عادل عوسمان
بەهۆی دەستبەسەردا گرتنی زیاتری زانستەوە، دۆخێکی نوێ لە جیهاندا هاتوەتە پێشەوە. بە تایبەت لە بواری شەڕ و بەڕێوەبردنی گۆڕەپانەکانی شەڕدا. شەڕ لە پێناوی چیدا دەکەن؟ جیهانی سەرمایەداری کە لەسەر قازانج، داگیرکاری و کەڵەکەی سەرمایە دامەزراوە، پێی ناوەتە قۆناغێکی هەرە مەترسیدارەوە، کە دەیەوێت لە ئەنجامی دەستگرتن بەسەر زانستدا ڕۆڵی مرۆڤ کەم بکاتەوە. ئەو زانستەی ئەمڕۆ پێشخراوە، زیاتر لە بواری شەڕ و چەکسازی و سایبێریدا بۆ تێکشکاندنی هێزی بەرامبەر بەکاردێت. چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی چونە ناو تۆڕەکانی حیزبوڵڵاوە سەلمێنرا کە شەڕەکان قۆناغێکی نوێ لە خۆ دەگرن و مرۆڤایەتیش لە ناو گێژاوێکی وێرانکەری قڕکەردایە. هەر بۆیە مرۆڤایەتی پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە و کۆمەڵگەکەی لە قازانجپەرستی و دەسەڵاتخوازی ڕزگار بکات. ئەگینا چارەنوسی لە دەستنیشان کردنەی ئەنیشتاین بەولاوەتر ناچێت، کاتێک وتی ئەگەر جەنگی جیهانی سێهەم هەڵگیرسێت، ئەوا دەبێت جەنگی جیهانی چوارەم بە تیروکەوان بکرێت.
ئیسرائیلیەکانیش بە حیزبوڵڵایان وت، ئەگەر شەڕ و هێرش بکەن، ئەوا دەتانگێڕینەوە بۆ سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست! لە ڕاستیدا ئەو شەڕە، شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا یان عەرەب ـ ئیسرائیل و دوو دەوڵەت بۆ هەردوولا نییە. بەڵکو شەڕی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و قەیرانەکانی ناوخۆیی و بەرامبەر بە کۆمەڵگەیە. سەرمایەداری بە ئاستی هێزێکی زانستی وێرانکەر گەیشتووە کە خۆی لێ بایی بووە و دەیەوێت تەواوی مرۆڤایەتی، ژینگە و گەردوون بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. بۆیە شەڕە ناوچەیی و دەوڵەتی و نێودەوڵەتی و نەتەوەیی و ئایینیەکان لەو چوارچێوەیەدایە.
مرۆڤایەتی دەبێت خۆی لە خەونی زانستی پۆزەتیڤ ڕزگار بکات و زانستی کۆمەڵایەتی، کە ڕێز لە بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە و ژینگە دەگرێت، بکاتە بنەمای زانستی ژیان کردن و خزمەتکردنی ژیانێکی بە کەرامەت. کە نەک هەر مرۆڤ نرخی هەبێت، بەڵکو بەهای هەرشت وەک خۆی بناسێت و بەکاربێنێت. ئەو کات زانست کوژەر نابێت و مرۆڤی بێویژدان دروست ناکات. ئەو مرۆڤەی لە پێناوی قازانج و سەرکەوتن بە سەر ئەوانیتردا بژی، نەک بێویژدان بەڵکو بێئەخلاق و لەناوبەریشە و هەموو شتەکان بۆ سەرکەوتنی باڵادەستی بەسەر ئەوانیتردا بەکاردێنێت. مرۆڤایەتی دەبێت ببێتە خاوەنی هۆشمەندیەک کە لەبری ڕق و کین، خۆشەویستی بەرهەم بێنێت. ناکرێت مشتێک کاربەدەست و دەسەڵاتخواز مرۆڤایەتی بۆ لێواری تیاچون ببەن بە ناوی دوژمنایەتیەکی دەستکرد و دروستکراوەوە. مرۆڤایەتی دەبێت لەسەر کرۆکە مێژوویی و کلتوریە کۆمەڵایەتیە هاوبەشیەکانی دابڕێژرێتەوە و بەڕێوەببرێت. ئەو دامودەزگایانەی هەیە بۆ خراپکاری بەکاردێت چونکە بۆ پاراستنی دەوڵەت دەسەڵات دامەزراون و پێناسە کراون.
کۆمەڵگەی دیموکرات واتای ڕەخنەگری لەو خراپکاریانەیە، کە لەسەر کاری هاوبەش، پێکەوەیی و هەرەوەزی دامەزراوە. ئەو کۆمەڵگەیە پێویستە بە ئاستی دامودەزگا و سیستەمی ژیانکردن بگەیەنرێت. هەر سیستەمێک ئەگەر بە ئاستی دامودەزگا نەگات، شانسی ژیانکردنی لاواز و کاتیە. بۆیە پێویستە مرۆڤە ئازادیخوازەکان، دیموکراتەکان، ووڵاتپارێزان، نیشتیمانپەروەران، ژینگەپارێزان، ژنان، گەنجان و تەواوی چین و توێژەکان بۆ قۆناغی نوێ بە بەرپرسیارەتیەوە ئامادە و لە گۆڕەپان بن. چارەسەری هەرە دروست بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە.
ئەم شەڕە و دەستگرتنە بەسەر زانستدا، کاریگەری نەرێنی لە شەڕ و تێکۆشانی ئازادی گەلانی ئازادیخواز و گەلی کوردیش دەکات. بۆیە پێویستە گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو بەرەو پێشچونانەدا هەرچی زیاتر هەستیار بێت و بە ئاستی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو بگات و دۆزەکەی بۆ سەربەخۆیی و ئازادی بۆ سەرکەوتن لە بەرچاوبگرێت و ڕۆڵی تاک بە تاکی ئەم گەلە لەو تێکۆشانەدا کاریگەری دەکات و پێویستی بە بنیاتنانی کەسێتی هوشیار و بە ئاگا هەیە.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی