ئازاپرێس
دەنگێک بۆ هەمیشە لە یادەوەری و سەر زمان دەمێنێتەوە، هەگبەی هونەری کوردی جوانتر و دەوڵەمەند تر کرد، ئەو هونەرمەندی نیشتیمان و کوردپەروەریی بوو، بە ئاواز و هۆنراوەی کوردانە بزوێنەری هەست و سۆزی لاوان بوو
تەحسین تەها لە ساڵی ١٩٤١ لە شارۆچكەی ئامێدی لەناو بنەماڵەیەكی كوردپەروەر، نیشتیمانپەروەردا لە دایكبووە و لەناو خانەوادەیەکی نیشتیمانپەروەر و هونەردۆستدا گەورە بووە،
تەحسین تەهای هونەرمەند لە مناڵییەوە حەزی لە گۆرانی وتن دەكرد و لەگەڵ باوکی زۆرجار گۆرانیان پێکەوە دەوت، لەکاتی هەڕەتى گەنجیدا یەكەمین گۆرانی بە ناوی (ئەشكەرا ناكەم یا لبەر ڤی دلی) کە هۆنراوە و ئاوازی خۆی بووە لە ساڵی ١٩٧١ـدا لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغداد تۆماری كردووە، بەهۆی ئەم گۆرانییەشەوە ناوبانگێكی زۆری پەیدا كرد.
تهحسین تهها خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لهناوچهی (مانگیش و باتووفه و شاری دهۆك) تهواوكردووه و ساڵی ١٩٦٠ چووهته بهغداد و له بەشی شانۆی پهیمانگهی هونهره جوانهكان وهرگیراوه، ساڵی ١٩٦٤ دوای چەندین جار گرتن و زیندانی پەیمانگای تەواو کردووە.
هەر لەو ماوەی کە لە بەغداد خوێندوویەتى خۆی فێری ئامێری عود و گۆرانی كردووه، بۆ ئەوەش بەردەوام هاتوچۆی بەشی کوردی ڕادیۆی بهغدادی کردووە و چەندین گۆرانی لەو ڕادیۆیەوە پێشکەش کردووە.
بەهۆی گۆرانییە نیشتیمانییەكانی چەندین جار لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، لە ساڵی ١٩٦٣ دەستگیرکرا و لە زیندانی (خلف السدە) لە بەغداد زیندانی کرا و دواتر لە بڕیارێكی لێخۆشبوونی گشتییدا ئازاد کراوە، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٠ـەوە تا ١٩٧١ نزیکەی لە ١٢٠ گۆرانی لە بەشی كوردی ڕادیۆی بەغداد تۆمار كردووە.
لە ساڵی ١٩٨٨ لە شاری دهۆک چەند بەرهەمێک بۆ ئەنفال و کیمیاباران تۆمار کردووە، گۆرانییەكانیش بریتی بوون لە (د گەریا مندا هیشك بوون، هەی بارانێ هەی بارانێ، من خەم دەریایەكا كویرە، وەی دنیاێی) و لە ساڵی ١٩٩١ـدا بڵاویاندەکاتەوە.
هونەرمەند تەحسین تەها بە گشتی هەشت ئەلبومی بڵاوکردووەتەوە، بەشێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی ئەم هونەرمەندە دەنگخۆشە بریتین لە (گوڵی من وەری، بە تەنیا، چاوڕەش، ئامێدی بەرزە، بووکی بادینان، هەستەوە جووتیار، دلێرەکانی وڵات، دڵبەر، ئەویندارم، خاڵخاڵۆکە، شەکر باری، ئەرێ یان نا، ئامۆزا، دراوسێ، ئەمان ئەمان، ئاسۆ، ڕووناکیی ماڵ و خوێنی دڵان).
تەحسین تەهای هونەرمەند لەو سەردەمەی باری کوردستان سەخت بوو، چووە وڵاتی هۆڵەندا و چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا بە ئاوارەیی ژیا، تاکو لە ٢٨ـی ئایاری ١٩٩٥ـدا لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد و دڵی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە دهۆک، زاخۆ ،ئامێدی و بەگشتی کوردستان کرد تەرمەکەی لە ٤ـی حوزەیرانی ١٩٩٥ گەیشتەوە کوردستان و لە ئامێدی سپاردەی خاک کرا.