ئا:ئازا پرێس
بەشی شەشەم و کۆتایی
لە شەش بەشدا هەوڵماندا دۆسیەیی تایبەت بەژنان بڵاوبکەینەوە، لەگەڵ ئێش و ئازارێکی زۆر، بەڵام هەوڵماندا ئەگەر کەمیشبێ راوەستە لەسەر ئەو تاوانانە بکەین کە بکەرەکانیان تائاستیکی زۆر دیارە، بۆیە ئەوەیتر دەمێنێتەوە بۆ رێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و دادگاکان کە لێپێچینەوە لەو دۆسیانە بکەن و تاوانباران راکێشنە بەردەم دادگا و سزای خۆیان پێبدەن. بەوشێوەیە بەڵکو رێگە لەوتاوانانە بگرین کەبەردەوام لەبەرانبەر ژنان دووبارە دەبنەوە.
٢٠. ناز سلێمان یەعقوب
ناوی قوربانی: ناز سلێمان یەعقوب
پیشە: پارێزەر
تۆمەتبار: سیروان لوقمان بارزانی
دەستدرێژی و پاشان سووتاندنی
بەروار: ٣-١-٢٠١٦ هەولێر
ڕۆژی ٣-١-٢٠١٦ لەشاری هەولێر پارێزەر (ناز سلێمان یەعقوب) لەشاری هەولێر دەڕفێنرێت و تەرمەکەی بە سووتێنراوی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی دەدۆزرێتەوە.
بەپێی زانیاریەکان:
پارێزەر ناز سلێمان، پارێزەری یەکێک لەو کچانە بووە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن سیروان بارزانییەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەر. پێشتر سیروان بارزانی تەلەفۆنی بۆ ناز کردووە، کە لەو کەیسە بکشێتەوە. بەڵام ناز ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە. ڕۆژی (٣١/١٢/٢٠١٥) سیروان بارزانی ناز بانگدەکات بۆ نووسینگەکەی خۆی لە هەولێر؛ گێچەڵی پێدەکات، بەڵام بەناز دەیکات بە هەرا و بەڕاکردن لە دەستی هەڵدێت. ڕۆژی (٣/١/٢٠١٦) ناز دەڕفێنن و لە دوای دوو ڕۆژ “واتە ڕۆژی ٥ی هەمان مانگ” تەرمەکەی لە ناو سەیارەکەی خۆیدا بە سووتاوی دەدۆزرێتەوە.
٢١. ل.لوقمان
ناوی قوربانی: ل.لوقمان
تەمەن: ٨ساڵ
باوک: لوقمان ئیسماعیل
تاوان: دەستدرێژی سێکسی
تاوانبار: دووپیاوی نەناسراو
گومانلێکراو: ئازادکراون چونکە بەرپرسن لە پارتی
بەرواری تاوان: ٤-٣-٢٠١٩
ل. لوقمان، لە تەمەنی ٨ ساڵیدا کە ئەوکات دانیشتووی شاری هەولێر بوون، لە ٤/٣/٢٠١٩ لەلایەن دوو پیاوەوە و بە هاوکاریی دوو ژن دەستدرێژیی کرابووەسەر، تۆمەتبارەکان لە ١٤/٤/٢٠١٩ دەستگیرکران و لە بنکەی پۆلیسی ڕاستی دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، بەڵام لە ١٧/٦/٢٠١٩ ئازادکران. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و بوون بە ڕۆژەڤی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوای چەند مانگێک بە وتەی بەرپرسانی هەولێر دەستگیریان کردوونەتەوە.
لوقمان ئیسماعیل، باوكی ئەو کچە هەر ئەو کاتە ڕایگەیاند: وێڕای ئەو تاوانە بەرامبەر خۆی و کچەکەی، بەرپرسێکی پارتی و بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر کە سەر بە پارتییە، بە تۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵایان لە دژی تۆمارکردووە، ئەویش هەولێری زێدی خۆی جێهێشت و ڕووی کردە شاری سلێمانی.
هەرێم رەفعەت پارێزەری”ل”ی کچی لوقمان ئیسماعیل دەڵێت: ئەو كەسانەی لەسەر سنووری هەولێردا هەڕەشیان لێكردووە بەرپرسی حكومین و دەسەڵاتیان هەیە.
لە دوای دەستگیرکردنەوەی تۆمەتبارانی ئەو تاوانە، دادگای هەولێر بە بیانووی نەبوونی بەڵگە، سەرجەم تۆمەتبارانی ئازاد کرد.
٢٢. ناوی قوربانی: ئیمان سامی
ناسراو بە ماریا سام
تەمەن: ٢٠ساڵ
تاوان: کوشتن
تاوانبار: براکەی
بەرواری تاوان: ٧-٣-٢٠٢٠ هەولێر
تەنها یەک ڕۆژ پێش ٨ی مارس “ڕۆژی جیهانیی ژنان” ماریا سامی تەمەن ٢٠ ساڵ “٢٠٢٠”، لەسەر یەکێک لە شەقامەکانی شاری هەولێر بە کوژراوی دۆزرایەوە. لە کەیسەکەیدا دەرکەوت مامی پاڵنەری کوشتنەکە بووە و براکەشی “ئەنجام سامی لەدایکبووی ٢٠٠٤” ئەنجامدەری تاوانەکە بوو.
ڕۆژێک لە دوای کوشتنەکە ئەگەرچی تاوانبار هێشتا دەستگیرنەکرابوو، لە دەزگای میدیای پارتی – وەک میدیای زمانحاڵی سەرۆک وەزیران دەناسرێ”، گفتوگۆ لەگەڵ تاوانباردا دەکرێت. ڕێگەی پێدەدرێت زۆر بە ڕاشکاوی باسی تاوانەکەی و شێوازی کوشتنی ئیمان سامی خوشکی بکات.
تەواوی لێدوانەکەی بکوژی ئیمان سامی لە ڕێگەی میدیای پارتی و زمانحاڵی سەرۆک وەزیران دەتوانی بزانیت!!!
٢٣. جیهان تەها
ناوی قوربانی: جیهان تەها
پیشە: مامۆستا
شێوەی تاوان: سووتاندن
شوێن: رێگەی بلە و بارزان
تاوانبار دیارنییە
بەروار: ٢٦-١٠-٢٠٢٣
لە ٢٦/١٠/٢٠٢٣، مامۆستا جیهان لە هەولێر دەڕفێنرێت و لە دەڤەری بارزان تیرۆردەکرێت، خۆی و ئۆتۆمبێلەکەی دەسووتێنرێن .
ئەم ڕووداوە هەر زوو کاردانەوەی گەورەی جەماوەری بەدوای خۆیدا هێنا و خێزانەکەشی دوای ماوەیەک لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە بەڕەسمی حکومەتی هەرێمیان تۆمەتبارکرد بە تیرۆرکردنی کچەکەیان. لەبەر ئەوەی بەئاشکرا لەبەرنامی تیڤی رەخنەی لە حکومەت گرتبوو لەسەر نەدانی مووچە بە مامۆستایان.
جیهان تەها مامۆستایەکی وانەبێژ بوو، لە سەرەتاکانی مانگی نۆی ساڵی ٢٠٢٣ و لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی مامۆستایان و وانەبێژان لە هەولێر و سلێمانی، مامۆستا جیهان نوێنەرایەتی وانەبێژانی شاری هەولێری دەکرد و بەشداری چەندین خۆپێشاندان بووە. هاوکات لە سێ چاوپێکەوتنی میدیاییدا دەردەکەوێت و ڕەخنەی توند لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت.
ئهم مامۆستایه پێشتر چهندین جار ههڕهشهی كوشتنی لێ كرابوو. شهش كاتژمێر پێش گیانلەدەستدانی، له فهیسبووكی خۆیەوە نووسیویهتی: ڕێگام بهرهو مهرگه.. مهرگ بانگم دهكات”. هاوکات بەشێک لە هاوڕێکانی دەڵێن: مامۆستا جیهان پێی ڕاگەیاندبووین کە هەڕەشەی لێکراوە و دەکوژرێت.
بەپێی وتەی کەسوکارەکەی:
برای جیهان تەها “شاخەوان تەها” لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیەوە دەڵێت: سەرەتا پێمان وابوو ڕووداوەکە گوماناوییە و پەیوەندی بە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، هاوکات دەسەڵات کۆمەڵێک پڕوپاگەندەی هێنایە پیشەوە و سیناریۆی خۆکوشتنی بۆ بەلاڕێدابردنی ئێمە بڵاوکردەوە، بەڵام لەگەڵ بەدواداچوونی ئێمە وەک بنەماڵە و چووینە شوێنی ڕووداوەکە، بۆمان دەرکەوت لەسەدا سەد، کەیسی جیهان تەهای خوشکم تیرۆرێکی بەپیلانە.
کۆتایی