ئامادەکردنی ئازاپرێس
هەڵبژاردن لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان کەشێکی فیستیڤاڵ-ئاسا دەئافرێنێت، لایەنە سیاسییەکان لە هەفتە و مانگەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی قەبە بەگوێی تاکی کوردا دەدەن. چاودێران ئەنجامی کۆتایی هەموو هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۱۹۹۲ەوە تا دواهەمین هەڵبژاردن دەخەنە ژێر پرسیار و هەندێ قەوارە و لایەن لەوەش زیاتر دەڕۆن و پێیانوایە کە ئەنجامەکان بەگوێرەی تەوافوقی لایەنە گەورەکان و ئیرادەی پایتەختە هەرێمی و جیهانییە هەژمونگەرەکان دیاری کراوە و دەکرێت. دەربارەی دیوە یاساییەکەی ماوەی پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نوێ ئازاپرێس بە پێویستی زانی دیمانەیەک لەگەڵ پارێزەر نەریمان ئەحمەد ساز بکات و چەند پرسیارێکی ئاراستە بکات.
ئازاپرێس: دوای سڵاو و ڕێز بۆ بەڕێزتان، ئایا حاڵی حازر هەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوە دەچێت؟ دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئێراق، ئایا دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە کوێدا سنوربەندە؟
نەریمان ئەحمەد: بەخێرهاتن، بێگومان حکومەتی ئێستا تەنیا حکومەتێکی کاربەڕێکارە و لە بۆشاییەکی یاساییدایە. پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش تەنیا یەک دانیشتنی ئەنجامداوە کە لەپێناوی شەرعییەتدان بوو بە خودی خۆی و بە هەڵبژاردنەکە. واتە؛ لەڕووی یاسایی و دەستورییەوە ئەم حکومەتەی ئێستا مافی بڕیاڕی چارەنوساز و بنگەیی نیە و تا بوونیادنانی حکومەتی نوێ ئەم تەنیا لەڕووی ئیدارییەوە بەردەوامی بە کارە ڕۆتینییەکان دەدات.
ئازاپرێس: وەک دەزانن نزیکەی ٦ مانگە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و تا ئێستا قەوارەکان لەدانوساندان، ئایا هیچ سەقفێکی زەمەنی – یاسایی هەیە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر هەتا بەروارێکی دیاریکراو لایەنەکان نەگەنە ڕێکەوتن بۆ بەستنی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت؟
نەریمان ئەحمەد: ڕاستە لە ۲۰ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲٤ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی هەرێم هەڵبژاردن ئەنجامدرا. چەند قەوارە و لایەنێکی نوێ کە بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان دەکرد، لە هەڵبژاردن بەشداربوون، لەناو ئەویشیاندا هەردوو لایەنی دەسەڵاتدار بە فۆرمێکی ناشاییستە بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەکرد. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم کە لەسەرەتای دروستبوونییەوە نەیتوانیوە دەزگایەکی بەهێزی بڕیاردان بێت لە ئەفراندنی یاسای چارەنوسساز و شاییستە و لەهەمان کات نەیتوانیەوە ڕەقیبێکی بەتوانابێت بەسەر حکومەتەوە. ئەنجامەکانیش وەک ئاشکرایە (پارتی) ۳۹ کورسی، (یەکێتی) ۲۳ کورسی، (نەوەی نوێ) کە ئیدیعای ئۆپۆزسیۆنبوون دەکات ۱٥ کورسی و لایەنەکانی تر کە بریتین لە (یەکگرتوو) ۷ کورسی، (کۆمەڵ) ۳ کورسی کە بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد، ئەوەش لە ئەگەری بەردەوامی بایکۆت و بەگوێرەی یاسا ئەو سێ کورسییە دابەش ئەبێت بەسەر لایەنە براوەکان کە پارتی و یەکێتین کە دوو بە یەک کورسی بۆ ئەوان دەبێت.
لە ۲ی کانونی یەکەمی ۲۰۲٤ یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان کرا و سوێندی یاسایی خورا کە وەک وتمان تەنیا بۆ شەرعییەتدان بوو بە پرۆسەکە، ئەوەش حیلە-شەرعییەکی پارتی دیموکرات بوو بۆ ڕێگری لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی پەرلەمان لە ڕووی یاساییەوە، ئەگین بۆخۆشیان دەیانزانی بوونیادنانی حکومەت زۆر دوائەکەوێت. بەڵام ئەوەی گرنگە خوێنەران بیزانن ئەوەیە کە بەگوێرەی یاسا دەبێت لەدوای مانگێک لە بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان حکومەت پێکبهێنریت. واتە ئەم ماوە درێژەی کە لایەنەکان لەدانوساندان بریتییە لە دواخستنێکی نایاسایی. هەروەها بەگوێرەی یاسا هەر هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان، یاخود هەر قەوارە و لایەنێک کە زەرەرمەندە لە دواخستنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوای یاسایی لە دادگای ئیتحادی تۆمار بکات و داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی نوێ بکات.
ئازاپرێس: وەک بەڕێزتان دەزانن لایەنەکان بەرلە هەڵبژاردن بانگەشەی زۆر دەکەن، بەڵام نزیکەی هیچ کام لە بەڵێن و پەیمانەکان لەدوای پێکهێنانی حکومەت جێبەجێناکرێت. ئایا هیچ بەندێکی یاسایی یان دەستوریی هەیە کە لایەن و ئەو قەوارانە وابەستەی بەجێهێنانی بەڵێن و پەیمانەکانی خۆیان بکات کە لە پێکهێنانی حکومەتدا بەشدار دەبن؟
نەریمان ئەحمەد: هەموو لایەنەکان وەک هەمیشە لە سەرەتادا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم جارە پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد دەبێت و دواجار جگە لە لایەنە براوەکان ، هەموویان دیسان باسی غەش و ناعەدالەتی دەکەن. سەبارەت بە بانگەشەکان و پێکهێنانی حکومەت دەبێ ئەوەش بوترێت کە لە ڕابردوو (پارتی) بەتەنیا لەگەڵ دەنگی کۆتاکان زۆرینەی پەرلەمان بوون و دەیانتوانی حکومەت پیکبهێنن، بەڵام وەک ئاماژەتان پێکرد پێکهینانی حکومەت لە هەرێم تایبەتمەندی خۆی هەیە و تەنیا وابەستەی زۆرینەی پەرلەمانی نیە، بەڵکو تەوافوقێکی وڵاتانی زلهێزی هەرێمی و تەنانەت ناودەوڵەتیش بەرلە دەنگدەرانی هەرێم بڕیار لە پێکهێنانی حکومەت دەدەن. دواجار ئەوە وڵاتانی زلهێزی هەرێمی و زلهێزە جیهانیەکانن کە بڕیار دەدەن حکومەتی هەرێم چۆن پێکبێت و دەسەڵاتەکانیش چۆن دابەش بکرێت، بۆیە بانگەشەکانی هەلبژاردن تەنیا وەک بانگەشەی بەرلە هەلبژاردن دەمێننەوە و زەمینەسازی نییە بۆ بەرجەستەکردنیان.
ئازاپرێس: ڕەنگە دواهەمین پرسیار ڕاستەوخۆش پەیوەست نەبێت بە باسەکەمانەوە، بەڵام ئەم دەرفەتە بەکاردێنین کە بەڕێزتان لە ڕووە یاساییەکەیەوە شرۆڤەمان بۆ بکەن. وەک دەبینن کەرتە خزمەتگوزارییەکان و کەرتە ئیدارییە بنگەییەکان ساڵ بەساڵ لە هەرێمی کوردستان زەبری کوشندەیان بەردەکەوێت. بۆنمونە کەرتی پەروەردە بەتەواوی پەکی کەوتووە و بە ئاشکرا لێبڕین و دەستبەسەراگرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بووە بە دیاردە، بەرامبەربەوە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان تەنگیان بە کەرتە ئیدارییەکان هەڵچنیوە و دامەزراندن و بەرزکردنەوەی پلە و پێنەدانی موچە بوون بە قەیرانی هەنووکەیی هاوڵاتییان.
ئایا لەڕووی یاسایی و دەستورییەوە تا چ ڕادەیەک حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی هەیە کە بڕیاری سەربەخۆ بدا و خەڵکی هەرێم توشی قەیران و بۆشایی ئیداری گەورە بکات؟
نەریمان ئەحمەد: ڕەنگە بەشێک وەڵامی ئەم پرسیارەش لە درێژەی وەڵامی پرسیارەکەی پێشوودابێت. پارتی و یەکێتی هۆکاری سەرەکین بۆ دواکوتنی پێکهێنانی حکومەت. هەرچەندە لە ئێستادا دانوسان لەنێوانیاندا بەردەوامە بەڵام وادیارە کێشەکانی ئەوان بریتی نییە لە کوالێتی حکومەت و چارەسەری قەیرانە ئیدارییەکان، بەڵکو کێشە و ململانێکانی ئەوان تەنیا بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵات و پلە و پۆستە باڵاکانە لەنێوان خۆیاندا. بەدیاریکراوی یەکێتی بانگەشەی زۆری دەکرد لە دیاریکردنی چارەنوسی حکومەت بەشدارییەکی بەهێزی هەبێت، بە ڕەنگێ کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت، بەڵام وادەرنەچوو و لە ئێستادا تەواو نزیکبوونەتەوە لە ڕێکەوتن و دەنگۆی لێکتێگەییشتن هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، کە دیسان ڕوخساری حکومەتەکەی پێشووی هەڵگرتووە. واتە دووبارە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بۆ پارتییە و جێگرەکانیان بۆ یەکێتییە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتییە و جێگرەکەی بۆ پارتییە، وەزارەتە گرنگەکانی وەک ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان پارتی دووبارە بۆخۆی داناوە. بەگشتی وادەرئەکەوێت کە پارتی ۹ وەزارەت و یەکێتی ٦ وەزارەت وەربگرێت. وەک وتمان پارتی بە ۳۹ کورسی و یەکێتی بە ۲۳ کورسی و پێکهاتەکان بە ٥ کورسی، ئەمە دەکاتە ٦۷ کورسی کە بۆخۆیان دەبن بە زۆرینەی ڕەها و هیچ واتایەک بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە ناهێڵنەوە کە نزیکەی ۳۰ کورسییان بەدەستەوەیە، ئەوە ئەگەر لە بارێکدا ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەش بوونی هەبێت، بۆیە بەبڕوای من ئەو قەیرانانەی کە باستان کرد بەردەوام دەبن.
ئازاپرێس: زۆر سوپاس بۆ وەڵامەکان، ئەگەر بتانەوێت دواوتەی خۆتان بڵێن.
نەریمان ئەحمەد: دووبارە بەخێرهاتنتان دەکەم، من دووپاتی دەکەمەوە ئەگەر تاقە یەک هاوڵاتیش لە هەرێمی کوردستان لە دادگای ئیتحادی داوا تۆمار بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کارێکی گرنگە. ئەگەر زیاتر لە هاوڵاتییەک و قەوارە و لایەنی جیاوازیش پشتیوانی لێ بکەن ئەوە بێگومان داوایەکی بەهێزتر دەبێت. هەروەها من پێشنیار دەکەم لە دادگای ئیتحادی داوا تۆمار بکەن کە تا ڕادەیەکی زۆر بێلایەنن، نەوەک لە دادگایەک کە ئەگەری تەمییزکردنی هەبێت! چونکە ئەوەی دووەمیان بەپێچەوانەی دادگای ئیتحادی دادوەری نوێنەری لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانی تیایە کە دەتوانن داواکە ئاستەنگ بکەن.
ئازاپرێس: سوپاس بۆ ئەو کاتەی بە ئێمەتان بەخشی.