ئازاپرێس
باشوری کوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرا لە دژی ئینتیدابی بەریتانی و بە پێشەنگایەتی کەسانی وەک کەریمی عەلەکە و دەیان و سەدانی تر، هەمیشە پێشەنگی سەرهەڵدانی جەماوەری و چەخماخی گۆڕانکاری مەزن بووە. لەپاش ئاشبەتاڵی ۱۹۷٤ و خوڵقاندنی مەزنترین بێهیوایی لەلای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانیش، دیسا ئەوە پارێزگای سلێمانی بوون کە بە تەسلیمبوون ڕازی نەبوون. باڵی مەکتەب سیاسی ئەودەم هەر بەپشتیوانی هەوێنی شۆڕشگێڕی و بەرخۆدان لە پارێزگای سلێمانی توانیان شۆڕشی نوێ هەلبگیرسێننەوە و ڕیزەکانی خۆیان یەکبخەنەوە. ئەو باژێڕە وەک دایکێکی میهرەبان شۆڕشی نوێی لە ئامێز گرت و نە ئەنفال و کیمیابارانی گەرمیان و هەڵەبجەو نە ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندەکان چۆکی پێدانەدا و لە بچوکترین دەرفەتدا هەر ئەوە پارێزگای سلێمانی بوو کە ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ی سازو ئامادەکرد.
لەکاتێکدا خەڵک لە ڕۆژی ۷ی ئاداری ۱۹۹۱ شاری سلێمانی لە دامودەزگاکانی حیزبی بەعس پاککردەوە، ڕۆژی دواتر هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتنە ناوشار و پێشەنگایەتی ڕاپەڕینیان گرتە دەست. ۲۰ ساڵ لەدوای ڕاپەڕین و لەو دەمەی خەڵکی هەستیان بە نالەباری گوزەران و نادادپەروەری و سەرکوتکاری کرد، ئیدی خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژی ۱۷ی شوباتی ۲۰۱۱ گەیشتنە لوتکە و ڕوویان لە بارەگای باڵادەستترین پارتی هەرێمی کوردستان کرد و لەبەردەم لقی چوار خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لەوەڵامدا چەکدارانی پارتی دیموکرات بە دەسڕیژی فیشەک وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و ۱۷ی شوباتیش بوو بەهۆی سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری لە پاریزگای سلێمانی، کە سەرئەنجام دەستە و بارەگای پارتییان لەو پارێزگایە وەدەرنا و خۆپیشاندانەکان هەتا دەهات مەزنتر دەبوون.
ئەگەرچی سەرهەڵدانی ۱۷ی شوبات بەزەبری هێزی هەردوو دیوە زەرد و سەوزەکەی حکومەت سەرکوتکرا و لەبەینبرا، هەروەها لە هەستیارترین کات تەنانەت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش خۆیان لێبێبەریکرد و جەماوەری ڕاپەڕیویان بە گێرەشێوێن لەقەڵەمدان، بەڵام سەدای ۱۷ی شوبات هەتا ئەمڕۆش بووە بە مۆتەکە و سەرچاوەی دڵەڕاوکێ ، کە هەر لە سەری ڕەشەوە هەتا نزمترین کورسی پرسگەی بارەگای بچوکترین پارتی دەرەوەی حکومەتیش بەبیستنی فریشکیان دەکەوەێ و ئارەقەی ناوچەوانیان لەسەرگەردنیان دەکات بە هەڵم. سەرهەڵدانی ۱۷ی شوبات کە هاوکاتی بەهاری عەرەبی بوو، بەتایبەتی لەپاش ڕاوەدوونانی دیکتاتۆر و خوێنڕێژەکانی وەک زەین ئەلعابدین لە تونس و حوسنی موبارەک بۆ مردن لە زیندان و لەهەمووی خوێناویتریش کوشتنی کەسانی وەک قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵح بە خشت و بەرد و دواهەمینیشیان بنەماڵەی ئەسەدی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا وەدەرنا، بووە بە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و هەتا ئەمڕۆش کەم نین ژمارەی ئەو بەرپرسانەی کە بە ناوهێنانی ۱۷ی شوبات ڕەنگیان زەرد هەڵدەگەڕێ و دەتۆقن.
وەلێ ئەوەی بۆ هەمووان بووە بە جێی سەرسوڕمان، ساڵان هات و ساڵان ڕۆیشت و وەڵامی تەواوی پارتە باڵادەست و ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ جەماوەر لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ پارێزگای سلێمانی و گەرمیان، کۆکبوونی ئەوانە لەسەر هێنانە کایەی کەسایەتیەکی ئەمنی – هەواڵگری وەک مەسرور بارزانی بۆسەر لوتکەی دەسەڵات، کە ئەمڕۆ ئەو دیو دێگەڵەی کردوە بە زیندان و تورەکەکی پڕ لە ماری چاوساغی پاراستن و هێزە ئەمنیەکان، ئەمدیو دێگەڵەشی کردووە بە بەرەی جەنگی خۆی لە دژی جەماوەری کوردستان. گڕکانی توڕەیی ۱۷ی شوباتیش دوای ۱٤ ساڵ ئەمڕۆ نەک هەر نەڕەوەیوەتەوە، بەڵکو لەناوخۆیدا پەنگ دەخواتەوە و ڕۆژ بەڕۆژ زەمین دەهەژێنێت، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشیش بەبێباکی شانی خۆیان لەگەڵ هەژانی زەمینەکەی ژێر پێیان هەڵدەتەکێنن و وای وێنادەکەن ئەوە ئاوازی زەماوەندە! هاکا لەپڕ ئەو کڕکانە کڵپەی سەند و تەڕووشکی پێکەوە سوتاند، ئیدی ئەو ئەودەم زۆر درەنگ دەبێ بۆ دەربازبوون و بۆ حاڵیبوون لەو پەیامەش.