ئا:ئازاپرێس
لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای پاســ.ـ.داران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە ناوچەی مەریوان ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵە بە ناوی رێبوار کەریمی گیانی لەدەستدا.
ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە رێبوار داسێران ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەڕووبەڕووبونەوەیەكدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژرا، بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆمەڵە لە (پیرانەکۆن) لە سەعاتی 3ی نیوەشەوەوە تاوەكو دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەڕ بەردەوام بووە.
ئەم رووداوە دوای رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان حکومەتی ئێران لەگەل هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دێت، کەوا لە ئازاری 2023 بۆ چەككردن و كەمپنشینكردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەسترابوو.
🔹 ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی گیانبەختکردنی هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان؛
هاوڕێیان و دڵسۆزانی کۆمەڵە؛
بە داخێکی زۆر گرانەوە ئەمڕۆ هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار داسێران، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامی لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانەکۆن دوای چەندین سەعات شەڕو خۆڕاگری گیانی ئازیزی بەختکرد. جێگەی ئاماژەیە لە سەعاتی ٣ی نیوەشەو تا ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ شەڕ بەردەوام بووەو ناوچەکە لە ژێر ئاگری تۆپ و خۆمپارەدایە.
دواتر لە ڕاگەیاندنەکانی دواییدا وردەکاریی زیاتر بە ئاگاداریی خەڵکی کوردستان ئەگەیەنین.
لێرەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزی و بە تایبەت دایە مریەم و هاوسەرەکەی، هاوڕێ بریتان حەبیبی و هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵە و خەڵکی تێکۆشەری دارسێران، مەریوان و کوردستان ئەکەین.
دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی
١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٤ زایینی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان