ئازا پرێس
بەگوێرەی زانیارەکانی ئازا پرێس، سوپای تورکیا بە رەزامەندی پارتی رێگایەکی قیرتاو دێنێ بۆ ناوچەی بارزان.
ماوەیەکە سوپای تورکیا لە دیوی خۆیەوە دەستی بە رێگەیەکی سەربازی کردووە، دەیەوێ بیگەێنێتە خودی ناوچەی بارزان، لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگەش رێککەوتووە.
سەرچاوەکانمان ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە پارتی لەوبارەیەوە ئامادەی خۆی نیشانداوە، بۆ ئەوەی تورکیا ئەو رێگایە راکێشێ و لەهەموو بوارێکیشەوە یارمەتی و هاوکاری پێشکەش کردووە، بەتایبەت سەرجەم ئامێرەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی رێگەو بانی خستوونەتە خزمەت.
لەلای خۆشیانەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا باسی لەوە کردووە، کە لەگەڵ هەریەک لە لیوا شێخ بەهزاد لوقمان لە فەرمانداریەتی هێزی بارزان لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها لیوا سالار شێخلی فەرماندە لە هێزی زێرەڤانی و لیوا دلێر فەرزند ئاغا فەرماندە لە هێزەکانی پاراستنی سنوور کۆبوونەتەوە و باسیان لە پاراستنی ئاسایشی سنوور کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش پیلانێکیان پێکەوە داڕشتووە.
دەبێ بگوترێ سوپای تورکیا لە ئێستا رێگەیەکی لە شەمزینانەوە هێناوە تا چیای لێلکان و خواکوڕک، رێگەیەکیش لە رووبارۆکەوە تا بەرمیزەو لەوێشەوە بۆ سیدەکان راکێشاوە، رێگەیەکیتریش لە موسەکانەوە تا شێروان مەزن، هەمانکات رێگەیەکیش لە ئورمارەوە بۆ مام ڕەشۆ و ئاڤەشین و تا سێلکێ، دیسان رێگەیەک لە چەلێ وە تا گەلی باڵندا و چیای کورە ژارۆ لە شێلادزێ، لەگەڵ رێگەیەک لە شرناخەوە تا حەفتانین و لەوێشەوە تا دەگاتە کانی ماسی. رێگەی سەری زێڕی کە هەفتەی رابردوو دۆسیەکی بە درێژی لەسەر بڵاوکرایەوە لە سنوری بەرواری باڵا، ئێستا ئەوە نازانرێ ئایا رێگەی بارزان دواین رێگەی قیرتاوە، سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان رایدەکێشێت، یان هێشتا رێگەی ترماون؟
چاودێران باس لەوە دەکەن پارتی ساڵی ١٩٩٦، سەدامی بە دوو رێگادا هێنایە هەولێر. ساڵی ١٩٩٧ش تورکیای بە یەک رێگە هێنا، بەڵام لە ئێستا تورکیا هەشت رێگەی هێناوە بۆ هەرێمی بادینان لە دەرەوەی رێگەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل. باشە چ لەپشت دروست کردنی ئەو هەموو رێگەوە هەیە، مەبەستی تورکیا دیارە بۆ داگیرکردنە، ئەی باشە مەبەستی پارتی چیە و دەیەوێت لەگەڵ تورکیا چی بکات؟؟؟