جوتیار ئاسۆس
ئێوارەی ۹ی نیسانی ۲۰۲٥ هاکان فیدان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی CNN – تورک ئەنجام دا کە نزیکی پارتی داد و گەشەپێدانە، تیایدا تەواوی وتەکانی لە دوو تەوەردا خۆیان دەبینییەوە و ئەوانیش لەلایەک هێرشکردنە بۆ سەر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو و تۆمەتباری دەکات بەوەی کە ناوبراو بە پشتیوانی ڕەهای ئەمریکا ڕکابەری لەگەڵ تەواوی جیهاندا دەکات. لەلاکەی تر ئەو دۆسیەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا و وەستاندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەستۆتەوە بە وەستانی جەنگ لە کەرتی غەززە ، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بە لێدانەکانی ئەم دواییەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بکات بۆ سەر بنکە و بارەگا سەربازیەکانی تورکیا کە بوون بە هۆی کوژرانی زیاتر لە ۲۰ ئەفسەری بواری تەکنەلۆژیای بەرگری ئاسمانی سوپای تورکیا و زیاتر لە ۱۰۰ پلەدار لە بەناو سوپای سوریای نوێ کە لەگەڵیان کاریان دەکرد، ئەوەش جگە لە خاپورکردنی ئەو پێگە سەربازییانە. دواجار بە زمانێکی پەشۆکاو و ترسێکی زۆرەوە وتی؛ کە سوریا وڵاتێکی گرنگە بۆ ئاساییشی نیشتمانی تورکیا و ئەوان گوایە ڕێگە نادەن کە ئیسرائیل تاکە بڕیاردەری گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی سوریا بێت و دەستەوەستان نامێنن. بەڵام دیسا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا نایەوێت لەگەڵ ئیسرائیل بکەوێتە جەنگەوە.
تەوەری یەکەمی وتەکانی هاکان شرۆڤەی زۆر هەڵناگرێ و ئەگەر ئەویش جەختی لێنەکاتەوە جیهان و خودی ئەمریکاش ئەو ڕاستییە دەزانن، کە ناتانیاهو بە پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ڕەهای ئەمریکا هەنگاو دەهاوێ و چاودێران پێیانوایە کە ئەوە لەڕاستیا ئیرادەی خودی ئەمریکایە. سەبارەت بە تەوەری دووەم ناوبراو تورکیا دەخاتەوە هەمان پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران و وتاری سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە دووبارە دەکاتەوە کە لە ڕۆژی ۱۱ی تشرینی دووەمی ۲۰۲۳ لە کۆبوونەوەی لوتکەی سعودیە بۆ ڕاڤەکردنی ڕەوشی غەززە و کۆمەڵکوژییە گەورەکەی خەستەخانەکەی ئەودەمەی غەززە ئەنجامدرا و لوتکەکە بە وتار و ڕستەی توند و بەبێ بڕیار کۆتایی پێهات. ئەودەمەش سەرۆکی پێشووی ئێران کە دواتر لە ڕوداوێکی گوماناوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە ئازەربایجانی خواروو لە باکوری ئێران مرد (یاخود تیرۆرکرا)، وتارێکی پڕلە هەست و سۆزی پێشکەش بە شەقامی عەرەبی کرد و بە ئاشکرا داوای هاوپەیمانی لێدەکردن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسلامی لە دژی ئیسرائیل و داواکارییەکانیشی بێئەنجام بوون.
هاکان فیدان کە سەرەتا وەک نوێنەری ناتۆچییەکانی بن هەژموونی وڵاتانی ئەوروپا ناوی کەوتە ناو گۆڕەپانی سیاسی تورکیا و کرۆکی کارەکانی ئەو چ وەک بەرپرسی هەواڵگری و چ وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا، بریتیبوون لە ساغکردنەوەی کاڵای سەربازی وڵاتانی ئەوروپا و بەدیاریکراوی دۆسیەی جەنگی هەمەلایەنەی لەدژی شۆڕشگێڕانی کورد لە باکوور و ڕۆژاوا و باشووری کوردستان گرتە دەست، وادەرئەکەوێت ئێستا لەلایەن ڕەجەب تەییب ئەردۆگانەوە ئەرکدار کرابێ و بەزمانی ئەم هەڕەشەی خۆی لە وڵاتی ئیسرائیل پێبکات و ئاماژەی ژێر لێو بدات بەوەی کە ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا ڕێنەکەوێت، ئەوا کارتی جیهادی ئیسلامی سوننی لە دژی ئاساییشی ئیسرائیل بەکار دەهێنن و خاکی سوریاش بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێنن.
ئەمەش ئاماژە بە شکستی ناوبژیوانییەکەی دۆناڵد ترامپ و ئەمریکا دەدات لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل، کە هەردوولایان هاوپەیمانی ستراتیژی ئەو وڵاتەن و داهاتووش پیشانمان دەدات کە ئاخۆ ئەمریکا پشتی کامیان لەدژی ئەوی تریان دەگرێت. بەڵام هاوارەکەی حکومەتەکەی فیدان وئەردۆگان بۆ ڕاچڵەکاندنی هەست وسۆزی شەقامی عەرەبی و پێخۆری چەنبارە بە دۆسیەی غەززەوە پێمان دەڵێن کە حکومەتەکەی ئەردۆگان لە قەیرانی جددیدایە و هاکانیش چیدی نوێنەری ناتۆچییەکانی تورکیا ناکات و ئیدی بووە بە کەسێکی وەک شەیبانی – وەزیری دەرەوەی سوریا.