ڕزگار عومەر
جۆرە باڵندەیەك هەیە کە لە دوورترین ناوچەکانی ئەمریکای باشوورەوە کۆچ دەکەن بۆ ساردترین شوێنەکانی ئەمریکای باکوور. زانایان کە بە تامەزرۆییەوە بۆ تێگەیشتن لەم گەشتە سەرنجڕاکێشانە، زۆرجار گروپەکانی ئەم باڵندانە بە ئەڵقەی ئەلیکترۆنی لەسەر قاچەکانیان تاگ دەکەن، لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە بەدواداچوون بۆ کۆچەکانیان دەکەن. لەم ساڵانەی دواییدا، لە یەکێك لەو وەرزانەی کۆچکردندا، دیاردەیەکی پڕ لە کێشەیان بەدیکرد: لە کاتێکدا باڵندەکان گەیشتبوونە شوێنی مەبەست، زۆربەیان بە تەندروستییەکی خراپ و کەم کێش و بە ژمارەیەکی زۆر کەمتر گەیشتبوونە شوێنی مەبەست.
سەرەتا زانایان لە خەمی ئەوەبوون؛ لەو دیاردەیە تێبگەن و ڕوونی بکەنەوە. بەڵام ساڵی دواتر شتەکان ئاسایی بوون- باڵندەکان بە تەندروستییەکی باش و بەبێ ئاڵۆزیی گەیشتن، ئەمە زیاتر تامەزرۆیی زاناکانی ئەم بوارەی زیادکرد و پرسیاری چی ڕوویدا تۆختربوو، لەگەڵ شیکردنەوەی زیاتری داتا و وێنەکانی مانگی دەستکرد، ڕەگی کێشەکەیان ئاشکرا کرد. دوورگەیەك لە زەریادا کە ماوەیەکی زۆرە باڵندەکان وەک خاڵی پشوودان بەکاریان دەهێنا، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاو بەهۆی بوومەلەرزەیەکی ژێر دەریا دوورگەکە ژێرئاوکەوتبوو. بەبێ ئەم وێستگەی پشوودان وەستانە گرنگە، باڵندەکان ناچار بوون بەردەوام بن لە گەشتەکەیان. بەڵام ساڵی دواتر باڵندەکان خۆیان گونجاندبوو- ڕێڕەوی کۆچکردنیان گۆڕی و دوورگەیەکی دیکەیان دۆزیەوە کە سەدان کیلۆمەتر لە دوورییەوە بوو بۆ ئەوەی ببێتە وێستگەی پشوودانی نوێیان.
لە بەشێکی تری جیهان زانایانی ئەوروپی بۆیان دەرکەوت کە جۆرێکی دیاریکراوی ماسی لە وڵاتێکدا دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر کۆتر و کوکوختی باڵندەیتر کە لە نزیک کەناری ڕووبارەکە نزیك دەبنەوە، لە کاتێکدا ئەم جۆرە لە ماسی لەوەتی هەیە خواردنی دەرەوەی ڕووبار ناخوات! بە تایبەتیش هەمان جۆری ماسی لە وڵاتێکیتری دراوسێ ئەم ڕەفتارەیان نیشان نەداوە. دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو ڕووبارەی کە باڵندەکانی لێواری ڕاودەکرێن لەلایەن ماسیە تایبەتەکە، بەشێوەیەکی زۆر خراپ پیس بووە، بەمەش دابینکردنی خۆراکی سروشتی ماسییەکان تێکچووە، چونکە ووردە ماسی گیانلەبەریتری بچووك ساڵانێکە نایەنە ناو ئەم رووبارەوە چونکە بە ماوەیەکی کورت گیان لە دەست دەدەن، بۆیە ئەو ماسیە تایبەتە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی پشت بە سەرچاوە تەقلیدییەکانی بژێوی خۆی ببەستێ، خۆیان گونجاند و ئەو باڵندانەیان کردە ئامانج کە لە نزیک ئاوەکە دەهاتن، بوونە باڵندەخۆر!
ئەم نموونانەی جیهانی ئاژەڵان ڕاستییەکی بنەڕەتی دەخەنە ڕوو: “گونجاندن کلیلی مانەوەیە” تەنانەت لە بەرامبەر تەحەدای گەورەشدا. بەڵام ئەم ململانێ دینامیکییە بۆ مانەوە لە نێو مرۆڤەکانیشدا هەیە، بەڵام زۆرجار بەپێی گروپەکە یان کۆنتێکستەکە بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێت.
بۆ نموونە پارتە سیاسییەکان وەربگرە؛ لە هەندێک حاڵەتدا سەرکردایەتی دەبێتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی ماناداردا. کاتێک سەرکردەکان بەرەنگاری بیرۆکەی “پلانی بی” یان داهێنانێک دەبنەوە، توانای چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان یان ڕزگاربوونیان لە چەقبەستوویی ئیفلیج دەبێت. بیرۆکراسی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعە نوێیەکان دەبنە دوژمنی پێشکەوتن.
لەم ژینگانەدا سەرکردەکان بە هەر نرخێک بێت بە دەسەڵاتەوە دەلکێن و لە بیرۆکەی تازە، وزەی گەنج، یان دەنگی ئەندامانی نوێ، بەتایبەتی گەنجان دەترسن.
کاتێک ئامانجی بزووتنەوەیەکی سیاسی لە داواکردنی دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناو ژیانی ناوخۆی حیزبێك، ئەو دەمی “چەقبەستوویی” حاڵەتی “حیزبی نیوەمردوو نیوە زیندوو” دێتە پێشەوە، هەروەک چۆن ئەو باڵندانەی کە دەبوو ڕێگاکەیان بگۆڕن بۆ دۆزینەوەی خاڵی پشوودانی نوێ، حیزبە سیاسییەکانیش ئەگەر بیانەوێ لە دۆخی ئیفلیجی دەربچن دەبێ خۆیان ڕێگاودەنگیتر هەلبژێرن بۆ “بوون” بە “مانەوە” .
لە سروشتدا مانەوە پەیوەستە بە گونجاندن و دۆزینەوەی ڕێڕەوی تازە و لە سیاسەتیشدا هەمان شت ڕاستە، بەڵام ؛ ڕۆتین، بیرۆکراسی، خراپ بەکارهێنان دەسەڵاتی حیزبی؛ دوژمنی سەرسەختی هێزی گۆڕانکارین، خۆ تازە نەکردنەوە توێکڵ و روخساری ئەم کێشەیەی بەڵام ناوەڕۆکەکەی بریتیە لە بەجێنەهێشتنی دەسەڵاتی حیزبی و سیاسی.
ئەم باڵندانەی کۆچ دەکەن پێشەواکانیان وەکو خویەکی “ستراتیژی مانەوە” ئەلتەرناتیڤ دەدۆزنەوە، پێشەوای حیزب و بزوتنەوە سیاسیە بیرۆکراسیەکان وەکو خویەکی دەروونی چێژ لە پیادەکردنی دەسەڵات، وەکو نیمچە دیکتاتۆریەکی ڕووپۆشکراوی دۆخی وەستاو نەگۆڕ دوژمنی سەرسەختی گۆڕانکارین، ئەوان تەنانەت بەشێکیان لە ووزەو دەنگی تازە دەترسن، لە ئەندامگیری تازە دەترسن، بە تایبەتی لە گەنج دەترسن!
چونکە ئامانجە سەرەکیەکەی بزوتنەوە سیاسیەکە لە وەرگرتنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ووڵات گۆڕێوە بۆ ” هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆم بە هەر نرخێك بێت” لە دۆخێکی وادا ئەم جۆرە لەسەرکردەو مرۆڤی سیاسی ئەبێ زیاتر بیتۆقێنی بەوەی کە ئەم شتانەی ئەو فۆبیای هەیە لێ ی لە چوارد دەوری زیادبکەیت، لە ئەندامگیری تازە دەترسێت، کەشێك دروست بکە کە میکانیزمی ئەندامگیری زیندوو و کارا بێت، لە گەنج دەترسێ ، هەرچوارد دەوری بە زەرورەت بێ زەرورەت پڕ بکە لە گەنج،
مرۆڤی سیاسی درەنگە زوو نیە دەبێ بگەڕێتەوە سەر ئالیەتە زیندووەکانی نوێبوونەوەو و ناچار کردن ، بۆ ئیدارەی ژیان نا بە تەنیا، بەڵکو بۆ گۆڕینی ئاراستەکەشی، چەشنی پێشەوای باڵندە کۆچکەرەکانی ئەمریکای باشوور.
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی