ئازاپرێس
بەر لە ۱۲۷ ساڵ و لە ڕۆژی ۲۲ی نیسانی ۱۸۹۸ یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان) لەلایەن میقداد بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ چاپکرا. ئەوەش بەبێ دوودڵی یەکێکە لە گەورەترین دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە کۆتایی سەدەی ۱۹ و ۲۲ی نیسان یەکێکە لەو ڕۆژە شکۆمەندانەی کە تا ئەمڕۆ هەموو تاکێکی کورد بەبێ جیاوازی بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیا شانازی پێوە دەکات.
ئەگەر لە سێ سەدەی ڕابردوو وێژە و ئەدەبیاتی نوسراو بە سەرجەم زاراوەکان زمانی کوردییان لە لەناوچوونێکی حەتمی پاراستبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕۆژنامەوانی کوردی وزەی ژیانەوەی بەو زمانە بەخشیوە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد هەبووە، بە ڕەنگێک کە لە سەدەی بیست بڵاوکراوەکان بە زمانی کوردی ڕوخسارێکی شایستەتریان وەرگرتبوو کە شانبەشانی زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی هەنگاوی دەنا. ئەگەرچی ڕەهەندی نەتەوەپەرستی ئەو دەوڵەت-نەتەوانە کە سەرزەمینی کوردستان بەسەریاندا دابەشکراوە، ڕێگەیان نەداوە کە ڕۆژنامەوانی بە زمانی کوردی بەرەوپێش بچێت و ئەو ئاستەنگییە لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی لە باکوری کوردستان هەر بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی نەوەستاوە، بەڵکو نوسەرانی کورد دوچاری کوشتن و تیرۆر و زیندانیکردن و دەربەدەرکردن بوونەتەوە. بەڵام ڕۆژنامەگەری کوردی لەناو نەچووە و سەرباری ئەوە چەندین ناوی ڕۆژنامە و گۆڤار و نوسەری پرشنگدار و هێژای بەرهەمهێناوە.
لە٥ی ئاداری ۱۹۹۱ باشوری کوردستان ڕاپەڕی و بوو بە یەکەم پارچەی ئازادکرا و ڕۆژنامەوانی کوردیش لەو پارچەیە چیتر لەبن مەترسی شمشێری داگیرکەران نەما، لانی کەم نوسەرانی کورد ئەو چاوەڕوانییەیان لە بەرەی کوردستانی هەبوو. بەڵام بەپێچەوانەوە هەر لە مانگەکانی سەرەتای دوای ڕاپەڕین فشار لەسەر ڕۆژنامەگەری کوردی دەستی پێکردەوە و بەناوزڕاندن و تەخوینکردنی زۆرێک لە نوسەران و ڕۆژنامەنوسانی کورد سەریهەڵدایەوە، بەهۆکاری ئەوەی گوایە هەندێک لەوانە پێشتر بۆ گۆڤار و بڵاوکراوە کوردییەکانی بن دەسەڵاتی بەعس کاریان دەکرد!. لەهەمووی کۆمێدیتر و لەهامان کات تراژیدیتر ئەوەبوو کە زۆربەی ڕاوەدوونان و هەڕەشە و دەسگیرکردن و تیرۆری ڕۆشنبیران و نوسەرانی کورد لەلایەن هەندێ بەناو فەرماندە و پێشمەرگەکانی دوای ڕاپەڕین ئەنجام دەدران، کە هەتا بەر لە ڕاپەڕین سەرۆکجاش و هێزی سەربازی بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعس بوون، کەدوای ڕاپەڕین بەهەمان ئەو چەکانەی کە لە ڕژێمی بەعس وەریانگرتبوو و ئەنفال و شەڕی پێشمەرگە و ڕاگواستنی گوندەکانیان پێئەنجامدابوو، پەیوەندییان بە پارتە کوردییەکانی بەرەی کوردستانییەوە کردبوو و بەناوی کوردایەتییەوە ببوون بە پێشمەرگەی شەڕی براکوژی.
لەپاش ڕوخانی یەکجاریی حیزبی بەعس لەساڵی ۲۰۰۳ ئیدی گۆڕەپانی کاری ڕۆژنامەوانی کوردی بەرفراوانتر دەبێت، لەگەڵ پەرەسەندنی ئابوری بەناو سەربەخۆ و سیستمی قۆرخکاری و بازرگانی زەبەلاح و هەڵکشانی گەندەڵی لە پرسە چارەنوسسازەکاندا، ئیدی میدیای وابەستە و حیزبیش بە یەکجاری تەنگ بەو بڕە کەمەی دەزگایی میدیایی سەربەخۆ وڕۆژنامەنوسانی پیشەوەر هەڵدەچنن، لەهەمان کات بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی و ئیرادەی هەندێ لە بەرپرسان دەگاتە مەترسیدارترین ئاست و پێشێلکاری و کوشتن و تیرۆر و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسانیش دەگاتە لوتکە و دەبێت بە دیاردە. ئەوەش جگە لە دەستوەردانی دەرەکی و وڵاتانی هەژمونگەر کە لەڕێگەی پارتە باڵادەستەکان و خودی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاریگەری و ئاستەنگی گەورە لەبەردەم ڕۆژنامەوانی کوردیدا دادەنێن، بە ڕەنگێک هەتا ئەمڕۆ لە زۆرناوچەی هەرێمی کوردستان ڕۆژنامەنوسان لەسەر وتنی ڕاستییەکان و باسکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی و داگیرکاری و هەماهەنگی سوپاکانی داگیرکەران ئەگەر دوچاری تیرۆر و زیندانیکردن نەبنەوە، ئەوا لانی کەم دەربەدەر دەکرێن و لەزێدی خۆیان ئاوارە دەبن.
ئەمڕۆ میدیای هەژمونگەر لە باشوری کوردستان هەم لە چوارچێوەی میدیای فەرمی و هەم لە فۆرمی میدیای نافەرمی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بوون بە میدیایەکی سەرکوتکار کە هێندەی لەسەر تەشهیر و بڵاوکراوەی ناڕاست و شەڕی دەرونی کۆمەڵگا لەنگەریان گرتووە، هێندە ڕوخساری میدیایی لەخۆ نەگرتووە و تانە و بڵاوکراوەی ناڕاست و هێرش و ناوزڕاندن و شەڕی دەرونی لەدژی بەرفراوانترین چینی کۆمەڵگا بووە بە ستراتیژی کارکردنی ئەو تۆڕە میدیایانە و ئەگەرنا سەرتاپای کارەکانی تر لەچوارچێوەی میدیای بۆلیڤار (ڕۆژنامەانی زەرد) تێپەڕنابێ و ژمارەیەکی یەکجار کەم نەبێت ڕۆژنامەنوسانی لێکۆڵەر و پیشەیی بەرچاوناکەوێت.. دیسا ساڵڕۆژی ڕۆژنامەوانی کوردی لە گەلی کورد پیرۆز بێت