خۆگر کەمال
ئەنفال وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژی و لەناوبردن و سڕینەوەی گەلی کورد، خوێناویترین کارەساتە لە مێژووی نوێی گەلەکەمان. جێبەجێ کردنی ئەم پرۆسە نامرۆڤانە و دوور لەهەموو پێوانەیەکی شەڕ و داگیرکاری، رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٦ تاکو ١٩٨٩ بە سەرۆکایەتی عەلی حەسەن مەجید، بەشێوەیەکی فەرمی شاڵاوەکانی ئەنفالی سەرتاسەر دەستپێکرد. بەڵام چڕی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ بوون، سەرەتاکەی لە ناوچەی جافایەتی تا کۆتایەکەی لە دەڤەری بادینان تەواوبوو.
شۆڤینزمی عەرەبی تەنها کارەساتی بۆ گەلی کورد نەخوڵقاندووە، وەکو کورد بە سەدهەزارانی لە گەلی عەرەبیش لە شەڕی ناوخۆی و شەڕ بەناوی دژی دوژمن، بەتایبەت لە شەڕی ئێران و کوێت کردە قوربانی. هزری دەوڵەت – نەتەوەی عەرەبی، بە ئاوا بوونی حیزبی بەعس لە ١٩٤٧لە عێراق چەکەرەی کرد، بەهاتنی کۆماریەکان لە ١٩٥٨ بۆ دەسەڵات شوێن پێی خۆی کردەوە، بە گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن رژێمی بەعس لە ١٩٦٨ دواتر سەرۆکایەتی سەددام حسێن لە ١٩٧٩ گەیشتە لوتکە. بۆیە زۆرترین شەڕ و سووتاندنی دێهات و راگواستنی خەڵک و کۆمەڵکوژیەکان، لەگەڵ بەهێزبوونی دەوڵەت – نەتەوەی عەرەبی دەستیپێکردووە، بەڕووخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣بە کۆتای هاتنی دەوڵەت – نەتەوەیی شۆڤینزمی عەرەبیش بوو لە عێراق.
شاڵاوەکانی ئەنفال چ لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامی و چ لە سەردەمی رژێمی بەعس، یەک مەبەست و ئامانجیان هەبووە، ئەویش رەواکردن و حەڵاڵ کردنی کۆمەڵکوژی و بەتاڵانبردن و سووتان و رووخاندن و سڕینەوەی گەلی کوردە، لەسەر ئاو و خاک و وڵاتی خۆی. هەموو کۆمەڵکوژیەکانیتریش لە پارچەکانیتر کە لەدژی گەلەکەمان ئەنجامدراون، هەمان مەبەستیان هەبووە.بۆیە بەبێ ناسین و هەڵسەنگاندنی دەوڵەت – نەتەوە سەردەستەکانی کوردستان، ناتوانرێ شیکارێکی راست بۆ کۆمەڵکوژەیەکان بکرێت. ئەوکاتلە دەرەوەی نوزانەوە وەک قوربانی، هیچ بەهایەکیتری نییە، ئەوەش وا دەکات تەنها شین و گریانمان بۆ بمێنێتەوە. بە ناسینی بنەما و رێساکانی دەوڵەت – نەتەوەیی عەرەبی، باشتر لە شۆڤینزم و دیکتاتۆریەت و رژێمی تاکڕەوی بەعس دەگەین، بەهەمان شێوە رێگری دەکەین لە دووبارە بوونەوەیکۆمەڵکوژیەکانیش.
قۆناغی چواری شاڵاوەکانی ئەنفال؛
لە ٨-نیسان دەستی پێکردووە تا ٣-ئایاری ١٩٨٨ بەردەوام بووە. سنووری قۆناغی ئەنفالی چوار، حەوزەی زێی بچوک بوو، ئەویش هێڵی سنووری هەردوو پارێزگای کەرکوک و هەولێر پێکدەهێنێت. ئەو ناوچانەی کەوتنە ناو سنووری ئەنفالی چوار ( رێدار، ئاغجەلەر، تەق تەق)، هەروەها چەند گوندێکی گەورەی وەک عەسکەر و گۆپتەپەی دەگرتەوە، ئەویش دەکاتە دەشتی کۆیە و تەق تەق و شێخ بزێنی.
خوێناویترین رۆژەکانی شاڵاوی ئەنفالی چوار بە کیمیابارانکردنی گوندی گۆپتەپە لە رۆژی ٣ی ئایاری ١٩٨٨ گەیشتە ئاستی هەر دڕندانەی، فڕۆکە جەنگیەکان بۆمبی کیمیایان بەسەر خەڵکی گوندەکە باراند، قوربانیەکانیان بە نزیکەی ٣٠٠ کەس دەخەملێنرێن، هاوکات گوندی عەسکەریش بە هەشت بۆمبی کیمیاوی بۆردومان کرا. بۆ رێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوانی گوندەکانی گۆپتەپە، عەسکەر و حەیدەر بەگ، رژێمی بەعس ئاوی بەنداوی دوکانی زیاتر بەردایەوە، تاکو خەڵکەکە نەتوانن لە زێی بچوک بپەڕنەوەو رزگاریان ببێ.
شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە، دوو تاوانی ئەوەندە دڕندانە و دوژمنکارانەو گەورەن، لەیادگای مرۆڤە بەویژدانەکان جێگەیان گرتووە. تا رۆژی ئەمڕۆش بریندارانی کیمیاباران بە ئازاری زامەکانیانەوە دەناڵێنن، خەڵکی دوای ئەنفالیش چاوەڕێی رووفاتی ئازیزانیانە لە چۆلستانی عەڕعەڕ و نوگرە سەلمان و سنورەکانی سعودیە و ئوردن و کوێت بگەڕێنەوە.
دوای ٣٧ ساڵ لە شاڵاو و کۆمەڵکوژی خەڵکی بێتاوان و بێ بەرگری لە دێهات و شوێنە دوورە دەستەکان، تەنها تاوانیان کوردبوونیان بووە، بۆیە لەپێناو پاراستنی ناسنامە و هەبوونی نەتەوەیی، پێویست دەکات بە رۆح و زانابوونی وڵاتپارێزی و دیموکراتی ئاستی خەبات و تێکۆشان بڵندتر بکرێ. ئەو هەموو قوربانیانە دەبێ ببنە هەوێنی یەکگرتن و پێکەوە ژیانی دیموکراتیانەمان.
راستە دەسەڵاتی هەرێم لە ماوەی ٣٤ ساڵی رابردوو زۆر زوخاوی خستۆتە دڵی خەڵکی کوردستان، بەڵام قوربانیەکانمان سەرمایە و نرخی سەرجەم گەلی کوردستان و مرۆڤە ئازادیخوازەکانمانن، بۆیە دەبێ هەموومان بەبێ جیاوازی خاوەنداریەتی لێبکەین و نەهێڵین خوێن و رەنج و ماندوبوونیان بەفیڕۆ بڕوات.