ئازا پرێس
سەربەست ئامێدی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە خولی رابردوو، سەبارەت بە دواکەوتنی بانگەشەی هەڵبژاردن و بە نافەرمی دەستپێکردنی پڕوپاگەندە لەلایەن هەندێک لە کاندیدەکانەوە رایدەگەێنێت؛
سەبارەت بە نافەرمی دەستپێکردنی بانگەشە لەلایەن هەندێک لە کاندیدەکانەوە، ئامێدی دەڵێت: ئێستا لەلایەن بەشێک لەکاندیدی لایەنە سیاسییەکانەوە پێشێلکاری و بانگەشەی پێشوەختە دەبینرێت، هەرچەندە ئەوە پێچەوانەی یاسا و ئەو ڕێنماییانەیە کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەریکردوون، دەبوو کۆمسیۆن هەندێک سزای بەسەر ئەو کاندیدانە بدایە، کەمێک درەنگە، بەدڵنیایی سزاکانیش هەتا توند بن باشترە بۆ ئەوەی ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە.
دەڵێت ئەو کاندیدانەی پێشوەختە بانگەشە دەکەن، پێویستە سزابدرێن؛ ئەگەر من ئێستا لە پۆستی سەرۆکی کۆمسیۆن بوومایە، ئیعازم دەدا بە ئۆفیسی پارێزگاکان کە بە زوویی ڕاپۆرتی پێشێلکاری ئەو کاندیدانەمان بۆ بنێرن و بیدەنە ئەو لیژنە باڵایەی کۆمسیۆن هەتا ئەوانیش وردبینی تێدا بکەن و دواتر بەرزی بکەنەوە بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران هەتا ئەنجومەنیش بەپێی ڕێنماییەکان سزای پێشێلکاری کاندیدەکانی دەربکردایە، دەبێت ئەو سزا یا بڕیارەش لە سایتی کۆمسیۆن بە ئاشکرا ڕابگەیەنرێت. سەبارەت دواکەوتنی بانگەشەی هەڵبژاردن کە بڕیاربوو ١٦ی ئەیلول دەستپێبکات، سەربەست ئامێدی لەوبارەیەوە دەڵێت: بەبۆچونی من دەستپێنەکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە 16ی مانگ بڕیارێکی عاقڵانەی کۆمسیۆنە، چونکە بەداخەوە لە نێوان حزبەکان زمانێکی زۆر توند و زبر و(خیداعی) هەیە، ترس هەیە ئەم زمانە زبرە ببێتە هۆی ئەوەی لە شوێنێکدا هاوشێوەی ساڵی 1994 لەسەر ئاڵایەک ببێتە شەڕ کە هەتا ئێستاش خەڵکی ئێمە بە شوێنەوارەکانیەوە دەناڵێنێ، بۆیە دواخستنی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر پەیوەندی نییە بە پەسەندکردنی ناو و لیستی کاندیدان چونکە هەڵبژاردنی پێشوو ئەو پرۆسەیە تەواو نەبوو و هەڵمەتی هەڵبژاردنیش دەستیپێکرد، بۆیە دواخستنی بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕیارێکی عاقڵانەی کۆمسیۆنە، لە هەمان کاتدا ترسە لە دروستبوونی توندوتیژی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان.