خۆگر کەمال
قەدەری خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ٧٠ ساڵە لەگەڵ کۆنەپەرسترین هێزی سەرزەمین، بەناوی شۆڕش و کوردایەتی لە ململانێدایە. دەکوژرێ و تاڵان دەکرێ،دەچەوسێنرێتەوە، ئیتر وای لێهاتووە کەس خاوەنی هیچی خۆی نەبێ. گەلی کوردستان ١٠٠ ساڵە تێکۆشان بۆ ئازادی و سەرفرازی دەکات، بەڵام ئەوانەی بەناوی شۆڕش و کوردایەتی دەرکەوتوون، هەموو جۆرە زوڵم و زۆرداریەکیان لەسەر ئەم گەلە ستەمدیدەیە تاقی کردۆتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو خۆسەپاندنی بەسەر هێزە سیاسیەکان و خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز، بۆ پاکتاوکردن و لەناوبردنی نەیارەکانی، لەکۆتای ساڵانی شەست، دەزگایەکی بونیادنا بەناوی دەزگای پاراستن. ئەم دەزگا بەدناوە،لەهەموو تەمەنی تەنها یەک کاری هەبووە، ئەویش لەناوبردن و تیرۆر کردنی مرۆڤە ئازادیخواز و تێکۆشەر و رۆژنامەنووس و خاوەن ئیرادەکانی کوردستانە. لیستی ناوەکان زۆرە بۆیە لێرە کاتی نییە باسی بکەین.
ئەم دەزگا بەدناوە، لەناوخۆی پارتیش و بەهاوکاری دەزگا سیخوڕیەکانیتریهەرێمی و نێودەوڵەتی، هەرچی کەسێک ناڕازیبێ لەبەرانبەر ماڵی مەلا مستەفا و کوڕ و نەوەکانی لەناویان دەبات. بەواتەیەکیتر ئەم دەزگایە کاری ئەوەیە نەیارەکانی ماڵی مەلا مستەفا سەرکوت و لەناوببات، بۆیە بوونەتە دیکتاتۆری سەر کۆمەڵگە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣، هەناسەی ئازادی تۆزێکیتر بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق فرەوانتربوو. بەتایبەت کاتێک خەڵک بینی، هاوپەیمانان لە هەولێر سەندوقی سکاڵایان دانا. لەماوەی چەند رۆژێک، بەهەزاران کەس سکاڵای لەسەر پارتی و بەرپرسەکانی تۆمار کرد. ئەگەر بەردەوام بوایە، دەبوا سەرانی پارتی و یەکێتی بدرابوونایە دادگای گەل. هەرچی تاوانبوو لە ساڵانی نۆوەت ئەنجامیاندابوو، بەناوی کوردایەتی و شەڕی ناوخۆ، بەسەریاندا ساغ دەبووەوە.ئەمریکا دۆسیەکانی لای خۆی هەڵگرت و تەمەنی درێژکردنەوە، تاکو پلانەکانی لەناوچەکە بەردەوامکات. ئەوانیشی بەردایە گیانی خەڵکی رەش و رووتی کوردستان.
یەکێک لەکارە هەر قێزوەنەکانی پارتی و دەزگای بەدناوی پاراستن، تیرۆر کردنی رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانە، بەقسەی خۆیان دەڵێن، پێش ئەوەی لەدایکببن دەبێ لەناوببردرێن. ئەوەندە ترسنۆکن و باوەڕیان بەهیچ دادگا و دامەزراوەیەک یاسایی نییە کە خۆیان دروستیان کردوون. بۆیە مرۆڤە بێ چەکەکان، بەچەک دەکوژن و تەرمەکەشی لەشوێنێک فڕێدەدەن، گوایە کەس بیری بۆ ئەوە نەچێ، بەسەر ئەوانیدا ساغ بکاتەوە.
رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانیان بۆ تیرۆر کرد؟
١٥ ساڵ لەمەوەبەر دەزگای بەدناوی پاراستن، سەردەشتیان لە کۆتا رۆژی ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆ (٥-٥-٢٠١٠) فڕاند و بردیان، لە رێگەی موسڵ کوشتیان. تاوانی سەردەشت وەک رۆژنامەنووسێک، نووسین بوو سەبارەت بەو زوڵم و چەوسانەوەی بنەماڵی مەلامستەفا و کوڕ و کچ و نەوەکانیان کە دیکەن. بۆیە دەزگای دژە رۆژنامەنووس، زەنگی کوشتنیان بۆ سەردەشت لێدا. ئەو دەزگایە بەزەیی بە کوڕانی مەڵا مستەفا و ئامۆزا و خاڵەکانی زێباری و خزمانیان لە شێروانیەکان و زاوا و دەوروبەری خۆشیان نەبووە، تاکو بەزەیان بە منداڵێکی گردعەزەبانی، گەڕەکی کرێکارانی هەولێر بێتەوە. بەلای ئەوان سەردەشت سنورەکانی بەزاندوە، بۆیە دەبێ لەناوببردرێ!! ئەگەر هەتا زووە لەناوی نەبن، بەیانی ببێتە خاوەن پێگەیەکی جەماوەری بەهێزتر، ئەوکات ناتوانن یان زیاتریان لەسەر دەکەوێ، بۆیە دەبێ ئێستا لەناوی بەرن!!
سەردەشت رۆژنامەنووسێکی لاو، تازە دەستی دابووە نووسین، لەیەکێک لە رۆژنامە پەراوێزخراوەکانی هەولێر کە خودی رێکخستنەکەش، لەوانەیە هەموو ژمارەکانی نەخوێندبێتەوە. لە هەولێر دەنگێکی ناڕازی دەردەکەوت، دەیویست پێشەنگایەتی قۆناغێکی نوێبکات، چونکە لەکەسایەتی خەڵکی پەراوێزخراوی گەڕەکەکانی کرێکاران و بەهار و نەورۆز و شادی و کوران، لە بەردەم گۆڕانێکی نوێ دابوون، پێویستی بە پێشەنگانی نوێ هەبوو لە چەشنی عەبدولخاڵق مەعروف و رووف ئاکرەیی …هتد.
رۆژنامەنوسان چۆن تۆڵەی سەردەشت دەکەنەوە؟
ئەگەر رۆژنامەنوسێک، یان رۆشنبیر و قەڵەم بەدەستێک، گومانی هەبێ کە سەردەشت دەزگای پاراستن تیرۆری نەکردووە، ئەو با دەقەیەک زووتر واز لەو پیشەیە بەهێنێ و بچێ لەبەردەم کۆشکەکانی منداڵ و نەوەکانی مەسعود، مەسینە هەڵگری بکات. دیسان ئەوەی ئەگەر لە رێبازی سەردەشت و هاوبیرەکانی خەباتی رۆژنامەگەری ناکا، ئەویش با ناوی رۆژنامەنووسان خراپ نەکا و بچێ نان بەشتێکیتر پەیدابکا. چونکە بەداخەوە کارگەکانی راگەیاندنی منداڵەکانی مەسعود و دەزگای پاراستن، بەناوی راگەیاندن، دەیان کەسیان کڕیوە. رۆژانە بەناوی کوردایەتی، بەریانداونەتە گیانی خەڵک و هیچ رێزێکیشیان بۆ پیشەی راگەیاندنی کوردی نەهێشتۆتەوە.
راگەیاندنی کوردی لە کەسایەتی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان،رێچکەیەکیتری لە راگەیاندن داهێنا.
پێویستە ئەو رێچکە و رێبازە بەردەوام بکرێ، ئەگەرنا نەک تۆڵەی سەردەشتەکان ناکرێتەوە، بەڵکو وەک چۆن کاوەو ویدات و جیهانی بەسەر داهات، ئێستاش ناشرینترین پیشە بۆتە رۆژنامەنووسی، چونکە جێگەی درۆ و کەسابەتی ناشەرعی و خۆ مەزات کردنە، بۆ دەسەڵاتی خۆسەپێن.
شێوازی خەباتی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، پێویستە وەک رێچکەی رۆژنامەگەری ئازاد لە باشوری کوردستان پێناسە بکرێ و بەردەوامی پێبدرێ. بۆ ئەوەی خەباتی رۆژنامەگەری ببێتە رێگەی ئاشکرا کردنی تاریکپەرستان و هێزە تیرۆریستەکانی وێنەی دەزگای پاراستن ، ئەوکات پێویستە خەبات بەشێوازی شەهید سەردەشت ئەنجامبدرێ. بەوشێوەیە باوەڕ دەکەین تۆڵەی سەردەشت و شەهیدانی قەڵەم دەکرێتەوە…