ئازا پرێس تایبەت
لوقمان نەجم بازید کە پیشەی مامۆستای بیرکاریە لە قوتابخانەی ئامادەی سیدەکان، هەمانکات وەک چالاکی مەدەنی و رۆژنامەنووسیش دەناسرێت. بەگوێرەی زانیاریەکان مامۆستا لوقمان لە ٢٠-١١-٢٠٢٣وە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە، ماوەی نۆ مانگ و سێ رۆژە راگیراوە، بەبێ دادگای کردن. لە زیندانی ئاسایشی هەولێرە، بەگوێرەی قسەی کەسە نزیکەکانی پێویستە ٢٥-٨-٢٠٢٤ دوای زیاتر لە نۆ مانگ ئینجا بدرێتە دادگا.
یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی مامۆستا ئەوەی بە ئازا پرێس گووت کە ئەو تۆمەتەی بۆ مامۆستا لوقمان دروست کراوە، تۆمەتێکی هەڵبەستراو و بێ بنەمایە و هیچ پەیوەندی بە راستیەوە نییە. چونکە مامۆستا لوقمان هیچ پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە نەبووە، بەڵکو مامۆستا چالاکوانێکی ئاکتیف بووەو خاوەنداری لە مافی خەڵک دەکرد.
لە بەردەوامی قسەکانیان دەڵێن، مامۆستا پەیوەندی لەگەڵ هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە، بەڵکو بێلایەن بوو، پەیجەی هەبووە لەوێ هەواڵ و راپۆرتی سەبارەت دۆخی خەڵک بڵاو دەکردەوە.
سەرەڕای ئەوەی مامۆستا بەناحەق دەستگیر کراوە، وەک ئەندامی خێزانەکەی دەڵێن، مانگێک دوای دەستگیرکردنیشی مووچەکەیان بڕیوە.
کەسە نزیکەکانی مامۆستا لوقمان ئەوەش رادەگەێنن کە ساڵی ٢٠١٧ دیسان پارتی مامۆستا لوقمانیان ماوەی شەش مانگ دەسگیرکرد و بێسەروشوێن بوو، دواتر بەبێ دادگا ئازادیان کردو بێتاوان دەرچوو.
ئەندامانی خێزانی مامۆستا و چالاکوانانی دەڤەری سۆران چاوەڕێن مامۆستا ئازادببێ و بگەڕێتەوە ناو ماڵ و مناڵی خۆی و چیتر دەسەڵات بە بەڵگەی درۆین و هەڵبەستراو دەستگیری نەکەن.