ئازا پرێس تایبەت
چالاکوانی مەدەنی مامۆستا لوقمان بازید خەڵکی سیدەکان ماوەی ٩ مانگە بەتۆمەتی پەکەکە بوون دەستگیر کراوە، ماوەی پەنج مانگ بێسەروشوێن بووە، ئەوە چوار مانگە کەس و کاری سەردانی دەکەن.
بەگوێرەی قسەی چالاکوانێکی دەڤەری سۆران بەناوی لوقمان مەحمەد رایدەگەێنێ کوا ئەو تۆمەتە بێ بنەمایە، لەبنەڕەتدا پارتی تۆڵە لە مامۆستا لوقمان دەکاتەوە، چونکە مامۆستا لوقمان ساڵی ٢٠١٧ چەندین جار بەتەنها خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەبەرانبەر دەسەڵات دەربڕیوە، بۆیە ئێستاش پارتی تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە بەناوی پارتی بوون.
لوقمان مەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای بەناحەق گرتن مامۆستا هەمانکات موچەی مامۆستایشیان بڕیوەو خێزانەکەی لە دۆخێکی سەختی ژیاندان.
هەروەها مامۆستا لوقمان مەحمەد فەقێ بەم نووسینە پشتگیری خۆی بۆ ئازادی مامۆستا لوقمان بازید دەربڕیوە:
ئازادی بۆ مامۆستا لوقمانی ئازادیخواز و دادویست؛
لە هەرێمی کوردستان کار گەیشتۆتە ئەوەی، ئەگەر هاوکاری هەر هێزێکی کوردی بکەی جگە لە خۆیان خیانەت و تاوانە، بەڵام ئەگەر دەستی داگیرکەر بگری و ببیە کەوا سووری بەر لەشکرەکەی نیشتمانپەروەرییە.
ئێوە سەیرکەن و ورد لێی ڕامێنن، ئەو سنورەی ئەو مامۆستایەی لێ گیراوە، ئێستا سوپای داگیرکەر تەڕاتێنی تێدەکا، تەنانەت بازگە و سەیتەرەیان داناوە لە هەرێمی کوردستان. ئەگەر تۆزێک هەستی نیشتمانپەروەری و خاکخۆشەویستییان هەبوایە، دەبو ئەو جۆرە کەسانە خەڵات بکرێن، چونکە دەبنە هۆی پشتیوانی ناڕاستەوخۆی هێزی کوردی و دروستکەری دیوارێکی قایمی بەرگری لە هاتنە پێشی داگیرکەران. هاتنی داعشیش بۆ مەخمور و هەولێر و کەرکوک باشترین نمونەن، نەوەک لەبەرانبەر دوژمن سەرکز بکرێ و نقەیەک نەکرێ و هاووڵاتی خۆت سزا بدەی بۆ ئافەرینێکی داگیرکەران. ئەوە باش بزانن، نۆکەری و خزمەتکردنی داگیرکەر خزمەتکردنی ماری ژەهراوی و کێوییە، هەر کات کەیفی هات پێوەدەدا و خزمەتکارەکە دەکوژێ.
هەمو ئەمانە بەلایەک، خانەوادەکەی ڕەتی دەکەنەوە کەوا هاوکاری ئەو هێزە کوردییەشی کردبێ، بەڵام ئەوە چ یاسا و دادگایەکن کەوا تۆ هاونیشتمانی خۆتی پێ بگری، بەڵام بە کەفالەت ئازادی نەکەی. ئەمە چ ویژدانێکە موچەکەی لەسەر سەری خێزان و منداڵەکانی ببڕی و تووشی خەمێکی دیکەی گەورەتریان بکەی لە ژیان. گرتنی باوک و سەرداری ماڵ بەس نەبو، قوتبڕین و نانبرینیشی بێتە سەر.
کەم زوڵمتان نەکردوە، تاکو ئەمەشی بچێتە پاڵ، تکایە ئەو مامۆستا ئازادیخواز و دڵسۆزە ئازاد بکەن، چی تر ڕووی خۆتان ناشیرن و نابوتتر مەکەن.