ئازاپرێس
دوێنێ، ٣٩ ساڵ بەسەر ژیانئاوایی هێمن موکریانی شاعیر و نووسەری دیاری کورددا تێپەڕی، کە خزمەتێكی زۆری بە بوارەكانی وێژە و فەرهەنگ و زمانی كوردی كردووە و لە ڕیگەی شیعرەکانییەوە ڕۆحی بە بەر ژان و ئێش و نەهامەتییەکانی گەلەکەیدا کرد و ئازارەکانی بەیان کرد.
هێمن موکریانی، ناوی تەواوی سەید محەمەد ئەمین سەید حەسەنی شێخوئیسلامی موكرییە و لە ساڵی ١٩٢١ لە شەوی جەژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.
لە سەردەمێکدا لە دایک دەبێت، کە تازە شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی هاتبوو و دەسەڵاتی ئێران کەوتبووە دەست ڕەزا خانی پەهڵەوی پاشای ئێران، کە بە هاوتای ئەتاتورک لە تورکیا دادەنرێت و بەپێی ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە، هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردنی ناوچەکە دەدەن، ڕەزاخان لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیدا دەست بە تواندنەوەی گەلانی ئێران دەکات و وەک جلوبەرگ و زمانی نەتەوەکانی دیکەی ناو جوگرافیای ئێران، پۆشینی جلوبەرگی کوردی قەدەغە دەکات و بە دامەزراندنی خوێندنگە حکومییەکان هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی زمانی کوردی دەدات.
📌ھێمنی شاعیر، لەم كەشوھەوایەدا گەورە دەبێت و بەشخوراویی و كۆیلایەتیی مرۆڤ وەكو خوێن لە مێشک و دەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.
📌ژیانی هێمن موکریانی
هێمن لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا واز لە خوێندن دەهێنێت و لە گوندەکەی خۆیان خەریکی کاری کشتوکاڵ دەبێت و کاتەکانی شەوی بە خوێندنی پەرتووک و نووسینەوەی شیعر دەباتەسەر، بەڵام باوکی پێیدەزانێ و دەفتەری شیعری دەسووتێنیت.
لەو سەردەمەدا تازە ناوی “کۆمەڵەی ژێ کاف” دەکەوێتە سەر زمانەکان کە
لە مەهاباد دامەزراوە، هێمن پەیوەندیی بە کۆمەڵەکەوە دەکات و لەناو کار و خەباتی سیاسییدا جێی دەگرێت و وەک پێشمەرگە دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی ژێ کاف، ناوی “هێمن”ـیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەندامبوونەی کە لە کۆمەڵەکەدا و لەو سەردەمەدا ئەندامەکان هەڵیان بژاردبوو.
📌هێمن، لە ساڵی ١٩٥٣ـدا و لەسەروبەندی کودەتای سەربازیی لە ئێراندا، لە گردبوونەوەیکدا لە ناوەندی مەهاباد، شیعری “دەبڕۆ ئەی شاھی خائین، بەغداد نیوەی ڕێت بێ” دەخوێنێتەوە و بەو هۆیەوە قاچاخ دەبێت و ماوەیەکی درێژ بە چیاکانەوە دەبێت و دەچێتە باشووری کوردستان و ماوەیەکیش لە بەغداد وەک پەنابەر ژیان دەکات و بە دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٩ دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەهاباد.
📌هێمن؛ شاعیری گەل و ئەوین
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێراندا، هێمن لە ساڵی ١٩٨٥ لە شاری ئورمیە، بەردی بناغەی گۆڤاری سروە دادەنێت و یەكەم ژمارەی گۆڤارەكە لە سەرەتای ھاوینی ئەو ساڵەدا بڵاودەبێتەوە، ھێمن لەو بارەوە دەڵێت: “ئومیدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی كوردان خۆش بكا”.
تێمای شیعرەکانی هێمن لە دەوری ژان و ئازاری گەلەکەیدا و ئەڤین و ئەڤینداریدا دەسوڕێتەوە و دەست دەخاتەسەر ژان و ناسۆری نەتەوەکەی و ڕۆح بەبەر وشەدا دەکات.
هاوکات، شیعرەکانی مامۆستا هێمن لەلایەن زۆرێک لە گۆرانیبێژە دیارەکانی کوردەوە کراون بە گۆرانی.
📌بەشێک لە بەرهەمە دیارەکانی مامۆستا هێمنی موکریانی:
دیوانی ھێمن
بارگەی یاران
تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان)، ١٩٧٤
شازادە و گەدا
قەڵای دمدم
ھەواری خاڵی
چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز
ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی)
ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩
پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣
چەند نموونەک لە شیعرەکانی مامۆستا هێمنی موکریانی:
بۆت نووسیوم بۆت بنووسم ئەمن چیم؟
دوندی قەندیل، گۆڕەپانی هەڵگورد نیم
بەرەو بەرزایی دەچم گەرچی وردم
خاکی بەرپێی تێکۆشەرێکی کوردم
نموونەی هۆنراوەی نەتەوەیی:
گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵی نیم
ئاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن
گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق ھەڵێم
نۆکەری بێگانە ناکەم تا لە سەر ھەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە
لەت لەتم کەن، بمکوژن، ھێشتا ئەڵێم کوردم ئەمن
نموونەیەک لە ناڵەی جودایی:
چۆن نەناڵێ ئەودڵەی پڕ ھەستی من
چۆن لە ئەژنۆ بێتەوە دوو دەستی من
گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز!
تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بە سۆز
نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر
بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە
لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ با ھەڵوەرێنم ئەشکی روون
شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و ھەشە
هێمنی شاعیر، یەکێکبوو لەو کەسانەی هەموو تەمەنی خۆی بەخشی بە وێژە و فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکەیی.
ئەم شاعیرە گەورەیەی كورد لە ١٧ـی نیسانی ١٩٨٦ لە شاری ورمێ لە ڕۆژهەلاتی کوردستان كۆچی دوایی كرد و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەهاباد بەخاک سپێردرا.
📌جێگەی باسە، لە ئێستادا پەیکەرێکی مامۆستا هێمن موکریانی لە مەیدانی شاری مەهاباد دانراوە، هەروەها ماڵی هێمن لە شاری مەهاباد کراوەتە بنکەی پاراستنی ئاسەواری ناودارانی فەرھەنگ و ھونەری شاری مەھاباد و ناوی “سەرای هێمن”ـی لێنراوە.