ئا: ئازا پرێس
بەگوێرە بەیاننامەیەک کە دوێنێ ١٣ی ئاب، لەلایەن ئەیهان سەعید رۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی مرۆڤەوە دەرچووە، بەئاشکرا باس لە پەلامار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئاسایشی پارتی دەکات بۆسەر خانەوادەی رۆژنامەنووسی تیرۆر کراو وەدات حسێن و رۆژنامەنووسانی هاوڕێی.
وەک دەزانرێ رۆژی ١٣-٨-٢٠١٤ رۆژنامەنووس ویدات حسێن لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتیەوە تیرۆرکرا، ماوەی هەشت ساڵە دەزگا ئەمنیەکانی پارتی لە دهۆک رێگە نادەن یادی وەدات حسێن لەسەر گۆڕەکەی لە گۆڕستانی شاخکێ بکرێتەوە.
دەقی بەیاننامەکەی ئەیهان سەعید وەک خۆی بخوێنەوە:
🔹 ئەمڕۆ کاتژمێر ٥:٣٠ ئێوارە، خانەوادەی رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو وەدات دهۆکی، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی بادینان، بە مەبەستی بەڕێوەچوونی هەشتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی، سەردانی گۆڕستانی شاخکێی دهۆکیان کرد. بەڵام بە ھێنانی ژماریەکی زۆر لە ھێزە ئەمنیەکانی وەک ئاسایش، زێرەڤانی، مکافحە، ئاسایشی مەدەنی و پۆلیس رێگریان لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە کرد، رێگەشیان نەدا خانەوادە و هاوپیشەکانی شەهید وەدات، بچنە نێو گۆرستانەکە و تاجەگوڵێنە لەسەر کێلی گۆڕەکە دانێن.
🔹 دوای سووربوونی خانەوادەی شەهید وەدات و چالاکوانان، هێزە ئەمنیەکان بەڕێگای چەک و توندوتیژی رووبەڕوویان بوونەوە و بە قۆنداخە کلاشینکۆف پەلاماری خوشکێکی رۆژنامەنوسی تیرۆراکرا درا، هەروەها رۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی بە لێدان و ئەشکەنجەوە و خوێنەوە ڕفێنڕا و چارەنوسیشی نادیارە.
🔹 پەلاماردانی دایک و خوشکی شەهیدانی قەڵەم پێشڵکردنی هەموو یاسا و بەها و پرەنسیپە ئەخلاقیەکانە، کە دوای تیرۆرکردنی هاوپیشەکانمان پەلاماری گۆڕەکانیشیان دەدرێت، پێویستە مەسرور بارزانی واز بێنیت لەم ئەقلیەتە پۆلیسییە و فۆبیای لە ئازادی و چارەسەری کێشە سادیزمیەکەی خۆی بکات، کە چێژ لە ئەشکەنجەدانی رۆژنامەنووس، چالاک و تەنانەت ژنان و دایکانی خانەوادەی شەهیدان دەبینێت.
🔹 ئەگەر خودی مەسرور بارزانی سەرۆکی پێشووی دەزگای پاراستن و سەرۆکی حکومەتە ماوەبەسەرچوەکەی ئێستا و پارتی دیموکراتی کوردستان بکەری تیرۆرکردنی شەھید وەدات نین، بۆچی تا ئێستا هیچ تاوانبارێک دەستگیرنەکراوە و بکوژ ئازادن و رێگرن خەڵک و ھاوڕێکانی بچنە سەر گۆڕەکەی و دوای تیرۆرکردنمان گۆڕیشمان لێ قەدەغە دەکرێت ؟!
🔹 وەدات حسێن ڕۆژنامەنووس لە شاری دهۆک، لە ١٣ـی ئابی ٢٠١٦، دوای ئەوەی وەدات براکەی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی و دەگەڕێتەوە، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە پێش و دوای لێ دەگرن و دەمانچە لەسەر سەری دادەنێن و لە ئۆتۆمبێلی خۆی دایدەبەزێنن، تورەکە دەکەنە سەری و دەیڕفێنن. دواتر بە برینداریی دۆزرایەوە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەیەوە بوو، گەیاندرایە نەخۆشخانە، بەڵام نەیتوانی هیچ پەیڤێک بدرکێنێت و بەشێوەیەکی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئەیهان سەعید/ رۆژنامەنووس و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ
١٣ی ئابی ٢٠٢٤