دڵشاد هەورامی
بەپێی هەواڵەکان دوێنی ٢٩ی خەرمانان گرووپێکی پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە دەگوترێ سەر بەباڵی رەزا کەعبین، لە بەرزایەکانی سوورێن کە دەکاتە بەرامبەر گوندەکانی پیرانە کۆن، سیاناو و ئەسکۆڵ، لەگەڵ سپای پاسدارانی ئێران دەرگیر دەبن و بەپێی هەواڵە بەرایەکان لەو دەرگیریەدا یەک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە ناوی رێبوار کەریمیان شەهید دەبێ و سێ پێشمەرگەی دیکەش بە ناوەکەنی هێمن مەریوان، مەولوود کامیاران و ئارمان کامیاران بە برینداری دەکەونە دەست سپای پاسداران. هەندێ سەرچاوەی دیکەش دەنگۆی ئەویان بڵاوکردووەتەوە کە ئەو سێ پێشمەرگەیش شەهید کەوتوون. هێشتا ئەوەش روون نەبۆتە ئایا سەرجەم گرووپەکە ئەم چوار کەسە بوونە یان ژمارەیان زیاتر بووە؟
دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، کۆماری ئێسلامی ئێران هەوڵیدا بۆ سەرکوت کردنی سەرهەڵدانەکانی ناوخۆ پەلامار بۆ دەرەوە بدات. لە رێگەی تورکیاوە، هەوڵیداوە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، بەرفراون بکات. هەمانکات هێرشی خۆی بۆ سەر کامپەکانی کۆیە و زەڕگوێز و زەرگوێزەلە، زۆرتر کردوەو و هەوڵی داوە لە رێگەی پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو حیزبانە بێ چەک بکات و لە کەمپی پەنابەراندا ئابلۆقەیان بدات. لە هەنگاوی یەکمدا ساڵی ٢٠٢٢، لە گەرمەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بە تۆپباران کردنی کەمپی دیموکرات لە کۆیە، هەروەها کەمپەکانی زەرگوێز کە پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵە لێی نیشتەجێ بوون، دانیشتوانی ئەو کەمپانەی پەرتەوازە کرد.
ئەم هێرشانە بە ئامانجی چەک کردنی، حزبەکانی رۆژهەڵات بەرێوە دەچێت و لە سەر بنەمای ئەو رێکەوتنەیە کە لە نێوان بەغدا و تاران بەستراوە. لەم بوارەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێ کردنی ئەم رێککەوتنە ئاسانکاری دەکات.
نابێ لە بیربکەین حیزبەکانی رۆژهەڵات( کۆمەڵە و دیموکرات) دوا بە دوای کۆتایی هاتن بە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، کەوتنە نێو بۆشایی سیاسی و ئایدیۆلۆژیەوە. لە هەمانکات ئەو شەڕە ناوخۆییە کە لە نێوان هەردوو حیزبی سەرەکی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو کۆمەڵە و دیموکرات روویدا، قورسایی سیاسی و لەشکری هەردوولای لاواز کرد. پیلانی کەمپ نشین کردنی ئەو حیزبانە، لە رێگەی ج.تاڵەبانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی ئەو حیزبانە، سەرەتا بە نیشتەجێ بوونیان لە قەندیل، دواتر راگواستەنەوەیان بۆ قوولایی خاکی باشوور لە کۆیە و زەرگوێز، ئەوانی لە هێزێکی تۆکمەی پارتیزانی گۆڕی بۆ هێزێکی پەرتەوازە لە بواری سیاسی و سەربازیەوە.
سەرکردایەتی ئەم حیزبانە دوای ساڵی ١٩٩١و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە باشووری کوردستان، لە سەر ناوی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی باشوور، لە شۆڕشی رۆژهەڵات دوور کەتنەوە. ئێستاش دوای ٣٣ ساڵ وەکو پێویست نەیانتوانیوە خۆیان کۆبکەنەوە و خۆیان داوەتە دەستی ئەو بڕیارانەی کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەگیردرێن.
ساڵی ٢٠٠٧ هەڵێک بۆ کۆمەڵە رەخسا کە بە سەرکردایەتی عەبە دلێر، جارێکی دیکە بە پشتگیری پەژاک، لە بناری قەندیل کەمپێک بۆ خۆیان سازکەن. دواتر ساڵی ٢٠١٥ لە بناری هەڵگورد هەردوو حیزبی کۆمەڵە و دیموکرات، کەمپی سەربازیان سازکرد و پێشمەرگەکانیان راگوێزی ئەو هەرێمە کرد. بەڵام نەبوونی دووربینی سیاسی و راشکاو نەبوون لە بڕیارەکان، لە ماوەی ئەم سێ دەهەیەدا، هەردوو هێزی تووشی شەڕی ناوخۆیی و باڵ باڵێنی سیاسی کردووە، کە زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ کێبەرکێ دەسەڵاتی سەرکردەکان، نەک شەڕێک بۆ سازکردنەوەو بونیاد نانەوەی شۆڕش.
ئێستاش بەو گوشارانەی کە لە سەر ئەو هێزانە دروست بووە، بەجێگەی بەلاوەنانی ناکۆکیەکان و گەیشتن بە بڕیارێکی راست، تێگەیشتنێکی قووڵ لە دۆخەکە نییە. کەتوونەتە شوێن قەزاو قەدەر، بە جۆرێ کە سەرکردایەتی لە هەوایێکە و پێشمەرگەش لە هەوایێکی دیکە.
شەڕی سوورێن نیشانیدا، پێشمەرگە ئامادەی پەسەندکردنی کەمپنشنی نییە، بەشوێن بڕیارێکی راستی سەرکردایەتیدا دەگەڕێت. دەبێ بزانین ئەم راگواستەنە بێ هۆ نییە و دەکرێت دوای ئەم کەمپانەی سوورداش، راگوێزی وڵاتی سێهەم بکرێن. وێنەی موجاهیدین کە لە کەمپی ئەشرەف، راگوێزی ئەڵبانیا کران. تەنانەت دەنگۆی ئەو هەیە دوای سوورداش راگوێزی وڵاتی ئازەربایجان بکرێن، دەگوترێ ئەمەش بیرۆکەی ئیسرائیلە تاکو وەک کارتی فشار لەدژی ئێرانیان بەکاربێنێت. پرسەکە ئەوەیە ئایا حزبەکانی کۆمەڵە و دیموکرات و خەبات و… راشکاون لە گەڕانەوە بۆ شاخ و بەردەوامی خەباتی چەکداری یان خۆیان بۆ چەک کردن ئامادە دەکەن؟!!
ئەم وتارە راو و بۆچوونی نووسەر خۆیەتی