ئا:ئازا پرێس
هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە گەیشتۆتە ئاستێک رۆژانە قوربانی لە هاوڵاتیانی مەدەنی هەیە، تەنها لەماوەی چەند رۆژی رابردوو ١٠ کەس شەهیدبوونە کە لەناویندا منداڵیش هەیە.
هەرسێ مامۆستای ئاینی عومەر شارستێنی و تاهیر کەلەباشی و هاوار شافیعی، لەگەڵ ئەوەی ئەو هێرشانە بەئاشکرا ریسواو شەرمەزار دەکەن، هەمانکات بانگەوازی لە خەڵک و کەسایەتی و بەرپرسانی هەرێمیش دەکەن کە چیتر رێگە نەدەن خوێنی هاوڵاتی کورد وا بەسووک و ئاسانی بەفیڕۆ بڕوات. رەخنەی توندیش لە بێ هەڵوێستی دەسەڵئتدارانی هەرێم و عێراق دەگرن.
مامۆستای ئاینی عومەر شارستێنی، لەکاتی بەخاکسپاردنی تەرمی هەرسێ شەهیدەکە (موزەفەر حسێن و کوڕەکانی مەحمەد و موبین، لە گۆڕستانی حاجیاوەی دەڤەری راپەڕین، بەدڵێکی پڕ لە غەم و پەژارەوە، لەلایەکیتریش بە هەڵوێستێکی ئیسلامی نیشتیمانپەروەرانەوە وتار دەدا و دەڵێت:
نشتیمانمان سەروەری لێسەندراوەتەوە و ڕۆژانە دەیبیستین کە درۆن هاوڵاتیانمان دەکاتە ئامانج، ئەو کەسانە هەرکێ و هەر لایەنێکبن، پێویستە بەرپرسانمان لە سەروەری و سنووری خۆیان بپرسنەوە.
لە درێژەی وتارەکەیدا مامۆستا عومەر دەڵێت: هەتا کەی دەبێت ئاوا داگیرکەران، خوێنڕێژان و کاسەلێسەکانیان بەم جۆرە بەتەسفیەی حیسابی خۆیان، هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا بکەن. زۆر گلەییمان لە دەسەڵاتدارانی خۆمان هەیە، چۆن دەبێت ئاوا ئێمە ڕادەست بکەن، بۆ ئەوەی ڕەشەکوژمان بکەن، بمان سووتێنن و کۆمەڵکووژمان بکەن و هیچ کەسێکیش لیپرسیەنەوەیان لەگەڵدا نەکات؟
بە توڕەیی و رەخنە گرتنەوە بۆ کەوتنە قوڕگی یەکتری حیزبەکان بۆ هەڵبژاردن، مامۆستا عومەر قسەکانی زیاتر ئاراستەی حیزبەکان و بەرپرسانیان دەکات و دەڵێت: گرنگ نییە کە چەند کورسی دەهێنن لە پەرلەمان، گرنگ ئەوەیە تا کوێ خاکی خۆتت پێدەپارێزرێت، سەروەری خاک و نشتیمان و میللەتی خۆتت پێدەپارێرێت؟ ئێمە گلەیی ئەوە لە بەرپرسانمان ناکەین کە بۆچی سەردانی ماڵەکانمان ناکەن، گلەی ئەوەیان لێدەکەین کە نەهێڵن خوێنمان بڕێژرێت، سنوورمان ببەزێندرێت و ڕۆڵەکانمان بکەونە ژێر غەزەبی درۆنەوە.
لە کۆتای وتارەکەیدا مامۆستا عومەر هۆشداری لە خراپی دۆخەکەدەدا و رەخنەیەکیش لە خەڵکی ناوچەکە دەکات بەتایبەت پیاوە ماقوڵان و کەسایەتیە دیارەکان و بەرپرس و نوێنەرانی حکومی و حیزبی لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: دەستی چەپەڵی دوژمن ئەمە یەکەم هیوا و ئاواتمان نیە لە گۆڕی دەنێت و ئاخرینیشیان نابێت. ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بێت، ئاڵۆزی و کێشەی ناوخۆی زۆر ترسناکە، شەڕە بەرژەوەندی و شەڕە حزبى ماڵی ئێمەی کاول و وێران کردوە. ریش سپیان و پیاوە ماقوڵانی هەرێمەکەش بۆچی نەهاتوون بۆسەر گۆڕستان، دەیانەوێ لەمە خراپتربێ؟
لە درێژەی کاردانەوەکانی مامۆستایانی ئاینی نشتیمانپەروەر و خاوەن هەڵوێست، مامۆستا تاهیر کەلەباشی کە بە هەڵوێستە نشتیمانی و دژایەتی گەندەڵی دەناسرێت، لە وتارێکدا کە لە پەڕەی فەرمی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوەو دەڵێت:
نەفرەت لە ئەردۆغان، نەفرەت لە تورکیایی خۆپەرست، نەفرەت لەو جاشە کوردانەی کەوا بوونە جاشی تورکیا و زانیاری هەواڵگریان دەدەنێ. ئێستا وای لێهاتووە هەموو کەسێک لەخۆی بترسێت کە ئۆتۆمبێلەکەت چوو بۆ شارێکی تر شتێکی بە بنیەوە نەکەن و درۆنێکی تورکی شۆڤێنی نەیە و نەیسوتێنی و نەیکاتە قەرەبرووت. هەروەکو ئەو ٣ کەسەی لە خەلەکان بەرکەوتن کە خەڵکی حاجیاوان، درۆنی تورکی هەر سێکیانی کردە قەرەبرووت.
مامۆستا تاهیر بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەک دەڵێت: دوو منداڵی ١٤ و ١٥ ساڵانن، مامۆستا عومەر شارستێنی خزمی هەموو لایەکمانە، لێم پرسی وتی ئەم دوو منداڵە دراوسێی منن، خۆیندکاری مزگەوتبوون و خوێندکاری قورئانن بوون، تەنیا ئەوە مابوو مۆڵەتی خولەکەیان بدەینێ. باوکیان (موزەفەر حسێن) پیاوێکی خێرخواز بووە، کاکە تۆ درۆنێک هەڵدەستێنی بەچی حەقێک ٣ کەسی ماڵێک، دوو منداڵ و باوکێک دەکەیتە قەرەبرووت!!
مامۆستا تاهیر ئاماژە بە کۆمەڵکوژیەکەی ناحیەیی زەلانی شارباژێڕیش دەکات و دەڵێت: هەر دوێنی لە زەلانی ناوچەی شارباژێر درۆنێکی تری شۆڤێنی تورک، هەستاوە ٣ کەسی تری کوشتووە. شوفێری ئۆتۆمبێلەکە گەورەی خێزانەک بووەو حەوت خوشکی هەبووە، خاوەن پێنج شەش منداڵیش بووە، هەر لەوێ گیانی لە دەستداوە. داونی تریان نەخۆش بوونە لە نەخۆشخانە گەڕاونەتەوە. کاکە ئەمانە تیرۆرستی چین؟ کاکە ئەمانە هاوڵاتی ئەم وڵاتەن.
سەبارەت سیخوڕ و بەکرێگیراوەکانیش مامۆستا تاهیر دەڵێت: ئینجا جاشە خۆفرۆشەکانی تورکی خۆپەرەست، نەفرەت لە ئەردۆگان بێت. ئەو ئەردۆغانەی کە فێل دەکات، بەس ئەوەی بۆ کوردی بەکاردێنێ بینایە بە ئیسرائیلەوە لە غەززە، ئێستا ئاڵایی سەرکەوتنی هەڵکردبوو.
بە توڕەیەوە مەلا تاهیر لە سەر هەڵوێستەکەی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: بۆ درۆ لەگەل میللەتەکەت، بۆ درۆ لەگەل دینەکەت دەکەی، خوا شەرمەزارتان بکات. ئاخر تورکی خۆپەرست وەڵاتەکە هین خۆت نییە، تۆ لە مەنگۆلیاوە هاتوویی! کوردستان خاک و لانەی زێدی باوک و باپیرمانە، ئێمە لەم خاکە بووین، تورک هین مەنگۆلیایە، کاتی خۆی هاتووە بۆ ئێرە.
سەبارەت بە تێکدانی ژینگەی کوردستان و دزینی دارەکانیشی، مەلا تاهیر دەڵێت: سەیربکە ئەو تورکیایە کە دێت دار دەبڕێتەوە، چ سەیرە تورک دێ و دارەکانمان دەبڕێتەوە، دار و بەردەکەی بۆ خۆی دەبات.
توڕەی مامۆستا لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم زیاتر هەیە و دەڵێت: لەوە شۆڤێنیتی تر نەفرەت لەو کەس و دەسەڵاتدارانەی کوردستانیش کە بێدەنگی هەڵدەبژێرن و لە ژێرەوە رەنگبێت رێنمایان بکەن. نەفرەت لەو حکومەتە، نەفرەت لەو دەسەڵاتدارە، نەفرەت لەو حکومەتەیی لەسەر خوێنی میللەتەکەی بە جواب نایە.
مامۆستا تاهیر لەسەر دوژمنایەتی تورکیا و هەڵوێستی حکومەتی عێراقی رابردوو نمونەیەک دێنێتەوە و دەڵێت: دەڵێن ئەسپێک لە ناوچەیی دهۆکەوە، چووەتە سەنگەرێکی تورکەکانەوە، هەر ئەو شەوە سەربازە تورکەکان ئەسپەکەیان کوشتوە!! بۆ بەیانی فرۆکەی عێراقی هەستاوە، هەموو سەنگەرەکانی سوپای تورکیایی بۆمباران کردەوە، وتویانە چۆن ئێوە زاتی ئەوە دەکەن ئەسپێکی عێراقی بکوژن بەبێ تاوان. ئێستا برۆ ٤٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لەسەر سنووری هەرێمەوە تورکیا داگیری کردووە و داری دارستانەکانیش بۆ خۆی دەبات.
