ئازاپرێس
ئابوری بناغەی دامەزراندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەسەندنی هەیە. هەر لە سەردەمی چاخی بەردینەوە ئابوری تاکە هۆکاری جەنگ و کۆچی خێڵ و گەلان بووە. ئابوری کۆمەڵگا لەسەردەمی نیشتەجێبوون و بوونیادی گوند و شارستانیەت تاکە پێوەری توانا و هەژموونی کۆمەڵگابووە، لەهەمان کات تاکە هۆکاری خستنە مەترسی جەنگ و داگیرکاری و کۆمەڵکوژیش بووە، بەوەی هێزی تر هاندەدات بۆ لەشکرکێشی و داگیرکاری.
گەلی کورد لە دێر زەمانەوە نیشتەجیی ناوچە بەپیتەکانی خۆرهەڵاتی ناوینە و خاوەنی سەرچاوەی ئاوی شیرین بووە، ئەوەش لەلایەک هۆکاری لەشکرکێشی و داگیرکاریی بووە، لەهەمان کات هۆکاری بەدەستخستنی سەربەخۆیی ئابورییە و لەو ڕێیەوە توانیویەتی شوناسی خۆی بپارێزێت.
تەنانەت چ لە سەردەمی بڵاوبونەوەی ئایینی ئیسلام و چ لە سەردەمی ململانێی سەفەوی و عوسمانییەکانیش ئابوری سەربەخۆ یەکێک بووە لە فاکتۆرە هەرە بەهیزەکانی مانەوەی ناسنامەی کورد. کە چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و چ لەسەر ئاستی عەشرەت و خانەوادە باڵادەستەکان بە هەمیشەیی دەسەڵاتە هەژموونگەرەکان ناچاری پەیوەندی و گرێبەست بوون لەگەل کوردانی نیشتەجێی ناوچە و هەرێمە جیاوازەکان.
ئابوری سەربەخۆ بڕبڕەی پشتی سەرتاپای شۆڕش و سەرهەڵدانەکان بووە. بەبێ گوندەکان هەرگیز شۆڕش و سەرهەڵدانەکان مومکین نەدەبوون. شارەکان ئەگەر جێی کۆبوونەوەی بیرمەند و ڕۆشنبیر و چالاکوان و کەسانێک بووە کە توانای پلانسازی و ئامادەکاری بیردۆزی سەرهەڵدان و بزوتنەوە نەتەوایەتی و سۆشیالیستییەکانیش بوون، بەڵام سوڕی وابەستەیی ئابوری لەناو شارەکان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە ، خاڵی لاوازی شۆڕشی پاراستنی ناسنامە و ئایدۆلۆژییەکان بووە، بەوەی هەمیشە کیانی حوکمڕان وەک خاڵی بەهیزی خۆی مامەلەی لەگەڵ کردووە.
بێ لەوەی کیانە حوکمڕانەکان دەستیان لەڕێگەی سوپا و دەزگای ئەمنییەوە دەتوانن شارەکان کۆنترۆڵ بکەن، تەنانەت ئەگەر مامۆستا، ئەندازیار، کارمەندی تەندروستی و هتد. چەندە شۆڕشگێریش بن، کاتێک موچەکەی ببڕن چیتر ناتوانێت وەک پێویست ئەرکە نەتەوایەتیەکەی خۆی بەجێ بگەیەنێت، چجای ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگی سەرهەڵدانێکی جەماوەری بگێڕێت.
هەر ئەوە هۆکاری هەوڵی لەبەینبردن و داگرتنی گوندەکان و ڕاگواستنیانە بەرەو ناوەندی شارە گەورەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسی ئەو دەوڵەتانەی لەسەر خاکی کوردستان حوکمڕانن. جگە لەوەی لەلایەک هەم هێزیکی کار دەخەنە ناوەندی شارەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی بێکاریش ناچار دەکرێن ببن بە هێزی مرۆیی سوپا و دەزگا ئەمنییە دەوڵەتیەکان. بەڵام خاڵی ستراتیژی لە ڕاگواستنی گوندەکان لەناوبردنی سیستمی ئابوری سەربەخۆیە کە گوندەکان توانای دەستەبەرکردنیان هەیە.
لەباشوری کوردستان ڕژێمە یەکلەدوای یەکەکان دەستیان نەپاراستووە لە وێرانکردنی گوندەکان ، لە کۆتایی سەدەی ۲۰ ڕژێمی بەعس نزیکەی سێ لەسەر چواری گوندەکانی خاپور کرد و دانیشتوانەکەی ڕاگواست بۆ کۆمەڵگای زۆرەملی و ناوەندی شارەکان. ئەو ئەزمونە دواتر لەلایەن دەوڵەتی تورکیشەوە لە باکوری کوردستان دووبارەکرایەوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەگەرچی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیڕەو کرا، بەڵام پشتگوێخستن و ئاستەنگکردنی ژیان لە گوندەکان خرایە ناو چوارچێوەی پیلانە دەوڵەتییەکان.
لە باشوری کوردستان یەکێک لە کارەساتە گەورەکان کە هەردوو پارتی باڵادەست بەسەر گەلی کوردیان هێنا، ئەوەبوو کە لەدوای ڕاپەڕینەوە خودی خۆیان بەربەستی ڕاستەوخۆ بوون لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان . دیار نیە کە ئەگەر ئەوانیش هەمان پیلانگێڕی داگیرکەرانی کوردستانیان هەبووبێت بۆ وابەستەکردنی گەل لەپێناوی داکوتینی بناغەی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگاوە، یاخود بە پیلانی دەوڵەتانی هەرێمی، بەتایبەتی دەوڵەتی تورک و ئیران ئەوان ڕێگرییان لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان گرتبێت. بەڵام هەتا دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ۲۰۰۳ ئاوەانکردنەوەی گوندەکان دواخرا و کاریگەری ئەو ئاستەنگکردنەش هەتا ئەمڕۆ بە هاوسەنگی ئابوری کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانەوە دیارە.