هەژار کاکەیی
هەرگیز پێمخۆش نەبووە باسی هیچ کەیسێک بکەم کە خۆم تێیدا پارێزەر بوومە . چونکە ئەنجامەکە هەرچیەک بێت ئەوە پارێزەر ئەرکی خۆی بەجێ گەیاندووەو هیچ منەتی تێدا نیە . بەڵام بۆ کەیسی دەنیز جودت کە ئەندامی کەنەکە بوو لە لایەن دەزگای هەواڵگری تورکی لەناو شاری هەولێر بە ڕۆژی ڕووناک تیرۆر کرا بە پێویستم زانی ئەو بابەتە بڵاوبکەمەوە .
نزیک ساڵێک دەبێت وەک تیمی پارێزەران (ئاسۆ هاشم و کرێکار ئەمین و هەژار کاکەیی)سەرقالی ئەو دۆسیەین لە یەکەم ڕۆژی کارکردنمان هەرگیز نەمان ویستووە ئەو کەیسە وەک بابەتێکی ڕاگەیاندن بەکار بێنین و کەمترین زانیاریمان درکاندووە بۆ ڕاگەیاندن و تەنانەت هەڤاڵ و هاوبیرەکانی خودی شەهید دەنیزیش ئەویش لە پێناو ئەوەی کەیسەکە لە ڕێڕەوی یاسایی خۆی لانەدات تا گەیشتن بە ئەنجام چونکە زۆر کەیسی تر هەبوو بۆ موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی کەسی بەکارهێنراو ئەنجامەکەی زۆر بە خراپی شکایەوە . بۆیە زۆر پیشەییانە و یاساییانە مامەلەمان لەگەل دۆسیەکەدا کرد .
ئەمڕۆ دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر دۆسیەکەی یەکلاکردەوە بە سزادانی هەردوو تۆمەتبار (ج س)و(ن ع) بە سزای هەتاهەتایی بە پێی مادەی دوو لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان . هەرچەندە وەک تیمی پارێزەران تانە لە بڕیاری دادگا دەدەین لە دادگای تمیز چونکە پێمان وایە ئەو سزایە دەبێت قورستر بێت و بگۆردرێت بۆ سزای لە سێدارەدان چونکە بە پێی دەقی مادەی دوو لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە تاوانبارانی پێ سزادراوە دەبێت سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەربچێت .
بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو دۆسیە بە ڕێڕەوێکی یاسایی دروست تێپەڕی سەبارەت بەو دوو تاوانبارە لە قۆناغی لێکۆلینەوە تا دەرچوونی بڕیاری دادگا .
گرنگتر لەوە ئەو دۆسیە بریتی نەبوو لە دادگاییکردنی دوو تاوانبار بەڵکو بریتی بوو لە دادگاییکردنی دوو جاسوس دوو بەکرێگیراو کە کاری زۆریان بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا کردبوو تەنانەت باندی سیخوڕیکردنیان لە تەواوی شارەکانی هەرێم دروست کردبوو بە پێی دانپێدانی خۆیان لە دادگا و ئەو دیکۆمێنت بەڵگانەی دەستی بەسەرداگیرابوو هاوپێچی دۆسیەکە کرابوو . بۆیە دەبێت هەموو جاسوس و سیخوڕێک و بە کرێگیراوێک ئەوە بزانێت هەرکاتێک لێی قەوما کەس خۆی ناکات بە خاوەنی بەڵکو دوای ئاشکرابوونی کە جاسوسە ئیتر ئەو لایەنەی جاسوسی بۆ کردووە کاری پێی نامێنێت و تەنانەت خۆشی ناکات بە خاوەنی و کەسی جاسوسیش دەبێت تەواوی ژیانی لە زیندان بمێنێتەوە .
ئەوەی لەو دۆسیە جێی تێڕامان بوو ئەندامانی پەڕلەمانی تورکیا لەسەر فراکسیۆنی هەدەپ بوو کە لە هەر دانیشتنێک یەک یان دوو ئەندامی فراکسیۆنی هەدەپ بە تایبەت هاوشانی ماڵباتی شەهید دەنیز ئامادە دەبوون لە دادگا. بەڕاستی ئەو خاوەندارێتیە گرنگە و ئەو هەستەی نیشان دەدا کە ئەندامانی فراکسیۆنی هەدەپ چەند جدین بۆ بەرگریکردن لە خەڵکەکەیان .
پشوو درێژی ماڵباتی شەهید دەنیز لەو کەیسە جێگای افتخار بوو دایک و باوک و براو ئەندامانی خێزان بێ دوو دڵی و سەرەڕای بوونی چەندین کۆسپ و دووری ڕێگاو تەمەن زۆری دایک و باوکی شەهید دەنیز بەڵام بەردەوام لە دادگا ئامادە دەبوون تەنانەت زۆرجار ئەو ڕێگا دوورەیان لە جۆلەمێرگەوە دەبڕی و دەهاتن کەچی دادبینیەکە دوادەخرا بەڵام ئەوان سور بوون لەسەر بەرگریکردن لە خوێنی ڕۆڵەکەیان و کۆڵیان نەدا .
کەنەکە پاڵپشتێکی باشی دۆسیەکە بوو ئەندام و هەڤالەکانی شەهید دەنیز لە زۆربەی شارەکانەوە لە کاتی دادگاییکردنەکان ئامادە دەبوون تەنانەت چەند شاندێکی بیانی ئامادەی دادگا بوون بۆ چاودێری دۆسیەکە .
لە کۆتاییدا هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی زانیاری کۆبکرێتەوە لەسەر تەواوی ئەو کەسانەی سیخوڕی بۆ تورکیا یان ئێران یان هەر شوێنێکی تر دەکەن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە .
سەبارەت بەو تۆمەتبارانەی تر کە ناویان هاتووە لە دۆسیەکە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە هیوادارین دەزگا ئەمنیەکان بە زووترین کات دەستگیریان بکەن و ئەوانیش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوەو بە سزایی خۆیان بگەن
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی