ئازا پرێس
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، رۆژی ٣١ی ئابی ٢٠٢٤ لە پیرمام، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە مەلایانی حیزبەکەی کردووە. ئەنجامی کۆبوونەوەکە لە دوێنێکەوە لە ماڵپەڕ و پەیجە ئەلکترۆنیەکان بڵاو کراوەتەوە. لەسەر زمانی مامۆستایەکی ئاینی بە ویژدان کە لەکۆبوونەوەکە بەشدار بووە، سەبارەت بە هێرش و پەلامار و داگیرکەریەکانی تورکیا لە سنووری بادینان، زانیاری نوێ لەسەر زمانی مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکات.
لە بەشێک لە قسەکانی مەسعود بارزانی سەبارەت بە سەردەمی ئاگربەست و گفتوگۆی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا کە لە ئەنجامی دەستپێشخەری نەورۆزی ٢٠١٣ سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان دەستی پێکرد، مەسعود بارزانی گۆڕانکاری لە هاوسەرۆکایەتی کەجەکە لە موراد قەرەیلانەوە بۆ جەمیل بایک، دەکاتە بیانوی دەستپێکردنەوەی شەڕ.
لە بەشێکیتری قسەکانی سەرۆکی پارتی، لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی سوپای تورکیا، لە بادینان و بەرفروان بوونی هێرشەکانی، وەک سوپایەکی داگیرکەر لە هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی سەرەڕای ئەوەی ئەو هێرشانە وەک داگیرکەری لەسەر خاکی کوردستان نابینێ، هەمانکات دانی پیادەنێ کە ئەو رێگەی لەبەردەم، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا کردۆتەوەو دەڵێت: ( ڕێگام بۆ تورکیا کردیتەوە هەرچی دەکات با بیکات دژی پەکەکە).
سەرۆکی پارتی، ئەو هێرشانەی سوپای تورکیا، پەیوەست دەکات بە هەندێک جموجۆڵی رۆژانەیی گەریلاکانی پەکەکە و دەڵێت: ئێستاش پەکەکە واز ناهێنێت و دەیویست لەناوچەی دهۆک و ئامێدی سەیتەرات و بنکەو بارەگا دابنێت، بەگوێمان ناکات و ناچارین، رێگە لەبەردەم سوپای تورکیا بکەینەوە.
واتا مەسعود بارزانی پێی باشە قەرەقۆڵ و بنکەی سەربازی سوپای داگیرکەری تورکیا هەبێ، نەوەک هێزێکی کوردستانی. دیسان لەگەڵ ئاشکرا بوونی ئەو قسانەی مەسعود بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا، ئیدی چیتر سەرۆکایەتی پارتی ناتوانن بڵێن، هۆکاری هاتنی سوپای تورکیا پەکەکەیە، بەڵکو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، خۆی بە ئاشکرا و بەڕوونی دەڵێت، من هێناومن، واتا ئەوان لەهەموو جموجۆڵێکی سوپای تورکیا ئاگادارن لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم چەند ساڵەی داویی.