو ئەردۆگان و هاوسۆزەکانی کە لە بەهاری تەمەنیاندا بوون و بە ئاشکرا و بێپەردە سنوری وڵاتەکەی خۆیان وەک لاسیک ڕادەکێشایە ناو سنوری وڵاتانی تر و باسیان لە جێبەجێکردنی میساقی میلیش دەکرد، کە ۱۰۰ ساڵ لەمەوبەر سنوردارکراوە و سیستمی جیهانی لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون کە ئەو دەوڵەتە نابێت فراوانخوازی بکات. تەنانەت خودی سوپای تورکیا لەڕووی چەک و جبەخانەوە بە سوپایەکی بەرگریکار هەژمارکراوە و هاوشانی ئەڵمانیا و ئییتاڵیا و یابان بۆیان هەبوو ستراتیژی سوپاکەی خۆی بکات بە سوپایەکی بەرگریکەر لانی کەم لەسەر لاپەڕەی ڕێکەوتنامەکان. لەدوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت کۆنسێپتی پڕچەککردنی تورکیا و گۆڕینی شوناسی سوپاکەی لە سوپایەکی بەرگریکارەوە بۆ سوپایەکی هێرشبەر دەستپێدەکات و یەکەمین گروپەکانی فڕۆکەی ئێف ۱٥ و ئێف ۱٦ دەگاتە دەستیان، جگە لە سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو و نۆژەنکردنەوەی تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی تیژڕەو و زۆر جۆرە چەکی تر بۆ تاقیکردنەوە، کە یەکەمین تاقیکردنەوەکانی لە سەرکوتکردنی گەلی جیزرە و بۆتان و خاپورکردنی گوند و ناوچە کوردیەکان ئەنجامدران.
پیلانگێڕی ناودەوڵەتیش بە دەسگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان لە ساڵی ۱۹۹۹ بەهەمان ڕەنگ، لە گۆشەنیگاوی ئەوانەوە بریتی بوو لە وەلانانی یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی ئەو پڕچەککردنەوەیەی سوپای تورکیا و فراوانکردنی سنوری دەسەڵاتی مۆدێرنەی سەرمایەداری لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست بە ئاڵای تورکەوە. وەک ڕێبەر ئۆجالان لە سەرەتای پارێزنامەکەیدا دەڵێت؛ “دەوڵەتی تورک تەنیا ڕۆڵی جەندرمە یاخود پاسەوانی زیندانێک دەبینێ و بەتەنیا نە توانای بڕیاری شەڕی هەیە و نە ئاشتیش”.
پرۆژەی فراوانخوازی لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست و ئاوێتەکردنی بە ناسنامەی سونی-ئیسلامی و ئیخوانیزمەوە و بە ڕابەرایەتی تورکیا، ئەمڕۆ جیهانی هێندە نائارام کردووە کە تەنانەت ئەوانەی خۆشیان بەشدارییان لە داڕشتنەوەی پلانەکەدا کردووە و بەرلە هەموویان باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا و بەناوی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاشەوە، لە بەشێک لە بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەوە و هەڵوەستەیەکیان کرد بۆ سنوردارکردنێکی سیستماتیکی بەکاربردنی تورکیا وەک داشەهارەی خۆرهەڵاتی ناوڕاست و ئەوەش لە پشتیوانیکردنی شەڕڤانان لە سنورەکانی کۆبانێ لەدژی داعش فۆرمی گرت. وەلێ ئەویش نەیتوانی یاخود “نەیانخواست!”ڕایوەستێنن و زۆری نەبرد بەدوای ئەودا ترامپێکی بێ ئەزموون جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست و دواتر ناتۆچیەکانی بروکسل بە پشتیوانی بایدن و بەناوی هەڵمەتی دژایەتیکردنی مەترسی ورچە ڕوسییەکە لە ئۆکرانیا، دیسان لەژێرلێوەوە دەستیان بە زیندووکردنەوەی پرۆژەکۆنەکەی خۆیان و دەوڵەتی قوڵی تورکیا کردەوە و بە خشکەیی ٦ هەفتە بەر لە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی جۆ بایدن ، لەناکاو حوکمی دیمەشقیان دایە دەستی ئەلقاعیدە.
ئەمڕۆ ئەو پرۆژەیە جگە لە جیلی پێشووی بیرۆکراتەکانی بروکسل ( بارەگای ناتۆ) و یەکێتی ئەوروپا، کە لەلایەک خۆیان بە قوربانی یەکەمی مەترسی ئیسلامی جیهادی دادەنێن و بە دەستەکەی تریش لە ڕێگای تورکیاوە باوەشێنی دەکەن، ئەگەر بەکزیش بێ بەردەوامی هەیە و تاکە کارەکتەرێکیش کە ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئیرادەی ئەوان دەکات لەناو دەوڵەتی تورکا، خودی هاکان فیدانە.
هاکان فیدان زۆر زیاتر لە وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەو نوێنەری دەرەوەی بروکسل و بارەگای ناتۆیە. ئەوان کە جەنگی ئۆکرانیایان هەڵگیرساند و دەخوازن تورکیا و تەواوی خۆرهەڵاتی ناوڕاستیش بکەن بە هەرێمی جەنگ و ململانێی بچوک و ڕەوایەتی بدەن بە جەنگ و کاولکاری و دروستبوونی باندی چەتە و حکومەتی لاواز و گەندەڵ، ئەوەش لەپێناوی ئاسانکاری بۆ بازاڕی ڕەشی وزە و سامانە سروشتییەکانی تر بۆ کارخانەکانی خۆیان. هەر ئەوانن کە لە ڕێگای هاکانەکانەوە بەبەردەوامی ئەو خەیاڵە لەلای تاکی تورکیش دروست دەکەن ، کە تورک باڵادەستن و دەتوانن لە جیهانی ئیسلامیدا بڕیاردەری سەرەتاو کۆتابن ، دیارە ئەوەش تەنیا لەلای ئەو جیلە سیاسەتمەدارە گەنج و بێئەزمون و هەڵەشەیە، کە لە خۆرهەڵاتی ناوڕاستا نوێنەرایەتی قەوارە بچوکەکان دەکەن و لە باشوری کوردستانیش “هاکان” وەک مامۆستای سیاسەتی ناودەوڵەتی سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان مامەلەی لەتەکدا دەکرێت. هاکانیش ئەو کوردە خۆفرۆش و دەبەنگەیە کە کارەکەی لەو خاڵەدا کۆتایی دێت، پرۆژەی چارەسەری باکوری کوردستان بکات بەقوربانی ئیرادەی بیرۆکرات و چاوچنۆکی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی و هاوڕێ و یاوەرە کوردەکانیشی لە باشوری کوردستان دەکات بەقوربانی توڕەیی جەماوەرەکەی خۆیان لەسەر شەقام و سەریان دەداتە بەر لەتەخشتێک.