هاوژین زیبا
“ژن، ژیان، ئازادی” مانیفێستۆیەکی فەلسەفیی و کۆمەڵایەتییە کە لە ناخی مرۆڤایەتیدا ڕیشەی داکوتاوە. ئەم دروشمە، کە لە ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورددا سەرچاوەی گرتووە، زیاتر لە کۆمەڵێک وشەی سادە، بریتییە لە چەمکێکی قووڵ کە پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو. لە ڕووانگەیەکی فەلسەفییەوە، ئەم دروشمە پرسیاری بنەڕەتی سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و پەیوەندییە مرۆییەکان دەورووژێنێت.
“ژن” لێرەدا تەنها ئاماژە بە ڕەگەزێک ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی نیوەی مرۆڤایەتیی دەکات کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە مێژوودا پەراوێز خراون. ئەمە بانگەوازێکە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و یاساییەکان لەسەر بنەمای یەکسانیی و دادپەروەریی.
“ژیان” مانایەکی قووڵتری هەیە لە تەنها بوونی بایۆلۆژیی. ئەمە بانگەشەیەکە بۆ ژیانێکی پڕ مانا، ژیانێک کە تێیدا هەر تاکێک دەرفەتی گەشەسەندن و خۆدۆزینەوەی هەبێت. ژیانێک کە شایستەی مرۆڤی هاوچەرخ بێت و ڕێز لە بەهای “بوون” بگرێت.
“ئازادی” لێرەدا چەمکێکی فرە ڕەهەندە کە هەم ئازادیی تاک و هەم ئازادیی کۆمەڵگا لە خۆ دەگرێت.
ئەم دروشمە لە ڕاستیدا پرسیارێکی فەلسەفی قووڵ دەورووژێنێت: ئایا چۆن دەتوانین کۆمەڵگایەک دروست بکەین کە تێیدا هەموو تاکێک، بە بێ جیاوازی ڕەگەز، بتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد و پڕ مانا بژی؟
عەبدوڵا ئۆجەلان، لە فەلسەفەی شیکاریی و چارەسازیی خۆیدا جەخت لەسەر ئەم پرسیارە دەکاتەوە و ئازادیی ژنان وەک پێش مەرجی ئازادیی کۆمەڵگا دەبینێت.
ئۆجەلان لە تیۆرییەکانیدا باس لە گرنگی ڕۆڵی ژنان لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیی و ئازاددا دەکات. بە بۆچوونی ئەو، ئازادکردنی ژنان لە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکان، کلیلی سەرەکییە بۆ ئازادکردنی کۆمەڵگا بە گشتیی. ئەم بیرۆکەیە بە ڕوونی لە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا ڕەنگی داوەتەوە کە هەر ئەو داهێنەریەتی.
هەروەها، ئۆجەلان جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان ئازادیی و ژیانێکی پڕ مانا دەکاتەوە. بە بۆچوونی ئەو، ئازادی تەنها نەبوونی کۆت و بەند نییە، بەڵکو توانای دروستکردن و بەدیهێنانی ئەو ژیانەیە کە مرۆڤ خۆی دەیەوێت. لەم ڕووانگەیەوە، “ژن، ژیان، ئازادیی” بانگەوازێکە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە تێیدا هەر تاکێک، لەوانە ژنان، دەرفەتی دروستکردن و داڕشتنەوەی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان هەبێت.
سەرەڕای ئەوەی کە کورد وەک نەتەوەیەک دابەشکراوە و لە ڕووی سیاسییەوە هێشتا یەکنەگرتوو و پەرتەوازەیە،
جیاوازییەکان لە بواری زمان، نووسین، کولتوور..هتد، ئەم دروشمە توانیویەتی کۆدەنگییەکی باش لە ناو هەمووماندا دا دروستبکات.
کورد خۆی بە خاوەنی دروشمی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەزانێت و شانازی پێوە دەکات. لەم رێگایەوە داوای دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی دەسەڵات، پەیوەندی و مرۆڤایەتیی دەکات.
گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم دروشمە، سەرەڕای ڕەگ و ڕیشە کوردییەکەی، بووەتە دروشمێکی جیهانی و مرۆیی. لە ڕاستیدا، زۆربەی مرۆڤایەتیی لەگەڵیدا هاوڕان، چونکە پەیامێکی گشتگیر و مرۆیی هەیە کە باس لە ئازادیی ژن و ژیانێکی باشتر بۆ هەموو مرۆڤایەتیی دەکات.
بەڵام نەیارانی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە گەلێک لاوە هەوڵ دەدەن ئەم دروشمە بێ بایەخ بکەن یان بیکەن بە هی خۆیان یان ڕووخسارێکی گشتیی پێ بدەن. بۆ نموونە هەوڵێکی زۆر لە ناو ناسیۆنالیزمی فراوانخوازی و کۆنەپەرستی فارس و ئێراندا بۆ بە گشتیکردن و ساکارکردنەوەی ئەم دروشمە لە ئارادایە. هەر وەک چۆن لە ناوخۆی کوردستانیشدا هەوڵێکی زۆر بۆ خۆگێلکردن لە سەرچاوە و لە تێڕووانینی فەلسەفیی و سیاسیی ئەم تیۆرییە سیاسیەدایە هەیە.
وەکو کەسایەتیەکی سەربەخۆ دەزانم کە هەوڵدان بۆ شاردنەوە و پەنهان کردنی سەرچاوەی ئەم بیر و فەلسەفەیە زیان بە پێشکەوتنی شارستانی و دۆزی کورد دەگەیەنێت.
ئەم دروشمە دەریدەخات سەرەڕای هەموو کێشە و دابەشبوونەکانی، کورد خاوەنی فەلسەفە و بیرۆکەیەکی پێشکەوتووە سەبارەت بە مافی ژنان و ئازادیی. ئەمەش توانایەکی گەورەیە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی جیهانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ و ئازادیی.
لە ساڵیادی سەری بەرزی ژینای نەمردا لە پایتەختی “کۆماری سێدارە” و هەموو کۆمارە داگیرکارەکانی تردا ئەم دروشمە زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە مێژوودا جێی خۆی دەگرێت و پێویستیەکی سەرەکی خەباتی ئازادیخوازییە.
ئەم وتارە راو و بۆچوونت نووسەر خۆیەتی