عادل عۆسمان
مانگی ئاب (تەباخ) کە مانگێکی گەرموگوڕ و دیرۆکیە لە مێژوی کوردا، بە مێژوی ژیانەوە ناسراوە. مێژوی نوێ نوسینەوەی مێژوی هەستانەوە و ژیانەوەیە، ئەو مێژوەیە کە لەدژی فاشیزمی قڕکەر یەکەمین فیشەکی تێدا تەقێنرا. ئەو فیشەکە تەقینێکی ئاسایی نەبوو لە چەکی شەڕڤان، سەرباز و ئەرتەشیەکەوە دەرچوبێت. تەقینی فیشەکێک بو کە دیرۆکی گەلێکی لەمردن ڕزگار کرد. مێژوی گەلێکی لە نکوڵی کردن دەرخست، زهنیەتی هەبوونی گەلێکی بە پراکتیک کرد و بەری ڕەنجی تێکۆشانێکی چەند دەیەیی نوێی لە خۆیدا گوزارشت کرد. ئەو مێژوە ژیانەوەی گەلێک بوو کە هیوایەکی بەژیان نەمابوو. لە گۆڕەپانێکدا تەقێنرا کە نوزەیەکی زۆر کەم بۆ ژیان مابوو. ئەو فیشەکە چەندە بەر زهنیەتی فاشیزمی تورکی نکوڵی کەر و سیستەمی دەوڵەت نەتەوە کەوتوە، ئەوەندەش بەر زهنیەتی خیانەت و بەکرێگیراوی ناوخۆیی کوردان کەوتوە. بۆیە هەنگاوی ١٥ی تەباخ ئەگەر ژیانەوەی گەلی کوردە لەبەرامبەر فاشیزمی تورکدا، ئەوا هەنگاوی لە گۆڕنانی هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوی ناوخۆیی کوردیشە. هەربۆیە شەڕیک لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردوە بە درەوشانەوە و پرشنگی ١٥ی تەباخەوە هەر ڕۆژە گەشەدارتر و بەردەوام تر دەبێت. زهنیەتی فاشیزم و خیانەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی ئاب (تەباخ)ی ژیانەوە نەدرەوشێتەوە و لێشاوەکەی فاشیزم و بەکرێگیراوی نەسوتێنێ و نەبات. لە ئابدا هەر ڕۆژە و هەرساتە خیانەتێک دەکات. بۆئەوەی لە زهنیەتی تاک و کۆمەڵگەدا، ئاب وەک ڕۆژی ڕەش نیشان بدات! ڕاستینەی ئاب مێژوی ژیانەوە و شەڕی ڕزگاری و ئازادی گەلی کوردە. هەربۆیە دەیانەوێت لە ناو ڕۆژی ڕەشی داگیرکاری و خیانەتدا بیشارنەوە. ئەرێنی کردن و ڕەوایەتی دان بە خیانەت لە شاردنەوەی تەباخی ژیانەوە و هەستانەوەی گەلێکدایە، نەک لە شەڕ و خیانەتی خیانەتکاران لە مانگی ئاب و ڕۆژەکانیدا. پێویستە ئاب بکرێتە ئەو مانگەی کە ڕوی خیانەتکارانی تێدا ڕەش بکرێت و بەردەوامی ئابی ژیانەوە و هەستانەوە و گەشەدارکردنی ئەو ١٥ی تەباخە بێت. ئاب مانگێکە لە کات و ساتدا ناتوانێت لەدەرەوەی پراکتیکی ئەرێنی و نەرێنی مرۆڤ خۆی گوزارشت بکات. بۆیە ئەو گوزارشتەی کە پێویستە لە مانگی ئاب بکرێت بەڕۆحی ١٥ی تەباخەوەیە، نەک بەو گەمارۆیەی کە هێڵی خیانەت لەسەر مانگی ئاب و ١٥ ی ئاب دایناوە. ١٥ی ئاب ڕۆحی بە خاوەن دەرکەوتنی شەهیدانە لە ژیاندنەوەی گەلی کورد و تێکۆشانە ئازادەکەی و لەناوبردنی زهنیەتی فاشیزم و هێڵی خیانەت. هەربۆیە مانگی ئاب مانگی ڕێگری لە خیانەت و گەشکردنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردە و بە خیانەت ناشاردرێتەوە!
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی