ڕێبەر عەلی کەرکوکی/ پردێ-کەرکوک
پەدەکە-عێراق لەساڵی ١٩٦١ بەدواوە لەوە دەرچووە پارتێکی سیاسی کوردی بێت، بەڵکو لەو ساڵە بەدواوە بۆتە ئۆرگانێکی دەستی بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی و کوڕ و نەوەکانی، وابەستە بە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و دەوڵەتە زلهێزەکانی ناتۆ. بەتایبەتیش بۆتە وابەستە بە تورکیا و ئێران. لەو کاتە بەدواوە، ستراتیژی بنچینەیی پەدەکە-عێراق، نە ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردستانە و نە بەرگری لە خاکی کوردستان و نەهیچ شتێکی دیکە کە پەیوەندی بە خاک و گەلی کوردستانەوە هەبێت، بەڵکو ستراتیژی بنچینەیی پەدەکە-عێراق تەنیا یەک ستراتیژە، ئەویش بریتییە لە “جێبەجێکردنی ستراتیژی داگیرکەرانی کوردستان و دەوڵەتە زلهێزەکانی ناتۆ”، بۆ ئەمەش وەک ئەرکێکی سەرەکیی پەدەکە-عێراق بریتییە لە “لەناوبردنی هەر کەس و بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر و نەتەوەپەروەر لە باشووری کوردستان و سەرتاپای کوردستان”.
ئەگەر مێژووی پەدەکە-عێراق بەوردی توێژینەوەی بۆ بکەین، دەبینین جگە لەم ستراتیژە بنچینەییە، پەدەکە-عێراق هیچ کارێکی دیکەی نەکردووە و تا بشمێنێت تەنیا ئەم ئەرکەی داگیرکەران و دەوڵەتانی ناتۆ جێبەجێ دەکات. ئەمەش مێژوویەکی قێزەونی پڕ لە خیانەت و بەکرێگیراویی لەو ٦٣ ساڵەی رابردووی وەهای تۆمارکردووە، دەکرێ بڵێین؛ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی نییە و نابێت. قوربانییەکانی ئەم مێژووە رەشە هێجگار زۆرن، بە هەزاران و دەیان هەزارن، لەهەموو چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیدا هەن. بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو قوربانیانە تەنیا هەبوونی رۆح و فیکر و تێکۆشانی ئازادیخوازیی، شۆڕشگێڕیی، نیشتمانپەروەرییان بووە.
لەم کورتە وتارەدا ناتوانین ناوی هەموو ئەو قوربانیانە بخەینەڕوو، تەنانەت ناتوانین قوربانیانی یەک چین یان یەک توێژی یەک بەشی کوردستانیش بخەینەروو، چونکە ئەوەندە زۆرن، مەگەر تەنیا بە دانانی ئەنیسکلۆپیدیایەکی دەیان بەرگی و هەزاران لاپەڕەیی بتوانرێت خیانەت و تاوانەکانی پەدەکە-عێراق و بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی هەمووی تۆمار بکرێت. بەڵام ئەگەر تەنیا توێژی نووسەر و رۆژنامەوانانی باشووری کوردستان وەربگرین، تەنیا بە ناوهێنانی بەشێک لەو نووسەر و رۆژنامەوانانەی بەدەستی پەدەکە-عێراق تیرۆر کراون، یان کۆمەڵکوژ کراون، بخەینەڕوو، ئەوا بەتەنیا دەکرێ ناویان بێنین، بەبێ ئەوەی بکەوینە وردەکاریی ژیان و تێکۆشانی رۆژنامەوانیی ئەو نووسەر و رۆژنامەوانە تیڕۆرکراو و شەهیدانە، ئەوا دەبێت سەدان لاپەڕە بنووسین.
چەند نموونەیەک لە مێژووی تیڕۆرەکانی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق:
لە شەستەکاندا بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی و پەدەکە-عێراق دەستیان بە تیڕۆڕی ئەو کەسانە کرد کە وەک نەیار و دووژمنی خۆیانیان بەناودەکرد، بۆئەمەش چەندین زیندانی توند و تۆقێنەری وەک “خەلان، رایات، ماوەت”یان درووستکرد و پڕیان کرد لە کەسانی ڕۆشنبیر و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ. دەکرێ چەند نموونەیەکی ساڵانی شەستەکان بێنینەوە:
- لەساڵی ١٩٦٦دا رۆژنامەوان و شاعیر و شانۆنووس و مێژوونووسی مەزن “عوسمان عوزێری”یان دەستگیر کرد و لەزیندانە بەدناوەکەی “خەلان-رایات” دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر شەهیدیان کرد.
- هەر ساڵێک دوای ئەوە، لە ١٣-١٢-١٩٦٧دا نووسەر و شاعیری مەزن “ئەحمەد ڕەشوانی” بەهۆی رەخنەکانی لە بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراقدا، لەناو جەرگەی هەولێر تیڕۆر دەکەن، کاتێک کە دەزانن هێشتا نەمردووە، لە نەخۆشخانەی هەولێر بە دەرزییەکی ژەهراوی شەهیدی دەکەن.
ئەو زیندانانە تا ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥ پڕی بوو لە کەسانی ڕۆشنبیر و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی نەیاری بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق. دوای ئاشبەتاڵەکەش بەناوی قیادەی موەقەتەوە بەردەوام بوون لە لەناوبردنی ڕۆشنبیرانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. لە هەشتاکانیش کاروانی تیڕۆرەکانی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق بە چڕی بەردەوام بوو، کە لەم وتارەدا جێی باسکردنی هەموویان نابێتەوە.
بەڵام لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق کاتێک دەستیان بە دەسەڵات دەگات، راستەوخۆ لەلایەن میتی تورکییەوە فەرمانی پێدەدرا و دەزگای پاراستنی خستە ژێر ڕکێفی میتەوە، ئیتر زنجیرەیەکی دوور و درێژی تیڕۆڕکردن و کۆمەڵکوژکردنی رۆژنامەوانان و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان دەستیپێکرد، لەم قۆناخەدا هەزاران کەس بوونە قوربانی دەستیان. سەرەتا لە بادینان و هەولێر دەستیان پێکرد، دواتر هەموو باشووری کوردستانی تەنیوە.
هەر بۆ نموونە لەسەرەتای نەوەدەکاندا “حاكم تهحسین، حاكم جهمال، حاكم نوری نانهكهلی، ڕهئوف ئاكرهیی، ڕێناس، ئهبو نهسیر، یوسف تۆما شابۆ، نهزیر عومهر، د. محهمهد باجهلان، سەلاح هەورامی، فهرهاد فهرهج، كهریم عوسمان، د.سیروان” و سەدان و هەزاران ڕۆژنامەوانان و ڕۆشنبیرانی دیکەی تیڕۆر کرد. تاکە هۆکاریش بۆ تیڕۆڕکردنیان ترسیان بووە لەو رۆشنبیر و رۆژنامەوانە ئازادیخوازانە.
بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق، هەر بە تیڕۆرکردنی یەک بەیەکی ئەو ڕۆشنبیران و رۆژنامەوانانە رانەوەستا، بەڵکو دەستی بە کۆمەڵکوژکردنی دەستەجەمعی رۆژنامەوانان و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران کرد. لە ١٦ی ئایاری ١٩٩٧دا لە شاری هەولێر لەیەک رۆژدا دوازدە رۆژنامەوانی رۆژنامەی “وڵات و وطن الشمس”ی لە عەنکاوەی سەر بە هەولێر کۆمەڵکوژ کرد، هەر لەو رۆژەدا کۆمەڵێک هونەرمەندی لە “مەڵبەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا” لە گەڕەکی ئیسکانی پشت “هۆڵی گەل” لە هەولێر کۆمەڵکوژ کرد. ئەمە جگە لە کۆمەڵکوژکردنی دەیان چالاکوان و تێکۆشەری دیکە لەهەمان رۆژ و لەهەمان شاردا.
لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ بەدواوەش دەیان و سەدان ڕۆشنبیر و رۆژنامەوانی وەک” عبدولستار تاهیر شهریف، سۆران مامه حهمه، سهردهشت عوسمان، سهركهوت عومهر، یهعقوب ڕهسوڵ، ویداد حوسێن، قارەمان شوکری”یان تیڕۆر کرد.
لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوەش لەگەڵ رزگارکردنەوەی شەنگال لەلایەن شەڕڤانانی شەنگال و گەریلاکانی هەپەگە و بونیادنانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگال، گڵۆڵەی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق زیاتر کەوتە لێژی و زیاتر ریسوا بوو، بۆیە بۆ شاردنەوەی زیاتری ریسوابوونەکەیان چەندین رۆژنامەوانی ژنیان لە شەنگال تیڕۆر کرد، یەکیک لەو رۆژنامەوانانەش “نوژیان ئەرهان” بوو. چونکە رۆژنامەوان و راگەیاندنی ئازاد رۆڵێکی گەورەی بینیوە لە ئاشکراکردنی حەقیقەتی خیانەتکارانەی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق.
ئەو بنەماڵە خیانەتکار و بەکرێگیراوە و پارتە نۆکەرەکەی، ترسێکی زۆریان لە رۆژنامەوانی بوێر و ئازاد و راگەیاندنی ئازاد هەیە، فۆبیایەکی گەورەیان لەبەرامبەریان درووستبووە. بۆیە بەردەوام لەهەوڵی تیڕۆڕکردنی هەر رۆژنامەوان و ئازادیخوازێک دان، کەوا راستییەکانیان ئاشکرا بکات. لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەوان ویداد حسێن و شوکرییان لە بادینان تیڕۆر کرد، بەشێوەیەکی رەشبگیرییش شێروان شێروانی و بەدەیان رۆژنامەوان و چالاکوانی بادینانیان خستە کونجی زیندانە تۆقێنەرەکانییەوە. نزیک بە ساڵێکیشە رۆژنامەوانی خەڵکی رۆژئاوا “سلێمان ئەحمەد”ی رفاندووە و زیندانیی کردووە. دواجاریش لە رۆژی ٢٣ی ئابی ئەم ساڵدا، بە چاوساخی سیخوڕانی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق و میت، درۆنی تورکی فاشیست چەند رۆژنامەوانێکی کۆمپانیای چەتری کردە ئامانج و دوو رۆژنامەوانی ژنی بوێر و ئازادیخواز “گوڵستان تارا- هێرۆ بەهاددین”ی تیڕۆڕ و شەهید کرد و رۆژنامەوانێکیشی بریندار بوو.
ئەمە کورتەیەکی زۆر پووخت بوو، لە تیڕۆری تاکەکەس و کۆمەڵکوژکردنی رۆژنامەوانان و ڕۆشنبیرانی ئازادیخواز لەلایەن بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراقەوە. لەم کورتە باسەدا یەک راستیی روونمان بۆ ئاشکرا دەبێت، ئەویش ترس و فۆبیایەکی زۆری بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراقە لە رۆژنامەوانان و ڕۆشنبیرانی ئازادیخواز. بەڵام ئیتر راستییەکی تریش تەواو ڕوونبۆتەوە کە ئەگەر هەموو رۆژنامەوانانی ئازادیخواز تیڕۆڕ و کۆمەڵکوژیش بکات، بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق ناتوانن حەقیقەتی خیانەتکاریی و بەکرێگیراویی و ریسوابوونی تەواویان بشارنەوە. ئیدی سەردەمی بنەماڵەی بارزانی و پەدەکە-عێراق کۆتاییهات، نە دەزگا راگەیاندنە چەواشەکارییەکانیان، نە سەدان ملیار دۆلاری دزراویان لە خەڵک و نە هێزە تیرۆڕیست و تۆقێنەرەکانیان دادیان نادات و رۆژێک دێت، ئەو رۆژەش نزیکە، دەکەونە ژێر پێی خەڵکی ئازادیخوازیی باشوور و بۆ هەتا هەتایە وەک تیڕۆڕیستترین بنەماڵە و پارت ناوی بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی و پەدەکە-عێراق دێت. سەردەمی دەسەڵاتدارێتیشیان وەک ڕەشتترین و قێزەونترین و ستەمکارترین و گەندەڵترین بنەماڵە و پارت، ناویان لەنێو زبڵدانی مێژوودا تۆمار کراوە و تۆمار دەکرێت.
ئەم ووتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی