جوتیار ئاسۆس
لەکاتێکدا تورکیا لە باڵاترین ئاست چوون بۆ دیوانی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جولانی) هەتا پاشگەزی بکەنەوە لە ڕێکەوتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە و لانی کەم قاییلی بکەن بۆ ئەوەی فەرمانی هەڵوەشانەوەی گروپی چەتەکانی سەر بە تورکیا دەرنەکات. ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوڕاستەوە سەرگەرمی گەمارۆدانی تورکیایە و کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوویان لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان و قوبرس ئەنجامدا و بە ئاشکرا باسی ئاساییشی ناوچەکە دەکەن کە لەلایەن تورکیاوە خراوەتە مەترسی. هاکان فیدان کە لە سەردانە ناکوکییەکانی هەفتەکانی ڕابردوو شکست لەدوای شکست تۆماری دەکرد، ئەمجارە دوو هاکان فیدانی تریشی لەگەڵ خۆی ڕاپێچی سوریا کرد کە ئەوانیش (یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری – میت-) بوون. ئەم جارە ئەوانیشی کرد بە پەندی زەمانە و بردنی بۆ خزمەتی ئیدارەی حکومەتێک کە تا ئێستا خودی خۆشیان شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان ناناسن..
جەدعۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تویتێکدا وتی؛ “کۆڕبەندی سێ قۆڵی نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس لەم کاتە پڕکێشەیەدا زۆر گرنگە! بۆیە ئەمڕۆ ( ۱۳ی ئاداری ۲۰۲٥) لە ئەسینای پایتەختی یۆنان ئەوەمان کرد”. دواتر وتی؛ “ئێمە ڕێکەوتین لەسەر بەهێزکردنی هاوپەیمانی ستراتیژی ناوچەکەمان لە ڕێگەی ڕاوێژکاری سێ قۆڵی و کۆبوونەوەی مانگانە بۆ زیادکردنی هەماهەنگی ئابووری و ژێرخانی بازرگانی، هەروەها بۆ ئەفراندنی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکی وڵاتەکانمان لەداهاتوو. ئێمە پێکەوە هەرێمێکی ئارامتر بوونیاد دەنێین.”
لە ڕابردوودا وەزیری بەرگری یۆنان لە دیمانەیەک بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی وتی؛” تورکیای نیۆ-عوسمانی نەک هەر بەتەنیا لە شوناسی خۆی و هاوپەیمانیی ناتۆ دوورکەوتوتەوە، بەڵکوو بۆ خودی هاوپەیمانییەکە بووە بە مەترسی”. ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ناودەوڵەتی ئاشکرایە لە دژی لادانی تورکیای ئەردۆگان لە شوناسی خۆی و هاوپەیمانی ناتۆ.
ئیبراهیم کاڵن کە پسپۆڕی فەلسەفەی ئیسلامییە و لە تەسەوفدا شارەزایە، زیاتر لەوە ئەکا خودی خۆشی ئێشتا حاڵی نەبووبێت کە کاری ئەو لەو دەزگایەدا چییە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە سەردانی یەشارگولەر وەزیری بەرگری تورکیایە، کە جگە لەوەی نزیکەی هیچی نەبوو بۆ وتن و وەک ئەفسەرێکی هەماهەنگی سوپاکانی ناتۆش لەڕابردوو، شەرمێکی زۆر بە ناوچەوانیەوە دیاربوو، مرۆڤ هەستی پێدەکرد کە لەخۆی دەپرسێت، گەلۆ من چی ئەکەم لێرە! ئەوەش لە کاتێکدا کە پیلانێکی جەهەننەمی سوپاکانی ناتۆ لەدژی سوپاکەی ئەو بەڕێوە دەچێت و ئەفسەرێکی باڵای هێزە دەریاییەکانی ئەو باشتر و جەسورانەتر هەستی بەو مەترسییە کردووە و ترسی خۆی لە دۆڕانێکی میژوویی لە دەریای سپی ناوڕاست بۆ میدیاکانی تورکیا خستەڕوو. یەشار گولەریش لەگەڵ جیهادییەکان دڵی خۆی بەوە خۆش دەکات، کە ناوی کۆماری سوریا بگۆڕێ بۆ کۆماری سوریای عەرەبی لەپێناوی شەڕی دەرونی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان و بەو هیوایەی چەند تەپۆڵکە خۆڵێکیش لە فڕۆکەخانەی (منێخ) تەخت بکەن و هەندێ درۆنی تورکی بۆ بهێنن.