ئازاپرێس
٣١ ساڵ تێپەڕدەبێ بەسەر سەردەمێکی تراژیدی کە بە شەڕی برا کوژی خراوەتە لاپەڕەکانی مێژووی نوێ، واتا ئەو مێژووەی پارتی و یەکێتی نووسیویانە. وەک سەرەتا پێویستە پێناسەکەی راستبکەینەوە، لەبنەمادا شەڕ لەسەر دەسەڵات و پارە بوو، چونکە برا شەڕی یەکتری ناکەن ئەگەر کێشە پار و میرات نەبێ. هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) لە ١-٥-١٩٩٤ لە قەڵادزێ شەڕیان دەستی پێکرد و بە رێککەوتنی واشنتنی ١٧-٩-١٩٩٨ وەستێنرا، بەبێ دادگای کردنی تاوانبارانی شەڕ.
مێژووی ناکۆکی و شەڕ لەنێوان پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٤ تاکو ١٩٧٠، دیسان لە گەڕی دووەمیان لە ١٩٧٦ دەستپێدەکاتەوە تاکو ١٩٨٨. دەبێ هەندێک کات ناکۆکی هزری و سیاسیش هەبێ، بەڵام لەبنەمادا ئەوەی بۆتە ناکۆکی سەرەکی و رەنگی داوەتەوە، پێگەی هێز و دەسەڵات و پارە بووە. بەتایبەت دوای راپەڕین شەڕێک هەڵگیرسا لە دەرەوەی بەرژەوەندی تەنگی حیزبی و بنەماڵەی و پارەی گومرگ و دەسەڵاتخوازی، هیچ شتێکیتر پاساوی ناداتەوە.
لەساڵانی شەستەکان چەمکی بادینی و سۆرانی کرا بە بنەمای خۆشکردنی ئاگری شەڕ، لەبنەما جیاوازی سیاسی هەبوو، بەڵام بۆ پەردەپۆش کردنی جیاوازی سیاسی، پارچەکردنی کۆمەڵگە کرا بە هێڵی سەرەکی. بۆیە تا رۆژی ئەمڕۆ درز کەوتۆتە نێوان خەڵکی بادینان و سۆران، یان وەک بڵێن بادینان تاپۆی پارتیە و سۆرانیش تاپۆی یەکێتی. لە شەڕی دوای راپەڕینیش، گومرگی ئیبراهیم خەلیل و هەولێر بوونە بیانوی شەڕ.
بەدرێژای ئەو شەڕانە لەگەڵ هێڵی کۆنەپەرست و شەڕانگێزی کوردی، دەستی دەرکی و داگیرکەرانی کوردستانیش تێدابووە، تا دەگاتە دەزگا سیخوڕیە جیهانیەکان. نمونە بەرپرسیاری ساواکی ئێرانی، عیسا پەژمان دەڵێ، من توانیم شەڕ بە مەستەفا بارزانی هەڵگیرسێنم. مۆسادی ئیسرائیلی لە دانپیانانی خۆیان دەڵێن، ئێمە شەڕمان بە م.بارزانی دەکرد. میتی تورکی سەبارەت تیرۆر و لەناوبردنی سەرکردەکانی پەدەکە\تورکیا بەدەستی م.بارزانی دەڵێ، سەرکەوتوبووین بە لەناوبردنی نەیارەکانمان. لەولاشەوە دەگوترێ لە شەڕی قڕناکا و پشت ئاشان و کوشتن و لەناوبردنی زیاتر لە ٣٠٠ پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراقی بەدەستی یەکێتی، بە ئاگاداری هەواڵگری عێراقی بووە، چونکە دوای ماوەیەکی کەم لە ١٩٨٣، ئاگربەست و دانوسانی نێوان عێراق و یەکێتی دەستی پێکرد. لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ هەموو ئەو هێرش و پەلامار و شەڕانەی ئەنجامدراون بەدەستی ئێران و تورکیا بووە، بەهەبوونی هەزاران بەڵگەی نوسراو و بینراو. کەسە یەکەمەکانی پارتی و یەکێتیش پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ قرارگای رەمەزان و دەزگای میت و جەندرمە هەبووە، بۆیە ئێستا ئەو دەزگایانە بارەگای سەرەکیان لە هەولێر و سلێمانی هەیە و بەنوێژی نیوەڕۆ نەیارەکانیان تیرۆر دەکەن و کاریگەری راستەوخۆیان هەیە لەسەر بڕێوەبردنی دەسەڵاتی هەرێم.
دوای رێککەوتنی واشنتن تا ٢٠٠٣ دانوسانی یەکێتی و پارتی لە رۆتین رۆتینتر بوون، تاکو دەستێوەردانی ئەمریکا بۆ عێراق و لەناوبردنی رژێمی بەعس. تورکیا ئامادە نەبوو رژێمێکی سوونی بڕوخێنێ، بۆیە کارئاسانی بۆ ئەمریکا نەکرد، لەباشوریش هێزە شیعەکان هیچ پێگەیەکیان لەسەر زەوی نەبوو، بۆیە پێویستی بە یەکێتی و پارتی هەبوو. دووبارە ئەمریکا بە پارە و دەسەڵات، هەردوو هێزی خستە بەرەی خۆی و توانی رژێمی بەعسی پێ بڕوخێنێ و دەسەڵاتی بەغدا و هەولێریان پێ بسپێرێ.
لەبەر ئەوەی پارتی و یەکێتی نەخۆشی دەسەڵات و پارە بوون، بۆیە لە ٢٠٠٣وە دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد هاتەپێش، بەڵام ئەگەر بەخێرای چاوێکی پێدابخشێنین، نەک لێی سوودمەند نەبوون، بەڵکو زۆر دەسکەوتیش لەدەست دەرچوون، هەمانکات رۆحی ئینتیما و کوردبوونیشیان کردە سفر. کارەساتی شەنگال و لەدەستدانی کەرکوک و سەدا پەنجای خاکی باشوور و داگیرکردنی بادینان لەلایەن تورکیاوە، نمونە زەقەکانن…