ئازا پرێس
بەگوێرەی راپۆرتێک کە دوێنێ ١٨ی ئەیلول لەلایەن ئاژانسی هەواڵی مەعلومەی عێراقی بڵاوبۆتەوە، دیاری دەکات کە هێرشەکانی سوپای تورکیا لە سەر سنورەکان فرەوانبوونە و حکومەتی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگەش نەک رێگریان نەکردوە لەو دەستدرێژیانە، بەڵکو هاوکاریش بوونە. ئاژانسەکە بە پشتبەستن بەچەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژە بەوە دەکات کە چەندە هێرشەکان سەربازین، بەڵام لەوە زیاتر پەیامی سیاسیان هەیە، ئەوەش دەڵێت کە هێرشەکان بە ئاگاداری حکومەتی بەغدا و هەرێم ئەنجامدەدرێن.
درێژەی راپۆرتەکەی مەعلومە…
چەند ڕۆژێکە سوپای تورکیا هێرشێکی بەرفرەوانیان کردۆتە سەر سنوورەکانی عێراق و بەمەش دەستیان بەسەر چەندین گوندی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان گرتوە و بنکە و بارەگایی نوێیان لێ ئاواکردوەو و ڕێگا سەرەکیەکانیان داخستووه و بازگەی سەربازیان لێداناوەن. هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هێرشه ئاسمانییەکان بۆ سەرناوچەکانی باکوری پارێزگاکه بەبێ هیچ کاردانەوەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگه، بەگوێرەی سەرچاوەکانمان پێیان وایه، ئەوان خۆیان یەکێکن له هاوکارانی حکومەتی ئەنقەره.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەوان دەستیان هەبووە لە کردنەوەی سنوورەکان بەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا و چۆڵکردنی جادەکان بۆ دانانی بازگەکانیان و فرەوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان، ئەمەش لەدوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هاتووە کە ئەرکی پاسەوانی سنووری عێراقیان لەسەرە.
چاودێران پێیانوایە ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنانە پێش ئەوەی سەربازی و ئەمنی بێ سیاسییە. چونکە سەرۆکی تورکیا، هەوڵ دەدات ئەم ئۆپەراسیۆنانە، بخاتە خزمەت هاوسەنگی سیاسیەکانی وڵاتەکەی و لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکاندا بەکاربێنێت.
لەم بارەیەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بورهان ناسر ئەلنەمراوی رایگەیاندوە کە هێرشی سوپای تورکیا بۆ باکوری عێراق، بە هێرشێک بۆ سەر سەروەری عێراق وەسف دەکات و داوای له وەزارەتی دەرەوە کردوە هەنگاوی جدی بنێت بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانه، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
نەمراوی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی مەعلومە گوتی ” هێرشی هێزەکانی تورکیا بۆ ناوچەکانی باکوری عێراق هێرشکردنە سەر سەروەری عێراقە و پێویستە وەزارەتی دەرەوە، هەنگاوی جددی بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە بنێت.”
هەروەها دەشڵێت “ئەنجوومەنی نوێنەران ئیدانە و شەرمەزاری هێرشەکان بۆ سەر سەروەری عێراق دەکات و داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەکات هەنگاوی جددی بنێت و سکاڵا پێشکەش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، سەبارەت بە پەلاماردانی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی باکوری عێراق.”
لە درێژەی قسەکانیدا هاتووە: “ئەنجوومەنی نوێنەران دەستدرێژی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری عێراق ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتی دەزانێت و دەشڵێت “ئەنجوومەنی نوێنەران چاوەڕێی ئەو ڕێوشوێنانەیە کە وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری عێراق گرتوویەتییەبەر و بە هێرشێک بۆ سەر سەروەری عێراق وەسفی دەکات.”
لەلای خۆشیەوە پەرلەمانتار یاسر ئەسکەندەر لەپێناو کۆتای هاتن بە دەستدرێژەیەکانی تورکیا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات و دەڵێت”دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان ٤٥ کم تێپەڕاند، ئەمەش مایەی نیگەرانییە، بەتایبەتی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکان، بۆردومان و ئاوارەبوونی بەشێک لە خێزانەکان و لێکەوتی تری لێکەوتۆتەوەو کاریگەری لەسەر ناوچەیەکی زۆر داناوە، بە هۆکاری ئەو گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەیە بەشێوەیەکی گشتی.”
ڕاپۆرت و زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دەستدرێژیی ئێستای تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەولێر ئەنجامدەدرێن، بەتایبەتی لەگەڵ سەردانەکەی چەند مانگێک لەمەوبەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا.