جوتیار ئاسۆس
بەرلەوەی باوکی مەسروور خۆیمان لێبکات بە ڕەخنەگری ئەدەبی و بەبێ ئەوەی تنۆکێک عارەقی شەرم بکاتەوە و لە وتارێکی ئەهریمەنییدا بڵێت؛ “سەردەشت عوسمان قوتابی بوو .. ڕۆژنامەنوس نەبوو!”، با ژیاننامە کورتەکەی ڕۆژنامەنوسی تیرۆرکراو “شەهید سەردەشت عوسمان” خۆی بدوێنین. سەردەشت لە ۲٥ی کانونی یەکەمی ۱۹۸۷ لە گەڕەکی کرێکارانی شاری هەولێر لە بنەماڵەیەکی هەژار لەداییک بووە، کە لە گوندی گردەعازەبان لە دەشتی هەولێرەوە ڕاگوێزرابوون. بە تەمەنی ٥ ساڵی وەک گوێگر دەچێتە قوتابخانە و لەبەر زیرەکی مامۆستاکانی بە دەرچوو هەژماری دەکەن، لە تەمەنی ۱۷ ساڵی قۆناغی ئامادەیی تەواودەکات و لە بەشی ئینگلیزی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین دەبێت بە یەکێک لەو خوێندکارە هەژارانەی تاکە دەستمایەی ئەو بیرتیژی و هزر و ویژدانی خۆی بووە. سەردەشت لەو کاتانەدا کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی نە دەچوو بۆ کرێکاری و کارکردن، خوێنەرێکی بەسەلیقە و نوسەرێکی قەڵەمڕەنگین بوو.
خوێنەوارێکی باش دەتوانیت ڕۆژنامەنوسێکی باش بخوڵقێنێت، بەڵام خوێنەوارێکی خاوەن دڵ و ویژدان دەتوانێت نوسەر ڕۆژنامەنوسێکی مەزن بخوڵقێنێت!
کیپس و مێرچن و ئۆلیڤەر بۆ سەردەشت عوسمان تەنیا مەنهەجی خوێندنی دواناوەندی نەبوون کە وەک هەموو خوێنکارانی تر ئەویش تەنیا بەشی وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوەکان لەبەریان بکات و تەنیا بۆ دەرچوون بیانخوێنێت، بەڵکو سەردەشت لەتەمەنی لاوێتی ژیانی ئەو مێردمنداڵانەی وێنادەکرد و بەتایبەتی ئۆلیڤەر تویست ی چارلس دیکنز کە لە مەنهەجی پۆلی ۱۲(٦ی ئامادەیی) دەخوێنرێت، سەردەشت عوسمانی بردە ناو ئەدەبیاتی ڕیالیستی – ڕەخنەگری ئینگلیزی. دواتر نوسەرانی وەک ئۆرهان پامۆک خەیاڵ و ئەندێشەی پێشەنگایەتییان لەلای سەردەشت عوسمان خوڵقاند، نوسەرانی دەستەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕۆژنامەوانە بوێرەکانی کوردستانیش قەڵەم و زمانەوانی سەردەشتیان ڕەنگینتر کرد و ئاوێتەی خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگاکەی خۆیان کرد. سەردەشت ئەگەرچی زوو چاوی لەیەکنا بەڵام هەر لە ساڵی ۲۰۰٤ەوە بە فەرمی دەچێتە بواری نوسین و ڕۆژنامەوانی و هەر لەسەرەتای دەستبردنی بۆ قەڵەم، غەمی سەردەشت عوسمان دواڕۆژ و چارەنوسی گەنجان و چینی هەژارانی کۆمەڵگاکەی بوو، ئەو هەوڵی دەدا ئەو پرسیارانە بوروژێنێت کە لە هزری نەوەی ئەمڕۆدا دەسوڕێنەوە.
سەرباری ئەوەی چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری خاوەنپێگەی بەهێز هەست بە تواناکانی سەردەشت عوسمان دەکەن و هەرزوو هەوڵ دەدەن وەک زۆرێک لە گەنجانی تری خاوەنبەهرە ئەویش لە خشتە ببەن و بیکەن بە کاڵایەکی میدیایی-بازرگان و لەم سکرین و کەناڵ بۆ ئەوی تر تەراتێن بکات، بەڵام سەردەشت عوسمان یەکێک بوو لەو نوسەر و ڕۆژنامەنوسە ناوازانەی کە ویژدان و ئاکاری ئەو نوسەرانەشی تێپەڕکردبوو کە خۆی پێیان سەرسام بوو. ئەو بۆ یەکێک لە هەژارترین دەزگا میدیاییەکان بەناوی ( هەفتەنامەی ئاشتینامە) دەینوسی. سەردەشت سەرباری ئەوەی دەیزانی ڕێگایەکی مەترسیداری هەڵبژاردووە، بەڵام سەرسامی ئەو بە کەسانی وەک ماندێلا و جیڤارا و خوێندنەوەی ژیاننامە و وتارەکانی ئەوان سەردەشتیان کرد بە عەبدولقادرمەعروف و ڕەئوف ئاکرەیی سەردەمی خۆی. بوێری سەردەشت عوسمان گەیاندیانە پێگەی پێشەنگایەتی بۆ گەنجانی وڵات، ئیدی کەمتیارە چاوبریسکەدارەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و پاراستن دەبینن کە سەردەشت هەم نوسەرە و هەم پێشەنگە، بۆیە دەیخەنە بن چاودێری ورد، هەتا لەڕۆژی ٤ی ئایاری ۲۰۱۰ و چەند ڕۆژێک دوای وێنەگرتنی ئاهەنگی دەرچوون لە ناو حەرەمی زانکۆ سەردەشت عوسمان دەڕفێنن.
سەردەشت جیاواز لە بکوژەکەی (مەسروور) کە هەردووکیان هاندەری تیمی فوتبۆڵی بەرشەلۆنەن و سەرسامن بە لیۆنێل مێسی یاریزان، سەردەشت عوسمان بۆخۆشی یاریزانێکی فوتبۆڵی کارامەبووە و لەنادی هەولێر-گەنجان یاریزانی سەرەکی بوو. بەڵام بەهۆی خوێندن و هەژارییەوە وەک سەدان هەزار گەنجی تری کوردستان سەردەشتیش ناچار دەبێت دەست لە خەونە تایبەتییەکانی خۆی بەربدا. تەنیا ئەوەی شەهید سەردەشت عوسمان لەوانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە سەردەشت زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و لە دواهەمین نوسینەکانی خۆی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم بۆ مەرگێکی حەتمی خۆی ئامادە دەکات. بەچەشنی قازی محەمەد کە بەپێی خۆی بەرەو پەتی سێدارە هەنگاوی نا، سەردەشت عوسمانیش بە نامەیەکی کراوە هەموومانی ئاگادارکردەوە لەوەی کە ڕۆژەکانی ژیانی ئەو بە پەنجەی دەستێک دەژمێردرێن و مەسرور بارزانیش کە ئەودەم بەرپرسی دەزگای پاراستن بوو فەرمان بە چەتەکانی پاراستن دەکات و وەک ئاماژەیەک بۆ بێدەنگکردن فیشەکێک لەناو دەمی دەدەن. ڕۆژی ٥ی ئایاری ۲۰۱۰ لەسەر ڕێگای هەولێر- موسڵ تەرمی سەردەشتی تیرۆرکراو دەدۆزرێتەوە، کە تا ئەمڕۆ بووە بە مۆتەکەیەک و لە هەموو سەردان و دیدارێکی دپلۆماسی بنەماڵە خائین و بازرگانەکەی بلەوبارزان، ناوە ئەفسوناوییەکەی سەردەشت عوسمان لۆچێیکی زیاتر دەخاتە ناوچەوانی مەسروور و مەسعودی باوکی.