لە سەر بێ هەڵوێستی حکومەت هەرێم و گەندەڵیەکانیان، مامۆستا تاهیر بە زمانێکی رەخنەگرانەوە دەڵێت: حکومەت هەی شەرمەزاری بیت، ئەوانە دێن دەچی فەرشی سووریان بۆ رادەخەیی. ئەی باشە ئەو هەموو گەنج و منداڵە لەم وەڵاتەدا دەکوژرێ بۆ هەڵوێستت نییە؟؟ لەشکرێک لە هێزی چەکدارت بونیادناوە و کردووتە بندیوار، فرۆکەت هەیە بەلەمت هەیە، ئەسپی ٣٠ دەفتەری دەکڕن بۆ منداڵەکانتان، کۆشک و تەلار لە ئەوروپا دەکڕن!! بۆچی ٤ مووشەکت نەکڕی تاکو ٤ درۆن بەردەیتە خوارەوە، هەی شەرمەزاربن. ئێوە لەوانەشە لە ژێرەوە رێنمایان بکەن، خوا ئەو حکومەتە بگری کەوا لەگەڵ دینی خۆی و لەگەڵ میللەتەکی راستگۆ نییە.
لە درێژەی کاردانەوەکان، مامۆستا مەلا هاوار شافیعی، مامۆستای ئاینی و خاوەنی دکتۆرا لە تەفسیری قورئان، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی نوور لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان. لە وتاری رۆژی هەینیدا، لەگەڵ ئەوەی زۆر بەتوندی هێرشەکانی تورکیا شەرمەزار دەکات، هەمانکات لەسەر بێ هەڵوێستی مامۆستایانیتریش رەخنە دەکات و داوای هەڵوێستیان لێ دەکات و دەڵێت:
کوشتنی خەڵکی بێتاوانی کورد لە کوردستاندا، ئەوەندە بێ نرخ بووە، مەلاکانی خۆمانیش بە دەنگ نایەن. خیانەتە بەرانبەر خەباتی چەند ساڵەی گەلەکەمان، ئەگەر باسی کوشتاری بەناهەقی ئەم گەلە نەکەین، ئەی دەبێ چیبکەین.
مەلا هاوار لە وتارەکەیدا وتی: ئەو مەلایانەی لە هەینیەکاندا دەچنە سەر مینبەری پێغەمبەری خودا، دەبێت وەک ئەو بن، غیرەتیان وەک ئەو بێت، گەیاندنی حەقیان و دڵسۆزییان بۆ مرۆڤایەتی و وەڵامدانەوەیان بۆ زوڵم و ستەم، وەک پێغەمبەری خودا بێت. دەنا خیانەتە لە مینبەر دەیکەن، وتاربێژانی ئەمڕۆ لەم هەینیەدا ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا نەکەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان خیانەتە.
وتیشی: کوشتنی خەڵکی بێتاوانی کورد لە کوردستاندا ئەوەندە بێ نرخ بووە، مەلاکانی خۆمانیش بە دەنگ نایەن، خیانەتە بەرانبەر خەباتی چەند ساڵەی گەلەکەمان، ئەگەر باسی کوشتاری بەناهەقی ئەم گەلە نەکەین، زۆر شەرمە مامۆستایانی ئاینی پێیان وابێت، کە کورد بکوژرێت و ببڕدرێت و بسووتێنرێت هەقە. شەرم و خیانەتە فرمێسک بۆ جیهان بڕێژین و فرمێسک بۆ گەلە چەوساوەکەی خۆمان نەڕێژین، هەروەها شەرمەزاریشە کە حکومەتی عێراق و هەرێم بێدەنگن لەبەرانبەر ئەم کوشتارەی کە دەوڵەتی تورکیا لەسەر گەلە ستەملێکراوەکەمان بەڕێوەی دەبات.
جێگەی ئاماژەیە حیزبە ئیسلامیە ئیخوانییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی بێ هەڵوێستن، هەمانکات بەردەوام لە باوەشی حەقان فیدان و کۆنسوڵی هەولێر و بەغدا و زەکەریای هوداپارچی دان لە هەولێر. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانیشە ئیخوانییەکان، تاوانی هێرشەکانیش دەخەنە ئەستۆی شۆڕشگێڕانی کوردستان. لەبەر ترسنۆکی و بێ هەڵوێستی و دوورکەوتنەوەیان لە حەقیقەت و راستینەی ئیسلامدا لە ئێستادا بوونەتە دەسکەلای سوپا و میتی تورکیا.