ئازاد رواندزی
چەند رۆژێکە گفتوگۆ گەرمە، لەسەر گرتە ڤیدیۆیەکی یوسف زێدانی نوسەری میسری، سەبارەت بە سەلاحەدینی ئەیوبی. رۆشنبیر و دۆستانی عەرەب، زۆرکات دابەشبوونەتە سەر دوو بەرە، ئەویش لەبەر هەبوونی تەوژمی نەتەوەپەرستی ئسلامی، لەلایەکیتریش رۆشنبیرە دیموکرات و چەپەکانیش، بەردەوام وەک پشت و پەنایەک بوونە بۆ دۆزی رەوای کورد، لەناو رای گشتی عەرەبیدا. وەک نمونە ئێستا چەند بەرنامەیەکی تەلەفزینی حەفتانە بۆ رۆناهی تیڤی و ئەلیوم تیڤی لە قاهیرە و لوبنان ساز دەکرێن، بەو پەڕی رێزەوە پشتگیری لە داوای رەوای گەلی کورد دەکەن و بە دەیان رۆشنبیری عەرەب هەڵسەنگاندنی بەنرخ پێشکەش دەکەن. دیسان بەرنامە لە عێراق و تونس و لیبیاش ساز دەکرێن و رۆشنبیرە دیموکرات و سۆسیالیستەکان، قسە لەسەر زۆر بابەتی رۆژانە دەکەن، لەوبارەوە تەلەفزیۆنی ئەلیوم بەزمانی عەرەبی رۆڵێکی باش دەبینێ و جێگەی ستایشە.
سەلاحەدین لە کاتی خۆی و نەتەوەپەرستی لە رۆژی ئەمڕۆ؛
هەر دیاردە و رووداوێک ئەگەر بەگوێرەی کات و ساتی خۆی، هەڵسەنگاندنی بۆ نەکرا، ئەوا تێڕوانینەکان بابەتیانە نابن، زۆرێک لە نەتەوەپەرستە کوردەکان، سەلاحەدین تاوانبار دەکەن بۆچی دەوڵەتی بۆ کورد دروست نەکردووە!! هەڵبەت ئەو رەخنەی نەتەوەپەرستە کوردەکان، لە دژی ئەو تەوژمە عەرەبییە و تورکیەیە کە سەلاحەدین دەکەن بە عەرەب و بە تورک، بەڵام چونکە دەوڵەتی بۆ کورد دروست نەکردووە، ئەوا نەتەوەپەرستە کوردەکان بە کوردی ناژمێرن و نرخ و بەهاشی بۆ دانانێن!!
هەلومەرجی دەرکەوتنی بنەماڵەی ئەیوبی و بوونە دەسەڵاتیان لە میسر و شام، دۆخێکە دەبێ وەک خۆی ببینرێ، واتا بنەماڵەیەک لە ناوچەی دوینی هەرێمی شەدادەکان لە خێڵی هەزبانی، لە رۆژهەڵاتی باکوری کوردستانەوە هاتبێ، بۆ باشووری کوردستان. لێرەش بەتواناکانی خۆیان بوونەتە جێی باوەڕی دەسەڵاتدارانی ئەوکات، تاکو فەتحی شام و دواتر میسر، دەتوانن وەک سەر لەشکر شوێن پێی خۆیان قایمکەن، ئەمەش لەنێوان ساڵانی (٢٥ی کانونی یەکەمی ١١٣٧ تاکو ٤ی ئاداری ١١٩٤).
یوسفی کوڕی نەجمەدینی ئەیوبی، دواتر لەسەر دەستی مامی شیرکۆ، دەبێتە فەرمانداری لەشکری و فەرمانڕەوای میسر و شام. ئەگەر توانا و بەهرەی مام و باوکی نەبوایە، دەبوو سەلاحەدین هەر یوسف بوایە و موسلمانان ناودێریان نەکربوایە بە سەلاحەدینی ئەیوبی. دیسان ئەگەر سەلاحەدین فەتحی قودسی نەکربوایە و خاچپەرستان و داگیرکەرانی ئەوروپای لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەدەرنەنایە، دیسان ناوی سەلاحەدین تا رۆژی ئەمڕۆ نەدەما.
زهنیەتی دەوڵەت – نەتەوە وەک نەخۆشی؛
نەتەوەپەرستی کوردی نەخۆشە و لێپرسینەوە لەوە دەکات، بۆچی سەرۆک و رێبەرێک دەوڵەتێکی بۆ دروست نەکردووە!! لەبەرئەوەشە سەرجەم مێژووی کوردستانی بێ دەوڵەت، بە نەبوو و نەدیو دەزانێ. هەموو رێبەر و فەرمانڕەوا کوردەکانیش، لە مێژوودا بەهیچ دەژمێرێ، بۆیە سەلاحەدینیش دەخەنە ئەم خانەیە و زۆرجار دەکەوێتە بەر ئەو هێرشە ناڕەوایە.
لەدەرەوەی زهنیەتی نەتەوە پەرستی، ئەگەر سەیری مێژووی سەلاحەدین و فەرمانڕەوای ئەیوبیەکان بکەین، دەتوانین زۆر وانەیان لێفێربین، بێگومان ئەوانیش لایەنی ئەرێنی و نەێنیان هەیە. بەڵام دیاردەی کورد وەک نەتەوە لەو سەردەم نییە، هەتا سەلاحەدین بە زهنی نەتەوەی گەورەبێ و خەلافەتەکەی بەناوی کورد و کوردستان دروست بکات. ئەوکات خەلافەتی عەباسی سونی مەزهەب لە ئارایە و ناکۆکی لەگەڵ خەلافەتی فاتیمی هەیە، واتا سەردەم سەردەمی خەلافەتی ئیسلامە. سەلاحەدین و بنەماڵەکەی نمونەیەکی ناوازەن لە فەرمانڕەوای خەلافەتی ئیسلامی سونی، لەوبارەوە سەرجەم موسلمانی سوونی مەزهەب شانازی پێوە دەکەن. دەکرێ رەخنەی سەرەکیمان لە سەلاحەدین و کوڕەکانی، ئەویش بەردەوام نەبوونی فەرمانڕەواتیەکە دوای مردنی سەلاحەدین، هەروەها لەناوچوونی زانا و سۆفی ئەو سەردەم سوهرەوەردی لە قەڵای حەلەب، لەناوبردنی بەناوی زەندیق و کوفر و ئیلحاد. کۆمەڵکوژ کردنی ئیسماعیلیەکان، بەناوی حشاشەکان.
نەتەوە پەرستە کوردیەکانی ئەمڕۆ، لە دەوروبەری پارتی – بارزانی کۆبوونەتەوە، خۆیان بە نەتەوەپەرستی عەیار ٢٤ دەزانن، بەڵام هێشتا ناتوانن رەخنەی ئەوە لەو بنەماڵەیە بگرن و بڵێن، ئەرێ بەڕاست ئێوە باسی نەتەوەو دەوڵەت دەکەن، بەڵام بنەماڵەگەری لە سەدەی ١٩ لە کوردستان کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ئێوە بەهەموو هێزتانەوە، دەتانەوێ لە سەدەی ٢١ بە بنەماڵەیەک دەوڵەت بۆ کورد دروست بکەن، ئەوەش ناچێتە هیچ ئەقڵ و مەنتیقێک!! بۆیە بەر لەوەی بەناو نەتەوەپەرستە کوردیەکان، رەخنەی سەلاحەدینی ئەیوبی بکەن، داخۆ بۆچی دەوڵەتی کوردی دروست نەکردووە!! با ئێستا رەخنە لە بنەماڵەگەریەتی بارزانی بکەن و بڵێن، بە دوای کڵاوی بابردوو کەوتووی، ئەگەر وابزانی بە رێگەی بنەماڵەکەت دەوڵەت دروست دەکەیت، ریفراندۆمەکەی ٢٠١٧ش نمونەیەکی تازە و بەرچاوە.
وەک چۆن شۆڤینزمی نەتەوەپەرستی ئیسلامی عەرەبی سونی، ناتوانێ سەلاحەدینی ئەیوبی تەعریب بکات، جا ئەوە یوسف زێدان دەبێ یان هەر عەرەبێکیتر، بەهەمان شێوە نەتەوەپەرستی دواکەوتوی کوردیش، ناتوانێ مێژووی خانەدانی ئەیوبیەکان بە نەبوو بژمێرێ و تاوانباری بکات بە دروست نەکردنی دەوڵەت. ئەیوبییەکان بەشێکن لە مێژووی پڕ شانازی گەلی کورد لە میسرەوە تا ئەرمەنساتان.
خوێندنەوەیەکی نەتەوەیی دیموکراتیانە بۆ مێژووی کوردستان، ئەوا هەمووان رزگار دەکات لەو پۆپۆلیزمە نەتەوەیی و ئاینیەی ئەمڕۆکە هەیە. هەمانکات نرخ و دەسکەوتە نەتەوەیی و ئاینیەکانیش وەک خۆی هەڵدەسەنگێنێ، بەبێ ئەوەی ناحەقی لەکەس بکات، دۆست و پشتگیری بۆ کورد زیاد دەکات، نەوەک یوسەفەکان بەتۆرێنێ و رێگریان لێبکات.