شیکاری: ئازا پرێس
لەوەتەی دەست بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن کراوە بە دزی، مەسرور بارزانیش هەموو رۆژێک لە هەرێمی ژێر دەستی خۆی، واتا لە هەولێر و دهۆک. زۆر بەتایبەتیش لە سنوری پارێزگای هەولێر، هەموو رۆژێک بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک دادەنێت! دیارە ترسی لێنیوشتوە هەولێری لێ بسەندرێتەوە!!!
دوێنێ ١٧ی ئەیلول لە هەموو رۆژەکان زیاتر بڕیاری دانانی پرۆژە دراوە، ئەویش بە گوێرەی راگەیاندنەکانی پارتی بڕیاردانبوو بۆ ١٤ پرۆژەی باخچەی ساوایان لە قەزای خەباتی هەولێر!! ئەو پرۆژانەی سەرۆکی ماوەبەسەرچوو لە دانان و کردنەوەی پرۆژە زیاتر، وەک شانۆگەریەکی کۆمیدیە، ئەرێ بەڕاست تا ئێستا لە خەبات چەند باخچەی ساوایان هەیە؟ دواتر چەند کەس لە خەبات منداڵی خۆی دەنێرێتە باخچەی ساوایان؟ ئەرێ بەڕاست قەزای خەبات کە یەکێکە لە هەژارترین و بێکارترین قەزای سنوری پارێزگای هەولێر، بە کردنەوەی ١٤ باخچەی ساوایان چی دەگۆڕێ بۆ خەڵکی ئەو قەزایە؟
مەسرور بارزانی لە ٢٠١٨ وە سەرۆک وەزیرانی هەرێمە، بەر لەویش ئامۆزای رکابەری نێچیرڤان بارزانی کە هەم زاوایەتی و هەم جێگری یەکەمی حیزبەکەیەتی لە ٢٠٠٥ وە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم بووە. باشە لە ٢٠٠٥وە تاکو ئەمڕۆ، ئەرێ مەسرور و ئامۆزاکەی ئەوەندە بڕیاریان لە پرۆژە داوە ؟ یان بەردی بناغەیان داناون؟ باشە ئەوە پرۆژەتان دانا، بەردی بناغەتان لێدا، پەردەتان لادا، ئەرێ ئێوە ئەو پارە لەکوێ دێنن بۆ دروست کردنی؟ باشە ئەی بۆچی تائێستا ئەو پارەتان خەرج ناکرد، ئەی باشە بۆ مووچەی مامۆستایانتان نادا؟ ئەگەر ئەو هەموو کارەت ئێستا پێدەکرێ، ئەرێ جەنابی سەرۆک وەزیری ماوە بەسەرچوو، بۆ تا ئێستا ئەو پرۆژانەت جێبەجێ نەدەکرد و ئەو پارەیەت خەرج نەدەکرد؟
دەبێ بۆ هەڵبژاردن هەندێک پڕوپاگەندە بۆ خۆتان بکەن، بەڵام لەو ئاستەدا دەبێتە درۆی شاخدار و لە خشتە بردنی خەڵک، وەک ئەوەی ئەو کۆمەڵگەیە مرۆڤێکی ژیری تیا نەبێ و نەزانێ تۆ بە ڕۆژی رووناک خەڵک فریودەدەی، گوایە ئەگەر ببمەوە بە سەرۆک وەزیران، ئەوا ئەو پرۆژانە هەمووی جێبەجێ دەکەم!
وەک چۆن لە شەش ساڵی رابردوو، هیچ پرۆژە و خزمەتێکت لە خەیاڵ و بەرنامەدا نەبوو، لە دوای هەڵبژاردنیش بەڵێنەکانت وەک بڵقی سەر ئاون. بۆیە تکایە ئەو چەند رۆژەی کە ماوتە بە سەدان پرۆژەیتری درۆین خۆت هەڵمەخەڵەتێنە، ئەگەرچی سەختە جارێکیتر ببیتەوە بە سەرۆک وەزیران! ئەگەر بشبیتەوە بە سەرۆک وەزیرانیش نەک ئەو هەموو پرۆژەیەت پێ جێبەجێ ناکرێ، بەڵکو تەنها سیناریۆیی فریودان و ترسە لە رکابەرەکانت.